Error: No articles to display

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌

تشرینی دووەم 18, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز
دوا بەدوای دەنگۆی بڵاوبونەوەی داخستنی به‌شه‌کانی زانسته‌ ئیسلامییه‌کان، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بە پێویستی دەزانێت چەند ڕاستییەک بۆ ڕای گشتی ڕون بکاتەوە.
1. بۆ بەرزکردنەوەی کواڵێتی خوێندن وەزارەتەکەمان کۆمه‌ڵێک هه‌نگاوی گرنگی ناوه‌، به‌شێک له‌و هه‌نگاوانه‌ بریتی بون له‌ داخستنی خوێندنی ئێواران، بۆیه‌ بۆ ئه‌مساڵی خوێندن (438) به‌شی زانستی له‌ زانکۆ حکومیه‌کان داخران، داخستنی خوێندنی ئیسلامی ئێوارانیش هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یدایه‌، لە بەرامبەریشدا چەندین هەنگاوی جێگرەوەی باشتری ناوە، بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر خوێندن بۆ ئارەزومەندانی خوێندنی زانستە ئیسلامییەکان لە کوردستان.
2. هیچ به‌شێکی زانسته‌ ئیسلامییه‌کان لە سەرتاسەری کوردستان دانه‌خراوە، بەڵکو ته‌نیا خوێندنی ئێواران لە دهۆک و ئاکرێ کە پێشتر بە پاراڵێڵ بوە، ئه‌وه‌ش گواستراوەتەوە بۆ بەیانیان، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی خوێندنی ئێواران بوە لە زانکۆ حکومیه‌کان وه‌ک له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ئاماژه‌مان پێدا.
3. له‌ زانکۆکانی کوردستان (2)کۆلێژی تایبه‌ت به‌ زانسته‌ ئیسلامییه‌کان له‌ زانکۆی سه‌ڵاحه‌ددین و زانکۆی سلێمانی هه‌ن و، هه‌ر یه‌که‌یان چوار به‌ش له‌خۆده‌گرن: (شه‌ریعه‌، خوێندنی ئیسلامی، په‌روه‌رده‌ی ئاینیی، بنه‌ماکانی ئایین)، هه‌روه‌ها به‌شی بنه‌ماکانی ئایین له‌ زانکۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌شی په‌روه‌رده‌ی ئاینیی له‌ زانکۆکانی (کۆیه‌، ئاکرێ، دهۆک و زاخۆ )هه‌یه‌ و هیچ بڕیاڕێکی داخستنیان نییه‌.
4. بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ ئارەزومەندان، ‌وه‌زاره‌ت بۆ ساڵی خوێندنى ( 2018-2019) دوو جار ده‌رگای پێشکەشکردنی وەڕگرتنی ڕاسته‌وخۆی بۆ به‌شه‌کانی زانسته‌ ئیسلامییه‌کان لە زانکۆ حکومییەکان کردۆته‌وه‌, ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو دەرفەتە بۆ هیچ پسپۆڕیه‌کی دیکە نه‌کراوه.
5. ساڵانی ڕابردوو هه‌رکه‌س بڕوانامه‌ی یەسکانکردنى بڕوانامەى و دبلۆمی لە زانستە ئیسلامییەکان هه‌بووایه‌ مافی وه‌رگرتنی له‌ به‌شه‌کانی زانسته‌ ئیسلامییه‌کان نەبو, به‌ڵام وه‌زاره‌ت ئه‌م ساڵ ئاسانکاریه‌کی کردووه‌ و ئه‌وانیش مافی پێشکەشکرنیان بۆ زانکۆ حکومییه‌کان هه‌یه‌، ئەوەش دەرفەتى خوێندنی بۆ بەشێکى زۆر لە وتارخوێنان و ئارەزومەندانی زانستە ئیسلامییەکان ڕەخساندوە.
6. ئه‌م ساڵ وه‌زاره‌تەکەمان ڕەزامەندی لەسەر کردنەوەی دوو کۆلێژی زانکۆیی تایبەتى داوە، ئەوانیش (کۆلێژی زانکۆیی قه‌ڵا لە هەولێر) و (کۆلێژی زانکۆیی گۆیژه‌ لە سلێمانی) یە، که‌ هه‌ر یه‌که‌یان دوو به‌شی تایبه‌ت به‌ زانسته‌ ئیسلامییه‌کانیان تێدایه‌ ئەوانیش بەشەکانى(په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی و به‌راوردکاری ئاینه‌کان)، کە ساڵانى ڕابردو هیچ بەشێکى زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆ تایبەتیەکان نەبوە.
7. سه‌باره‌ت به‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ی که‌ ئه‌م بابه‌تانه‌یان بۆ موزاده‌ی سیاسی به‌کارهێناوه و‌، به‌یاننامه‌یان بڵاوکردۆته‌وه‌، باشتر بوو وردتر بونایه‌ له‌ ده‌رکردنی به‌یاننامه‌ و ناکرێ بڵاوکراوه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاری هه‌ڵه‌ و ناڕاست ده‌ربکه‌ن، به‌ڵکو باشتر بوو بۆ گه‌یشتن به‌ ڕاستیه‌کان په‌یوه‌ندیان به‌ وه‌زاره‌ته‌که‌مانه‌وه‌ بکردایه‌، بۆیه‌ پێویست به‌وه‌ ناکات ئه‌و لایه‌نانه‌ ئیسلام بۆ خۆیان قۆرخ بکه‌ن، چونکه‌ ئێمه‌ وه‌ک لایه‌نی په‌روه‌رده‌یی و زانستی خۆمان به‌به‌رپرسیار ده‌زانین و پڕۆژه‌مانیش هه‌بوه‌ و هه‌یه‌ بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی بیری میانڕه‌وی، له‌به‌رئه‌وه‌ پێویست به‌وه‌ ناکات ئه‌م لایه‌نه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ش هاوشێوه‌ی لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی ژیان به‌سیاسی بکه‌ن، چونکه‌وه‌زاره‌ته‌که‌مان وه‌ک لایه‌نی ئه‌کادیمی و زانستی به‌ده‌ر له‌ بیرکردنه‌وه‌ی سیاسی کاری خۆی کردوه‌ و، هه‌موو هه‌وڵه‌کانیشی بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی زانکۆکان و ده‌رچوانه‌، بۆیه‌ دور و نزیک په‌یوه‌ندی به‌بابه‌تی سیاسیه‌وه‌ نیه‌.