سه‌رۆک کۆمارى عێراق داوا له‌"یۆنسکۆ" ده‌کات ئاسه‌واره‌کانى بابل له‌ لیستى شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌کانى جیهاندا تۆمار بکرێت

نیسان 30, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌ په‌یوه‌ندییه‌کى ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى "یۆنسکۆ" سه‌رۆک کۆمار داواى کرد ئاسه‌واره‌کانى بابل له‌ لیستى شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌کانى جیهاندا تۆمار بکرێت

سه‌رۆک کۆمارى عێراق د. به‌رهه‌م ساڵح له‌ په‌یوه‌ندییه‌کى ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى رێکخراوى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بۆ په‌روه‌رده‌ و زانست و رۆشنبیرى (یۆنسکۆ) خاتووه‌ ئودرى ئه‌زولای، رێککه‌وتن له‌ باره‌ى کۆکردنه‌وه‌ى پشتگیرى بۆ داواى عێراق له‌ سه‌ر دۆسێى تۆمارکردنى ئاسه‌واره‌کانى بابل له‌ لیستى شوێنه‌واره‌کانى جێهانیدا.

هاوکات سه‌رۆک کۆمار به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌وڵه‌کانى به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى وڵاتانى ئه‌ندام له‌ لیژنه‌ى تایبه‌ت به‌و دۆسێه‌ و وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى و پارێزگارى بابل له‌و باره‌یه‌وه‌.

سه‌رۆک کۆمار له‌گه‌ڵ خاتوو ئه‌زولاى باسى له‌ رۆڵى (یۆنسکۆ) کرد له‌ پرۆسه‌ى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى موسڵ، به‌تایبه‌تى شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌کانى شاره‌که‌، هاوکات رۆڵى (یۆنسکۆ)ى له‌ پشتیوانیکردنى داواکه‌ى عێراق بۆ تۆمارکردنى ئاسه‌وار و ناوچه‌ مێژووییه‌کانى له‌ لیستى شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌کانى جیهاندا به‌رزنرخاند.

هه‌روه‌ها بانگهێشتى خاتوو ئه‌زولاى کرد بۆ سه‌ردانکردنى عێراق، لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى یۆنسکۆ خۆشحاڵى خۆى به‌و بانگهێشتنامه‌یه‌ى سه‌رۆک کۆمار ده‌ربڕى و به‌ڵێنى دا که‌ داواکه‌ جێ به‌جێ بکات، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ پشتیوانیکردنى رێکخراوى (یۆنسکۆ) له‌ عێراق کرده‌وه‌ بۆ تۆمارکردنى له‌ لیستى شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌کانى جیهاندا، هاوکات باسى رۆڵى رێکخراوه‌که‌ى له‌ پرۆسه‌ى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى ئه‌و شارانه‌ کرد که‌ دووچارى وێرانکردن بوون له‌ سه‌ر ده‌ستى تیرۆریستانى داعش.