فه‌ره‌نسا ئاماده‌یی نیشاندا بۆ هاوكاریكردنی عێراق له‌كه‌رتی ووزه‌دا

شوبات 25, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

 

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٥ی شوبات له ‌كۆشكی ئه‌لیزێ د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆكی كۆماری عێراقی فیدراڵ و ئه‌مانۆیل ماكرۆن ، ‌سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا كۆبوونه‌وه‌ و سه‌باره‌ت به‌ دۆخی سیاسی و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسیه‌کان و هه‌لومه‌رجی ئه‌منی رۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست و جیهان گفتوگۆیانكرد. 

نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ ده‌قی دیداره‌كه‌ی تایبه‌ت بۆ جه‌ماوه‌رنیوزی ناردووه‌ تێداهاتووه‌ د.به‌رهه‌م ساڵح و ماكرۆن باسیان له‌ گرنگی په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كان و چۆنیه‌تی به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و فه‌رەنسا له ‌گشت بواره‌كاندا كرد که‌ زامنی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ردوولا بکات و یارمه‌تیده‌ری عێراقیش بێت بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌کان و ده‌سپێکردنی پرۆسه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌. 

هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا د. به‌رهه‌م ساڵح خواستی عیراقی بۆ به‌‌شداری فه‌ڕه‌نسا له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق و بوژانه‌وه‌ی ژێرخانەکەی ده‌ربڕی و له‌م روه‌شه‌وه‌ جه‌ختی له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش کرده‌وه‌، هاوكات‌ داوای كرد فه‌ره‌نسا هاوكاری عێراق بكات له‌ وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رته‌كانی پیشه‌سازی و نه‌وت و ووزه‌ دا، به‌ تایبه‌ت باسی له‌ پێویستی گه‌شه‌پێدانی توانا سه‌ربازی و ئه‌منیه‌كانی عێراق له‌ لایه‌ن فه‌ره‌نساوه‌ کرد، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا رۆڵی به‌رچاوی فه‌ره‌نسای له ‌هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی تیرۆر و پشتیوانیكردنی عێراق له‌ به‌رنگاربوونه‌وه‌ی داعشدا به‌ گرنگ وه‌سف کرد. 

ماكرۆن ته‌ئکیدی له‌ پێویستی به‌هێرکردنی په‌‌یوه‌ندییه‌کانی عێراق و فه‌ره‌نسا کردەوه‌، هاوکات ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌شی نیشاندا بۆ پێشكه‌شكردنی هاوكاری له‌كه‌رتی ووزه‌ و پیشه‌سازی و نه‌وتدا، راشیگه‌یاند بۆ سه‌قامگیری و ده‌سته‌به‌رکردنی ئاسایش و ئارامی ئاماده‌ی هه‌ماهه‌نگی و کاری هاوبه‌شن له‌گەڵ عیراقدا.