به‌هۆى داعشه‌وه‌ 9 گوندى کورد نشین له‌ سنورى شاره‌دێى گوڵاڵه‌ چۆڵ ده‌بن

نیسان 17, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

عومه‌رئاواره‌

بارودۆخى شاره‌دێى گوڵاڵه‌ ڕۆژ له‌ دواى ڕۆژ به‌ ده‌ست چه‌کدارانى داعشه‌وه‌ به‌ره‌و خراپی وناجێگیرى ده‌ڕوات وئه‌ندامێکى پێشووى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دیاله‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت که‌ به‌ هۆى هه‌ڕه‌شه‌کانى داعشه‌وه‌ 9 گوندى کوردنشین له‌ سنورى شارۆچکه‌ى گوڵاڵه‌ چۆڵیان کردووه‌ ودانیشتوانه‌که‌ى ئاواره‌ى ناوچه‌کانى هه‌رێمى کوردستان بونه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ عامر ره‌فعه‌ت ئه‌ندامى پێشووى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دیاله‌ به‌جه‌ماوه‌ر نیوزى ڕاگه‌یاند: جموجۆڵى داعش له‌ ناوچه‌که‌ به‌رده‌وامى هه‌یه‌ وله‌ ئێستادا ده‌چنه‌ نێو شاروشارۆچکه‌کان وخه‌ڵک ده‌ڕفێنن، هه‌ندى عه‌ره‌بى ناوچه‌که‌ش ئه‌و کرده‌وه‌ تیرۆرستیانه‌ى داعشیان قۆستۆته‌وه‌ وئه‌وانیش به‌ ناوه‌ى ئه‌وانه‌وه‌ هه‌ڵده‌کوتنه‌ سه‌ر ماڵ وحاڵى هاوڵاتییان و کارى تیرۆرستى به‌ ناو داعشه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن که‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کانى ناوچه‌که‌ وحه‌شدى شه‌عبیش ئاگادارى ئه‌و کارانه‌ن به‌ڵام ده‌نگیان له‌گه‌ڵدا ناکه‌ن که‌ گومانى ئه‌وه‌ ده‌کرێت له‌ نێوان داعش وحه‌شدى شه‌عبى کۆنتاکێک هه‌بێت له‌ نێوانیاندا بۆ ئه‌وه‌ى کوردى ناوچه‌که‌ بکه‌نه‌ ئامانج وده‌ربه‌ده‌رى وئاواره‌ى بکه‌ن.
وتیشى: به‌ هۆى هه‌ڕه‌شه‌ به‌رده‌وامه‌کانى داعشه‌وه‌ بۆ سه‌ر ماڵ وحاڵى کوردانى دانیشتووى سنورى شاره‌دێى گوڵاڵه‌ 9 گوند به‌ته‌واوه‌تى له‌ دواى 16ى ئوکتۆبه‌ره‌وه‌ چۆڵیان کردووه‌ ودانیشتوانه‌که‌ى ڕوویان له‌ شاره‌کانى هه‌رێمى کوردستان کردووه‌ وهێشتاکه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌رده‌وامه‌ چونکه‌ ئه‌گه‌ر ناوچه‌که‌ به‌جێ نه‌هێڵن ئه‌وا له‌ لایه‌ن تیرۆرستانه‌وه‌ ده‌کرێنه‌ ئامانج وتیرۆر ده‌کرێن.

ڕاشیگه‌یاند: له‌ ئێستادا داعش ڕۆژانه‌ هه‌ڵده‌کوتێته‌ سه‌ر گونده‌کانى سنورى شاره‌دێى گوڵاڵه‌ وهه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆرکردن له‌ کاربه‌ده‌ستانى ده‌که‌ن ، به‌ تایبه‌ت موختاره‌کانى ،که‌ له‌ ماوه‌ى ڕابردوودا چونه‌ته‌ سه‌ر یه‌کێک له‌ گونده‌کان وهه‌ڕه‌شه‌ى کوشتنیان له‌ موختاره‌که‌ى کردووه‌ وکه‌سیش به‌ هانایانه‌وه‌ ناچێت تاکو به‌رگریان لێبکات ،چونکه‌ ئیداره‌ى شاره‌دییه‌که‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان ناتواتن پاسه‌وانى دانیشتوانى ناوچه‌که‌ بکه‌ن بۆیه‌ داعش ئه‌و هه‌له‌ى قۆستۆته‌وه‌ وبه‌ ئاره‌زوى خۆى ئه‌وه‌ى بییه‌وێت ئه‌نجامى ده‌دات
وتیشى: له‌ دواى 16ى ئوکتۆبه‌ره‌وه‌ بۆشاییه‌کى ئه‌منى به‌رفراوان له‌ ناوچه‌که‌ دروست بووه‌ وهێزه‌ ئه‌منییه‌ عێراقییه‌کانیش ناتوانن به‌ ته‌واوه‌تى کۆنترۆڵى بکه‌ن وپڕى بکه‌نه‌وه‌ مه‌گه‌ر هێزى پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌که‌ وکونترۆڵى بکات که‌ عه‌ره‌بى ره‌سه‌نى ناوچه‌که‌ش له‌ گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستانن نه‌ک عه‌ره‌به‌ هاورده‌کان که‌ له‌ دواى 16 ى ئوکتۆبه‌ره‌وه‌ حه‌شدى شه‌عبى ژماره‌یه‌کى زۆرى هێناوه‌ بۆ سنورى شاره‌دێى گوڵاڵه‌، ئه‌و عه‌ره‌به‌ ڕه‌سه‌نانه‌ پێیان باشه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ به‌رگریان لێبکات نه‌ک سوپاى عێراق وحه‌شدى شه‌عبى چونکه‌ ئه‌وان ئه‌وه‌نده‌ له‌ حه‌شدى شه‌عبى ده‌ترسن ئه‌وه‌نده‌ له‌ داعش ناترسن.

ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌کرد که‌له‌ئێستا عه‌ره‌بى ناوچه‌که‌و حه‌شدى شه‌عبیش له‌ گه‌لًیان هه‌موو هه‌وڵێکیان خستۆته‌ گڕ بۆ ئه‌وه‌ى نه‌هێڵن هێزى پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌که‌ ، چونکه‌ ئه‌وان ده‌زانن که‌ پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌که‌ بارودۆخه‌که‌ کۆنترۆڵ ده‌کات وئه‌وانیش ئیتر ناتوانن له‌ گه‌ڵ داعش کارى تیرۆرستى دژ به‌ هاوڵاتییانى ناوچه‌که‌ ئه‌نجام بده‌ن.

هاوڵاتییه‌کى دانیشتووى ناوچه‌که‌ که‌ له‌ به‌ر حاڵه‌تى ئه‌منى نه‌یویست ناوى ئاشکرا بکرێت به‌ جه‌ماوه‌ر نیوزى ڕاگه‌یاند: ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ ى که‌ له‌وێن له‌ رۆژدا ده‌بنه‌ حه‌شدى شه‌عبى وبه‌ شه‌ویش ده‌بنه‌ داعش وهه‌رخۆیانن له‌ دوو به‌رگدا کارى تیرۆرستى ئه‌نجام ده‌ده‌ن ، ئه‌وه‌ى له‌ رۆژدا به‌ ناوى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ نه‌توانن ئه‌نجامى بده‌ن به‌ شه‌و به‌ ناوى داعشه‌وه‌ ئه‌نجامى ده‌ده‌ن وهه‌موو ئامانجه‌که‌شیان کورده‌ .

وتیشى: هه‌ر کوردێک له‌ ناوچه‌که‌ کۆچ بکات به‌ره‌و شاره‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌ دواى خۆى ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ ده‌ست به‌ سه‌ر سه‌روه‌ت وسامانیدا ده‌گرن وهه‌رکه‌سێکیش به‌رگرى له‌ کورد بکات وه‌کو ئه‌و مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن وله‌و ڕووه‌وه‌ش ئیداره‌ى شاره‌دییه‌که‌ هه‌موو زانیارییه‌کى لایه‌ به‌ڵام ناویه‌رێت ده‌نگ بکات .

به‌ پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى که‌ ده‌ست جه‌ماوه‌ر نیوز که‌وتوون له‌ ئێستا زیاتر له‌ سێ هه‌زار چه‌کدار هه‌ن له‌ ناوچه‌که‌ هه‌ندێکیان حه‌شدیش نین وبه‌رگى حه‌شدییان له‌ به‌ردایه‌ و ژماره‌یه‌کیشیان وه‌کو داعش خۆیان ده‌خه‌ ڕوو وله‌ ناوچه‌که‌ جرت وفرتیانه‌ وکه‌س ناتوانێت ڕێگریان لێبکات وپێیان بڵێت ئێووه‌ کێن وبۆچى وا ده‌که‌ن.