هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تى عێراق له‌ باره‌ى روداوه‌که‌ى موسڵ، کۆبونه‌وه‌یه‌کى نائاساییان ئه‌نجامدا

ئازار 23, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


هه‌ر سێ سه‌رۆکایه‌تى ، سه‌رۆک به‌رهه‌م ساڵح و سه‌رۆک وه‌زیران د. عادل عه‌بدولمه‌هدى و سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران محه‌مه‌دحه‌لبوسی، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 22-3-2019 له‌ کۆشکى سه‌لام له‌ به‌غدا کۆبوونه‌وه‌یه‌کى نائاساییان ئه‌نجامدا له‌ باره‌ى کاره‌ساتى شارى موسڵ ، که‌ ده‌یان قوربانى بێ تاوانى لێکه‌وته‌وه‌، هاوکات تاوتوێ بارودۆخى شاره‌که‌یان به‌گشتى کرد.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا جه‌خت له‌پشتیوانى رێوشوێن و هه‌نگاوه‌کانى ئه‌مڕۆى سه‌رۆک وه‌زیران د. عادل عه‌بدولمه‌هدى تایبه‌ت به‌ رووداوه‌ دڵته‌زێنه‌که‌ى موسڵ کرایه‌وه‌.

هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تى له‌ سه‌ر زنجیره‌یه‌ک ڕێو شوێنى ئیدارى و ئه‌منى وئابوورى رێکه‌وتن بۆ چاره‌سه‌رکردنى گرفته‌کانى به‌ڕێوه‌بردنى شاره‌که‌، هه‌روه‌هاجه‌ختیان له‌ گرتنه‌به‌رى ڕێوشوێنى یاسایى به‌په‌له‌ بۆ سزادانى که‌ مته‌رخه‌مان و سه‌به‌بکارانى روودانى ئه‌و کاره‌ساته‌ دڵته‌زێنه‌ و چاره‌سه‌رکردن هۆکارى رووداوه‌که‌ و رێگانه‌دان به‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ى کرایه‌وه‌.

له‌ میانى کۆبوونه‌وه‌که‌دا باس له‌ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ى که‌سوکارى قوربانیان و جێبه‌جێکردنى داوا ره‌واکانیان له‌ ڕێگاى پێکهێنانى لێژنه‌یه‌کى په‌یوه‌ست به‌ سێ سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌وه‌ کرا.

هاوکات به‌شداربووانى کۆبوونه‌وه‌که‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى خۆیان ئاراسته‌ى که‌سوکارى قوربانیانى کاره‌ساته‌که‌ کرد و هیواى خێرا چاکبوونه‌وه‌یان بۆ برینداره‌کان خواست.