سه‌رۆک کۆمارى عێراق کار بۆ پێکهێنانى سیسته‌مێکى بازرگانى هاوبه‌ش ده‌که‌ین له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌که‌دا

ئازار 14, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


سه‌رۆک کۆمارى عێراق به‌رهه‌م ساڵح ئاماژه‌ى به‌کرانه‌وه‌ى عێراق له‌ بوارى ئابوورى و په‌ره‌پێدانى بازرگانى به‌رووى عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ به‌ تایبه‌تى له‌بواره‌کانى وه‌به‌رهێنان و بازرگانى و پیشه‌سازى و کشوکاڵدا کرد.

سه‌رۆک کۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 14-3-2019 له‌ کۆشکى سه‌لام چاوى که‌وت به‌ وه‌زیرى بازرگانى و وه‌به‌رهێنانى عه‌ره‌بستانى سعودى ماجد قه‌سه‌بى و شاندى یاوری.

له‌ میانى دیداره‌که‌دا سه‌رۆک کۆمار ئاماژه‌ى به‌گرنگى په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵیه‌کانى نێوان عێراق و عه‌ره‌بستانى سعودى و چۆنیه‌تى په‌ره‌پێدانیان کرد، هاوکات تیشکى خسته‌ سه‌ر هه‌وڵه‌کانى عێراق بۆ پێکهێنانى سیسته‌مێکى بازرگانى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م وڵاتانى ناوچه‌که‌، جه‌ختیشى کرده‌وه‌که‌ هۆکارێکیش ده‌بێت بۆ ده‌سته‌به‌رکردنى خۆشگوزه‌رانى و پێشکه‌وتنى گه‌لانى ناوچه‌که‌دا به‌گشتی.

له‌لاى خۆیه‌وه‌ وه‌زیرى سعودى ئاماده‌یى وڵاته‌که‌ى بۆ فراوانکردنى ئاسۆى هاریکارى ئابوورى و کار ئاسانکردنى پرۆسه‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى وئابوورى له‌ ڕێگاى کاراکردن وه‌گه‌ڕخستنى خاڵه‌ سنورییه‌کان بۆ به‌هێزکردنى جوڵه‌ى بازرگانى له‌ نێوان هه‌ردو ووڵاتدا.

شایانى باسه‌ هه‌ر یه‌ک له‌ وه‌زیرى بازرگانى عێراق محه‌مه‌د هاشم عانى و ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسانى وه‌زاره‌ت ئاماده‌ى دیداره‌که‌ بوون.