په‌نابه‌رێکى عێراقى له‌ لێوارى مه‌رگه‌وه‌ بۆ بوون به‌ پزیشک

نیسان 17, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


په‌نابه‌رێکى عێراقى چیرۆکى په‌نابه‌رێکى عێراقى له‌ به‌له‌مێکى قاچاخى کۆچبه‌رانداو له‌ لێوارى مه‌رگه‌وه‌ بۆ بوون به‌ پزیشک

ماڵپه‌رى هه‌واڵى ده‌یلى مه‌یڵ ، چیرۆکى پڕ نه‌هامه‌تى خێزانێکى عێراقى له‌زارى یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانى ئه‌و خێزانه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ به‌ قاچاخ و به‌به‌له‌م له‌ساڵى 2000 دا ڕوویان له‌ ئوسترالیا کردووه‌ و دواتر و له‌ ئێستادا ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌و خێزانه‌ عێراقییه‌ بووه‌ته‌ پزیشک و خزمه‌ت به‌ کۆمه‌ڵگاى ئوسترالی ده‌کات.

به‌تول، ناوى ئه‌و کچه‌ په‌نابه‌ره‌ عێراقییه‌یه‌ که‌ هه‌ژده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ به‌له‌مێکى قاچاخدا خه‌ریک بوو ژیانى کۆتایى بێت به‌جۆرێک له‌پاش چه‌ند ڕۆژ مانه‌وه‌ له‌و به‌له‌مه‌دا ، ئیتر خۆراک و ئاویان لێده‌بڕێت و به‌له‌مه‌که‌شیان کون ده‌بێت.

به‌تول، له‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا ئه‌وه‌ ده‌گێڕته‌وه‌ که‌ ئه‌وان له‌ خێزانێکى ده‌وڵه‌مه‌ندى شارى به‌سره‌ بوون به‌ڵام له‌ده‌ست ڕژێمى سه‌دام حوسێن هه‌ڵهاتوون و ده‌بوایه‌ به‌ هه‌ژارى له‌ هه‌ردوو ووڵاتى مالیزیا و ئیندۆنیسا بژیانایه‌، هه‌تا ئه‌و کاته‌ى بڕیاریاندا به‌ به‌له‌مێکى قاچاخ ڕوو له‌ ئوسترالیا بکه‌ن. نقومبوونى به‌له‌مى قاچاخ کۆچبه‌ران له‌و ساڵانه‌دا بووبووه‌ هه‌واڵێکى دڵته‌زێنى ڕۆژانه‌ و له‌ یه‌که‌م هه‌وڵى ئه‌وانیشدا به‌له‌مه‌که‌یان تێکده‌شکێ و له‌ دوورگه‌یه‌کى نزیک ئیندۆنیسیا له‌نگه‌ر ده‌گرن که‌ به‌ ووته‌ى به‌تول، ده‌ریاکه‌ پڕ بووه‌ له‌ گیاندارى ترسناکى وه‌ک تیمساح و گیاندارى ئاوى ترى ترسناک. له‌پاش ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیان به‌ که‌سوکاریانه‌وه‌ نامێنێت، خانه‌واده‌ى به‌تول واده‌زانن ئه‌وان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ چونکه‌ نه‌مانى هه‌واڵى ئه‌وان هاوکات بووه‌ له‌گه‌ڵ نقومبوونى به‌له‌مێکى ترى په‌نابه‌ران له‌و کاته‌دا، بۆیه‌ خانه‌واده‌که‌یان ده‌ستیانکردووه‌ به‌ دانانى پرسه‌ بۆیان.

پاشان قاچاخچییه‌کان به‌له‌مێکى تریان بۆده‌هێنن که‌ لێوان لێو بووه‌ له‌ په‌نابه‌رى تر و ئه‌وانیش ناچار ده‌که‌ن که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌له‌مه‌دا بڕۆن.

له‌ پاش ڕوودانى نقومبوونى ده‌یان به‌له‌مى په‌نابه‌ران له‌ پێش گه‌یشتنیان به‌ ئوسترالیا، حکومه‌تى ئوسترالیا ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه‌ بڕیاریداوه‌ له‌سه‌ر گرتن و گێڕانه‌وه‌ى کۆچبه‌رانى ده‌ریایى قاچاخ ، واته‌ له‌ ئێستادا ، هه‌ر که‌سێک بیه‌وێت به‌ قاچاخ و به‌به‌له‌م ڕوو له‌ ئوسترالیا بکات ، ده‌ستگیر ده‌کرێت و ڕه‌وانه‌ى ئه‌و ووڵاته‌ ده‌کرێته‌وه‌ که‌ هه‌وڵى داوه‌ لێوه‌ى بچێت بۆ ئوسترالیا یان ڕه‌وانه‌ى ووڵاتى خۆى ده‌کرێته‌وه‌.

به‌ڵام له‌و ساڵانه‌ى سه‌ره‌تاى 2000 دا ، په‌نابه‌رانى وه‌ک به‌تول، له‌پاش نزیکبوونه‌وه‌یان له‌ سنوره‌ ئاوییه‌کانى ئوسترالیا که‌ ئه‌گه‌ر به‌ختیان هه‌بووایه‌ و نقوم نه‌بوونایه‌ ، له‌لایه‌ن هێزه‌کانى پاسه‌وانى سنورى ئوسترالیاوه‌ ده‌بران بۆ دوورگه‌ى کریسمسى ئه‌و ووڵاته‌.
له‌پاش گه‌یشتنیشیان به‌ ئوسترالیا، به‌تول له‌ساڵى 2001 دا مافى په‌نابه‌رێـتى وه‌رگرتووه‌ و له‌پاش خوێندنى له‌و ووڵاته‌، له‌ ئێستادا پزیشکه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌کى ئه‌و ووڵاته‌. به‌تول، ده‌ڵێت که‌ زۆر خۆشحاڵه‌ به‌وه‌ى که‌ له‌ ئوسترالیا پێشوازى لێکراوه‌ و ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى هه‌بووه‌ ببێت به‌ پزیشک له‌و ووڵاته‌.