Error: No articles to display

تائێستا 3331 ئێزیدی له‌ ده‌ست داعش ڕزگار کراوه‌

تشرینی دووەم 18, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ساڵانە راپۆرتی تایبەتی خۆی لەسەر رەوشی پێکهاتە ئایینیە جیاوازەکان لە جیهان لەوانەش عێراق بڵاو دەکاتەوە، لە مانگی تەمموزی ئەم ساڵیش راپۆرتێکی خۆی لەو بوارەوە بڵاوکردەوە کە هەرێمی کوردستان و عێراقیش دەگرێتەوە. لەم راپۆرتەدا بە شێوەیەکی زۆر ئەرێنی باس لە رۆڵ و چالاکیەکانی حکومەتی هەرێم کراوە لە هاوکاری کردنی کەمایەتییە ئاینیەکان، پارێزگاری کردن لە ئاسایشیان لە کاتی بۆنە ئاینییەکانیاندا، درووستکردنی قوتابخانەی تایبەت بە کەمایەتییەکان، دروستکردنی کڵێسا و مەزارگەی تایبەت پێیان لە تەواوی راپۆرتەکەدا زۆر بە وردی هەموو ئەو کارانەی حکومەتی هەرێم بۆ کریستیانەکان، ئێزیدیەکان و کەمایەتییە ئاینیەکانی دیکەی کردووە خراوەتە روو کە ئەمە رۆڵێکی ئەرێنی دەبێت لەسەرپێگەی حکومەتی هەرێم لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا.
د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان به‌ جه‌ماوه‌رنیوزی رایگەیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی جددی داوە بۆ پاراستنی مافە پێکهاتە ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەییەکانی کوردستان و ئەم هەوڵەشی لە رەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان بە روونی رەنگی داوەتەوە وەک لە مادده‌ى (٦)ى ڕه‌شنوسى ده‌ستورى هه‌رێمى کوردستان هاتووه‌، هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٧ بە بڕیاری ژمارە (١١)ی پەرلەمانی کوردستان ناوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامیی گۆڕا بۆ وەزارەتی ئەقاف و کاروباری ئایینی.
زێباری باسی لەوەش کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵەیەکی یەکسان لەگەڵ پێکهاتەکان دەکات لە گشت بوارەکاندا و وەکو پێویست هاوکاری کردوون وەک بوارەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، تەندروستی.
زێباری ئاماژەی بە رەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان کرد کە بە روونی مافی پێکهاتەکانی تێدا پارێزراوە و لەم بارەوە وتی: لە رەشنووسی دەستووری هەرێمدا مافی پێکهاتەکان بە روونی رەنگی داوەتەوە وەک لە ماددەی (٦)ى ڕه‌شنوسى ده‌ستورى هه‌رێمى کوردستان هاتووه‌، گه‌لى هه‌رێمى کوردستان پێکهاتووه‌ له‌ کورد، تورکمان، عه‌ره‌ب، کلدان، سریان، ئاشورى، ئه‌رمه‌ن و هاوڵاتیانى دیکه‌ى هه‌رێمى کوردستان، واتە پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە، وەک کەمایەتی سەیر نەکراون، بەڵکو بە پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردستانی دانراون، هەروەها لە ماددەی (٧)ی رەشنووسەکەدا هاتووە: ئەم دەستوورە دووپات دەکاتەوە کە ئیسلام ناسنامەی راستەقینەی زۆرینەی گەلی کوردستانە و پرەنسیپەکانی شەریعەتی ئیسلام یەکێکن لە سەرچاوە سەرەکییەکانی بڕیاردان، هەروەها گشتی مافی ئایینیی کریستیان و ئێزیدییەکان و ئەوانی تر زامن دەکات لە ئازادی بیروباوەڕ و ئەنجامدانی چالاکییە ئایینییەکان .
د. دیندار زێباری ئاماژەی بە ھەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی ھەرێم بۆ نەھێشتنی ھیچ جۆرە رەگەزپەرستییەک لە نێوان پێکھاتەکانی کوردستان و وتی: بۆ رێزگرتن لە پەیڕەوانی ئایینەکانی تر لە ساڵی ٢٠٠٧ بە بڕیاری ژمارە (١١)ی پەرلەمانی کوردستان ناوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامیی گۆڕا بۆ وەزارەتی ئەقاف و کاروباری ئایینی ئەمەش بە ھۆی بوونی پێرەوانی ئایینەکانی دیکە لە کوردستان جگە لە موسڵمانان و ئاماژەیەکە روونە بۆ ئەوەی وەزارەتی ئەوقاف تەنیا تایبەت نییە بە ئایینی زۆرینەی خەڵکی کوردستان، بەڵکو پێکھاتە ئایینی و مەزھەبی و نەتەوەییەکانی دیکەشی لەبەرچاو گرتووە. پێشتر لە وەزارەت تەنیا لە سێ بەش پێکھاتبوو کە موسڵمان،کریستیان و ئێزیدی کە بەڕێوەبەرایەتی گشتییان ھەبوو، بەڵام ئێستا (٨) ئایین و ئایینزا نوێنەرایەتییان هەیە لە وەزارەتی ئەوقاف و بە پاڵپشتی و هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەبێ جیاوازی ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن و پێڕەوانی ئەم ئایینانە بە ئازادی سرووتە ئایینییەکان لە پەرستگاکانی تایبەت بە خۆیان ئەنجام دەدەن و لایەنە پەیوەندیدارەکان پارێزگارییان دەکەن.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی راگەیاند کە حکومه‌تی هه‌رێم لێژنه‌یه‌کی دامه‌زراندووه‌ که‌پێکهاتووه‌ له‌ نوێنه‌رانی وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوه‌کان، کارو کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ و نوێنه‌ری یاساناسی ئێزیدییه‌کان پێکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێکی تر. ئه‌رکی سه‌ره‌کی ئه‌م لێژنه‌یه‌ کۆکردنه‌وه‌ی زۆرترین به‌ڵگه‌ و دوکیۆمنته‌ له‌سه‌ر تاوانه‌کانی داعش و تا ئێستا به‌ هه‌زاران به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر ئه‌م تاوانه‌ کۆکراونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین لێژنه‌ی لاوه‌کی دامه‌زراوه‌ له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان بۆ ئه‌وه‌ی کاریگه‌ریی زۆریان هه‌بێت له‌ ناساندنی ئه‌م که‌یسه‌ وه‌ک جینۆساید. هه‌روه‌ها چه‌ند لێژنه‌یه‌کی تری لاوه‌کی دامه‌زراون له‌ ئه‌مریکا، فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵه‌ندا، یه‌کێتی ئه‌وروپا و ده‌ستیان به‌ کاره‌کانیان کردووه‌. به‌م میکانیزمه‌وه‌ حکومه‌تی هه‌رێم له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ رێکاره‌ یاساییه‌کان بگرێته‌ به‌ر بۆ تۆمارکردنی ئه‌م داواکارییه‌ و پێشکه‌ش کردنی به‌ڵگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان بۆ دادگای باڵای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ لاهای.
د. دیندار زێباری هێمای بۆ ئه‌وه‌ کرد لە رووداوەکانی دوای هێرشی داعش بۆ سەر کوردستان کرد و گوتی: دوای کۆنتڕۆڵکردنی شاری موسڵ و چەند ناوچەیەکی کوردستان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بە سەدان هەزار ئێزیدی، کریستیان، کاکەیی و پێکهاتەکانی دیکە ئاوارە بوون و روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، هەروەها ژمارەیەکی زۆری کوردانی ئێزیدی لەلایەن تیرۆریستانەوە رفێندران، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 25/11/2014 لێژنەیەکی دامەزراند بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە کەیسی ئێزیدییە رفێندراوەکان و بودجەیەکی تایبەتی تەرخان کردووە بۆ رزگارکردنیان، دوای گەڕانەوەشیان حکومەت هەموو ئامادەکارییەک دەکات بۆ حەواندنەوەیان ودووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگا. لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی حکومەتی هەرێم توانراوە ژمارەیەکی زۆر لە رفێندراوەکان ئازاد بکرێن.
شایەنی باسە بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ئێزیدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ژمارەی ئافرەتە رفێنردراوەکان تا رێکەوتی 10/10/2018 ئاماری رزگار کراوەکان بەم شێوەیە بووە: بەر لە هاتنی داعش ژمارەی ئێزیدییەکان لە عێراق نزیکەی (550000) پێنج سەد و پەنجا هەزار کەس بووە، لە ئەنجامی داگیرکردنی ناوچەکانیان لە لایەن داعشەوە نزیکەی ( 360000) سێ سەد و شەست هەزاریان ئاوارە بوون و (1293)یان شەهید بوون، (6417) هاووڵاتی کوردی ئێزیدی رفێندراون لەوانە ( 3547)یان ئافرەت و (2870)یان پیاو بوون.بە هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەت ژمارەی ئێزیدییە رزگارکراوەکان (3331) بووە لەوانە (1159) ئافرەت و (337) پیاو و (960) کچ و (875) کوڕ رزگار کراون، ئەوانەی تا ئێستا رزگار نەکراون ژمارەیان (3325) کەسە لەوانە (1597) ئافرەت و (1728) پیاون کە لە دەست داعشدا ماون.