چواره‌م کۆمپانیاى مۆبایل له‌ عێراق داده‌مه‌زرێنرێت

ئازار 19, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

 

رۆژى دووشه‌ممه‌ 18-3-2019 به‌ سه‌رپه‌رشتى به‌ڕێز (د.عادل عه‌بدولمه‌هدی) سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق و به‌پشتبه‌ستن به‌بڕیارى ژماره‌ 216 ى ساڵى 2018 ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق، ده‌سته‌ى راگه‌یاندن و گه‌یاندن CMC له‌شارى به‌غدا، وۆرکشۆپى گفتۆگۆکردن و راوێژکاریى بۆ رێوشوێنى یاسایى مۆڵه‌تپێدانى چواره‌مین کۆمپانیاى مۆبایلى له‌ عێراق رێکخست.

له‌م ورکشۆپه‌دا هه‌ریه‌ک له‌ به‌ڕێزان ( ئازاد عومه‌ر موسا به‌ڕێوه‌به‌رى دیوان) و (ئومێد محمد سالح) ئه‌ندامى لیژنه‌ى راوێژکارى و وته‌بێژى وه‌زاره‌ت به‌ نوێنه‌رایه‌تى وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنى هه‌رێم به‌شداربوون، هه‌روه‌ها لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى عێراق و بانکه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان و کۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌ره‌کانى ناوخۆیى و بیانى به‌شداربوون.

له‌لایه‌ن (دکتۆر عه‌لى خویلدی) سه‌رۆکى ده‌سته‌ى CMC ئاماژه‌ به‌وه‌کرا له‌ 60% ى رێوشوێنه‌ یاساییه‌کانى مۆڵه‌تدان به‌ چواره‌م کۆمپانیاى ته‌له‌فۆنى مۆبایل ته‌واوبووه‌و له‌م وۆرکشۆپه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر میکانیزمى راگه‌یاندن و مه‌زاتکردنى به‌ئاشکراى مۆڵه‌ته‌که‌ ده‌کرێت و هه‌وڵ ده‌درێت سوود له‌ ئه‌زموونى دامه‌زراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کانى دارایى و گه‌یاندن و راوێژکارى یاسایى وه‌ربگیرێت.

مه‌زاتکردنى مۆڵه‌تى چواره‌م کۆمپانیاى مۆبایل له‌ناوخۆى عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت و له‌ ئێستادا 40 کۆمپانیاى بیانى و وڵاتانى عه‌ره‌بى و ناوخۆیى خۆیان ئاماده‌ده‌که‌ن بۆ بردنه‌وه‌ى مه‌زاته‌که‌و وه‌رگرتنى مۆڵه‌ت.

هه‌روه‌ها جه‌خت له‌وه‌کرایه‌وه‌ ئه‌و کۆمپانیایه‌ى مۆڵه‌تى پێده‌درێت پێویسته‌ نوێترین ته‌کنۆلۆژیاى گه‌یاندن بخاته‌ به‌رده‌ستى به‌کارهێنه‌ران، به‌م شێوه‌یه‌ له‌دواى کۆمپانیاکانى ئاسیاسیڵ و کۆڕه‌ک تیلیکۆم و زین، عێراق ده‌بێته‌ خاوه‌نى چواره‌م کۆمپانیاى خزمه‌تگوزارى ته‌له‌فۆنى مۆبایل.