مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالیست ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

سه‌رۆک کۆمار: به‌غدا شوێنى به‌یه‌کگه‌یشتنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌کانه‌ بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ى بیرى توندڕه‌وى و خوڵقاندنى سیستمێکى ئابوورى هاوبه‌ش

ئازار 12, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

 

سه‌رۆک کۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح رۆژى دووشه‌ممه‌ 11-3-2019 له‌ ‌کۆشکى سه‌لام له‌ ‌به‌غدا پێشوازیکرد له‌ سه‌رۆک کۆمارى ئیسلامى ئێران حه‌سه‌ن روحانى و شاندى یاوه‌ری.

له‌ ‌پاش مه‌راسیمى پێشوازى و پشکنینى پاسه‌وانى شه‌ره‌ف و لێدانى مارشى نیشتمانى هه‌ردوو وڵات، سه‌رۆک کۆمارى عێراق خۆشحاڵى خۆى به‌ ‌سه‌ردانى سه‌رۆک کۆمارى ئیسلامى ئێران شاندى یاوه‌رى ده‌ربڕی.

به‌رهه‌م ساڵح و هه‌ردو سه‌رۆک کۆمارى عێراق و ئێران به‌ ئاماده‌بوونى شاندى وه‌زارى هه‌ر دوو وڵات کۆبوونه‌وه‌یه‌کى فراوانیان ئه‌نجامدا و چه‌ندین دۆسێیه‌ى گرنگى جێ بایه‌خییان باس کرد له‌وانه‌ش په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌کان و هه‌ماهه‌نگى ئابووری.

هاوکات هه‌ردوو سه‌رۆک له‌ ‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا گفتوگۆیانکرد له‌ باره‌ى هه‌لومه‌رجى سیاسى و ئه‌منى ناوچه‌که‌ و جیهان و جه‌نگ و مه‌ترسییه‌کانى رێکخراوه‌‌ تیرۆریستیه‌کان، ته‌ئکیدیش له‌ ‌به‌هێزکردنى په‌یوه‌ندییه‌کانى عێراق و ئێران کرایه‌وه‌ له‌ ‌رووى ئه‌منى و سیاسى و بازرگانى که‌ سه‌رجه‌میان له‌ ‌خزمه‌تى به‌رژه‌وه‌ندى هه‌ردوو وڵات به‌تایبه‌تى و گه‌لانى ناوچه‌ به‌گشتى بێت.

سه‌رۆک کۆمارى عێراق جه‌ختى له‌و کرده‌وه‌ که‌ سه‌ردانه‌که‌ى سه‌رۆک روحانى زۆر گرنگه‌ و که‌شێکى گونجاوى بۆ لێکتێگه‌یشتن ره‌خساندوه‌ که‌ ‌خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وندییه‌ هاوبه‌شه‌کان و سه‌قامگیرى له‌ ‌ناوچه‌که‌دا ده‌کات، هه‌روه‌ها ئاماژه‌شى به‌وه‌ ‌کرد که‌ ئاسایشى هاوبه‌شى نێوان هه‌ردوو وڵات و وڵاتانى ناوچه‌که‌ش پێویستى به‌هاریکارى زیاتره‌ له‌ ‌پێناوى ڕێگاگرتن له‌ ‌دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تیرۆر .

له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ سه‌رۆک کۆمار به‌رهه‌م ساڵح، رۆڵى کۆمارى ئیسلامى له‌ پشتیوانیکردنى عێراق له‌ ‌جه‌نگى دژى تیرۆردا به‌رزنرخاند، هاوکات جه‌ختیشى کردوه‌ که‌ سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا زۆر گه‌وره‌ن، به‌ڵام بۆ سه‌رکه‌وتنى یه‌کجاره‌کى پێویسته‌ هزرى تیرۆر و توندوتیژى به‌ ‌ته‌واوى ریشه‌کێش بکرێت له‌ ‌ناوچه‌که‌دا.

سه‌رۆک کۆمار دووپاتى ئه‌وه‌شى کرده‌وه‌ که‌ ‌به‌غدا شوێنى به‌یه‌کگه‌یشتنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌کانه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بیرى توندڕه‌وى و خوڵقاندنى سیسته‌مێکى ئابوورى هاوبه‌ش، هاوکات روونیشى کرده‌وه‌ که‌ ‌عێراق له‌ ‌پاش شکست پێهێنانى داعش له‌ به‌رده‌م دوو پرۆسه‌دایه‌، ئه‌وانیش دووباره‌ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و سه‌قامگیرى سیاسیه‌ له‌وڵاتدا.

له‌لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆک کۆمارى ئیسلامى ئێران سوپاس عێراقى کرد بۆ پێشوازى و میواندارییه‌ گه‌رمه‌ى لێ کراوه‌ و ئاماژه‌شى به‌وه‌ کرد که‌ گفتوگۆکانى له‌گه‌ڵ سه‌رۆک کۆمار به‌رهه‌م ساڵح زۆر باش بوون و جه‌ختیشى کرده‌وه‌ که‌ ‌عێراق رۆڵێکى گرنگ ده‌گێرێت له‌ ‌ناوچه‌که‌دا و ده‌شکرێت رۆڵى گه‌وره‌ترى هه‌بێت له‌ ‌سه‌قامگیرى و ئارامى ئیقلیمیدا.

هه‌روه‌ها سه‌رۆک روحانى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد که‌ ‌هه‌وڵى ته‌واو ده‌ده‌ین بۆ به‌هێزکردنى په‌یوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌کان له‌ ‌بواره‌کانى ئابوورى و بازرگانى و سێکته‌ره‌کانى ووزه‌ و ئاسانکارى بۆ سه‌ردانى زیاره‌تکه‌ران و ئاڵۆگۆڕى بانکى و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌کان له‌گه‌ڵ عێراقدا.