Error: No articles to display

عادل عه‌بدولمه‌هدى ماڵپه‌ڕێک ده‌کاته‌وه‌ بۆ خۆکاندیدکردنى شاره‌زایان بۆ پـۆستى وه‌زارى له‌حکومه‌تدا

تشرینی یەکەم 09, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى ڕاسپـێردراو بۆ پـێکهێنانى حکومه‌تى نوێى عێراق ماڵپه‌ڕێکى کرده‌وه‌ تاوه‌کو عێراقیـیه‌کان له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ بتوانن خۆیان کاندیدبکه‌ن بۆ پـۆستى وه‌زارى له‌ حکومه‌تى فیدراڵدا.

ئه‌مه‌ یه‌که‌م جاره‌ له‌ مێژووى عێراق که‌سایه‌تیـیه‌ک بۆ پـۆستى سه‌رۆک وه‌زیر ده‌سـتنیشانبکرێت و هه‌وڵ بدات به‌م ڕێگه‌یه‌ که‌سانى گونجاو بۆ کابینه‌تى حکومه‌ته‌که‌ى هه‌ڵبژێرێت.

عه‌بدولمه‌هدى له‌ ڕێگه‌ى فه‌یسبوکه‌که‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاند، هه‌ر که‌سێک خۆى به‌ شاره‌زا و پـسپۆێ‌ و خاوه‌ن ئه‌زمون ده‌زانێت و خوازیاره‌ خۆى بۆ پـۆستى وه‌زارى کاندید بکات ده‌توانێت له‌ ڕێگه‌ى ماڵپه‌ڕى https://iraqcabinet2018.com/
ناوى خۆى تۆماربکات و باس له‌ تواناکانى بکات و بیسه‌لمێنێت مه‌رجه‌ ده‌ستوریـیه‌کانى تێدایه‌. هه‌روه‌ها نووسیویه‌تى له‌ 8 ى به‌یانى ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌وه‌ هه‌تا 4 ى پاش نیوه‌ڕۆى پـێنج شه‌ممه‌ى ڕێکه‌وتى 11 ى مانگى ده‌ ماڵپه‌ڕه‌که‌ کراوه‌ ده‌بێت.


ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش کردووه‌ بۆ ئه‌نجامدانى ئه‌م پـرۆسه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ ڕاوێژکردن به‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان، به‌ تایبه‌تى به‌رپـرسى قه‌واره‌کانى نێو په‌رله‌مان.

به‌پـێى ماده‌ى 76 ى ده‌ستورى عێراق ئه‌و که‌سایه‌تیـیه‌ى بۆ پـێکهێنانى حکومه‌تى نوێ ڕاده‌سپـێردرێت ده‌بێت له‌ ماوه‌ى 30 ڕۆژ له‌ ڕاسپاردنه‌که‌ى له‌لایه‌ن سه‌رۆک کۆماره‌وه‌ وه‌زیرانى حکومه‌تى نوێ ده‌سـتنیشانبکات. به‌مه‌ش عادل عه‌بدولمه‌هدى که‌ له‌ 2 ى مانگى ده‌وه‌ له‌ لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆکى نوێى عێراق بۆ ئه‌م ئه‌رکه‌ ڕاسپـێردرا، ده‌بێت هه‌تا 1 ى مانگى یازده‌ وه‌زیرانى حکومه‌ته‌که‌ى ده‌ستنیشانکردبێت، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا ده‌بێت سه‌رۆک کۆمار که‌سایه‌تیـیه‌کى دیکه‌ بۆ ئه‌م ئه‌رکه‌ ڕاسپـێرێت.