وه‌زاره‌تى پلاندانان 420 کۆمپانیا و به‌ڵێنده‌ر ده‌خاته‌ لیستى ره‌شه‌وه‌

نیسان 15, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق رایگه‌یاند زیاتر له‌ 36 هه‌زار کۆمپانیا و به‌ڵێنده‌ر له‌ وه‌زاره‌ته‌که‌یان تۆمارکراون و زیاتر له‌ 420یشیان خراونه‌ته‌ لیستى ره‌شه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ عه‌بدولزه‌هره‌ هنداوى وته‌بێژى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق رایگه‌یاند وه‌زاره‌ته‌که‌یان کۆمپانیا و به‌ڵێنده‌ره‌کان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک بنه‌ما و میکانیزمى یاسایى له‌ نێوان 1-10 پله‌دا پۆلێنبه‌ند ده‌کات.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو که‌ تا پێش ساڵى 2009 22 هه‌زار و 515 کۆمپانیا پۆلێنکرابوون، له‌ دواى 2009شه‌وه‌ تا 2018، 12 هه‌زار و 411 کۆمپانیا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى پلاندانانه‌وه‌ پۆلێنکران.

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى پلاندانان روونیشیکرده‌وه‌ که‌ له‌ کۆى ئه‌و کۆمپانیایانه‌ ته‌نیا 28یان وه‌ک "نایاب" تۆمارکراون و چوار هه‌زار و 690 کۆمپانیاش له‌ پله‌ى یه‌که‌مدان. ئاماژه‌شیدا به‌وه‌ى که‌ زۆترین ژماره‌ى کۆمپانیاکان له‌ پله‌ى پێنجه‌مدا پۆلێنکراون که‌ نۆ هه‌زار و 863 کۆمپانیا و به‌ڵێنده‌رن، که‌مترین ژماره‌ش له‌ پله‌ى حه‌وته‌مدایه‌ که‌ 336 کۆمپانیا و به‌ڵێنده‌رن.

عه‌بدولزه‌هره‌ هندواى راشیگه‌یاند وه‌زاره‌تى پلاندانان 426 کۆمپانیا و به‌ڵێنده‌رى عێراقیشى خستووه‌ته‌ ناو لیستى ره‌شه‌وه‌ و هۆکاره‌که‌شى بۆ پابه‌ند نه‌بوونى کۆمپانیا و به‌ڵێنه‌ده‌ره‌کان به‌ رێککه‌وتن و گرێبه‌سته‌کان گه‌ڕانده‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ریشدا 305 کۆمپانیا و به‌ڵێنده‌ریش له‌ لیستى ره‌ش ده‌رهێنران، ئه‌ویش دواى ئه‌وه‌ى ماوه‌ى یاسایى سزادانه‌که‌یان کۆتایى هاتووه‌.

 


ژوورى بازرگانى