Error: No articles to display

ساڵڕۆژی شه‌هیدبونی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ عه‌تا محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود

تشرینی دووەم 26, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز
رۆژى 26 ى تشرینى دووه‌مى 2018 ساڵرۆژى شه‌هیدبوونى شه‌هیدى سه‌رکرده‌ عه‌تا محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود ه‌ که‌چوارساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌رۆژێکى وه‌ک ئه‌مڕۆدا له‌پێناو پاراستنى خاکى پیرۆزى کوردستان له‌ ته‌لوه‌رد چووه‌ کاروانى نه‌مرانه‌وه‌ .

چوارساڵ تێپه‌ڕده‌بێت به‌سه‌ر شه‌هید کردنى شه‌هیدى سه‌رکرده‌ (عه‌تا محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود) ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان که‌له‌ 26ى تشرینى دووه‌مى 2014،دواى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ باوکى له‌ سه‌نگه‌ره‌کانى به‌رگرى له‌ نیشتمان له‌ گوندى ته‌لوه‌ردى باشورى شارى که‌رکوک دژى تیرۆرستانى داعش شه‌ڕده‌کات له‌ هه‌ڵمه‌تى ئازادکردنى ئه‌و ناوچه‌یه‌دا (شه‌هید عه‌تا محه‌مه‌د) ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى (حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان) به‌سه‌ختى بریندارده‌بێت و دواتر شه‌هید ده‌بێت و ده‌چێته‌ کاروانى نه‌مرانه‌وه‌.
شه‌هیدى سه‌رکرده‌ (عه‌تا محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود ) کوڕى گه‌وه‌رى به‌ڕێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حموده‌ ، له‌ساڵى 1979 له‌ پاڕه‌زان له‌ خێزانێکى نیشتمان په‌ره‌وه‌ر له‌ دایک بووه‌ ، به‌ هۆى نیشتمانپه‌روه‌رى بنه‌ماڵه‌که‌یان هه‌میشه‌ ڕووبه‌روى نه‌هامه‌تى و ڕاوه‌دونان بونه‌ته‌وه‌ وله‌لایه‌ن ده‌زگا داپڵۆسه‌ره‌کانى ڕژێمى به‌عسه‌وه‌ به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ ئازارى خۆى خۆشک و براکانى دراوه‌ .
شه‌هید عه‌تا ئه‌و کات که‌ ته‌مه‌نى ته‌نها 15 ڕۆژ ده‌بێت له‌گه‌ڵ دایکیدا له‌ ئۆپراسیۆنێکى فراواندا به‌ پاڵپشتى فرۆکه‌ و تانک له‌لایه‌ن ڕژێمى به‌عسه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌کرێن و به‌ کۆرپه‌یى له‌ زیندان گه‌وره‌ ده‌بێت و هه‌ر له‌ زیندان ده‌که‌وێته‌ سه‌ر پێکانى و زمانده‌گرێت ،له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ته‌نها کوڕى محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود بووه‌ و باوکى یه‌کێک بووه‌ له‌سه‌رکرده‌وه‌ فه‌رمانده‌و پێشمه‌رگه‌ چاو نه‌ترس و کۆڵنه‌ده‌ره‌کانى کوردستان .
دواتر ئاواره‌ى ئێران بوون له‌یه‌کێک له‌ئۆردوگانه‌کان نیشته‌جى بوون ، سه‌رکه‌وتوانه‌ قۆناغه‌کانى خوێندنى سه‌ره‌تایى و ناوه‌ندى و ئاماده‌ییى له‌ ئێران ته‌واو ده‌کات شاره‌زاییه‌کى باشى هه‌بووه‌ له‌ زمانه‌کانى فارسى و ئینگلیزى و سویدى و عه‌ره‌بى ، له‌ زانکۆى جیهان خوێنداکارى قۆناغى سێى کۆلێژى کار بووه‌
شه‌هیدى سه‌رکرده‌ (عه‌تا محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود ) که‌سێکى هێمن و له‌ سه‌رخۆ بوه‌و خۆشه‌ویستى که‌س و کارو هاوڕى و بنه‌ماڵه‌که‌یان بووه‌ و هه‌میشه‌ جێگاى متمانه‌ى هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رانى بووه‌ .
له‌ کۆنگره‌ى (چواره‌م و پێنجه‌م وشه‌شه‌م ) بووه‌ته‌ ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان چه‌ندین پله‌ى جۆراو جۆرى پێبه‌خشراوه‌و توانیویه‌تى سه‌رکه‌وتوانه‌ کاره‌کانى ئه‌نجام بدات دواپله‌شه‌ى به‌رپرسى ده‌زگاى چاودێرى و به‌دوادا چوون بووه‌
له‌ گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى مه‌ترسیه‌کانى داعش بۆ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ هێزێکى پیشمه‌رگه‌ى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان چۆته‌ سه‌نگه‌ره‌کانى به‌رگرى له‌محیوه‌رى که‌رکوک و له‌ تللوه‌رد جێگیر بووه‌و به‌شدارى سه‌رجه‌م ڕوو به‌ڕوبونه‌وه‌کانى کردووه‌
شه‌هیدى سه‌رکرده‌ (عه‌تا محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود ) سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى کورى به‌ڕێز سکرتێرى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان بووه‌ هه‌میشه‌ له‌ ناو هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌دا بووه‌ به‌ڵام خۆنه‌ویستانه‌ به‌ به‌رده‌وامى له‌ گه‌ڵ خه‌مه‌کانى پێشمه‌رگه‌دا بووه‌و هه‌میشه‌ له‌سه‌نگه‌رى به‌رگریدا بووه‌ به‌رده‌وام جه‌ختى له‌سه‌رئه‌وه‌ کردۆته‌وه‌ ده‌بێت هه‌موو که‌سێک خاکه‌که‌ى خۆى خۆش بوێت و قوربانى بۆ بدات و به‌رده‌وام به‌ هه‌ڤاڵه‌کانى ده‌وت ئێمه‌ ده‌بێت سه‌رجه‌ممان شه‌هید ببین له‌ پێناوى ئازادى و سه‌ربه‌خۆیى کوردستاندا.
به‌رده‌وام ده‌یووت که‌ نابێت ئه‌م ئازار و مه‌ینه‌تیانه‌ى که‌ له‌ ڕابردوو ئێسادا هه‌ن جێبهێین بۆ نه‌وه‌کانى داهاتوو،جه‌ختى ده‌کرده‌وه‌ ده‌بێت کوردستانێکى ئارام و پێ‌ خۆشگوزه‌رانى بۆ نه‌وه‌کانى جێبڵین .
شه‌هیدى سه‌رکره‌ (عه‌تا محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود ) له‌ گه‌ڵ په‌یمانه‌که‌ى خۆیدا ڕاستگۆ بووه‌ سه‌رئه‌نجام به‌خوێنى خۆى ئه‌و ڕاستیه‌ى سه‌لماند . ئه‌وه‌بوو ئێواره‌ى ڕۆژى 26-11- 2014 له‌ شه‌ڕێکى قاره‌مانه‌نه‌دا له‌ ته‌للوه‌رد گیانى خۆى کرده‌ قوربانى کوردو کوردستان .
شه‌هید عه‌تا شانبه‌شانى باوکى و ژماره‌یه‌ک له‌پێشمه‌رگه‌کانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان به‌شداریان کرد له‌ئازادکردنى ته‌للوه‌رد له‌ ده‌ست تیرۆرستانى داعش.
جگه‌ له‌شه‌هیدبونى ئه‌م سه‌رکرده‌یه‌ش له‌شه‌ڕى دژ به‌تیرۆرستانى داعش پۆلێک پێشمه‌رگه‌ى ترى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان شه‌هید بوون ئه‌وانیش هه‌ریه‌ک له‌ (نه‌قیب ئه‌حمه‌دمحه‌مه‌د یوسف و به‌ختیار ئه‌حمه‌د سه‌عیدو رێبین قادرئه‌حمه‌د و محه‌مه‌د قادرو ئاراس حسین سواره‌ ) شه‌هید بون و ده‌یان پێشمه‌رگه‌ى تریش بریندار بوون .
هه‌زاران سڵاو له‌ گیانى پاکى شه‌هیدى سه‌رکرده‌ عه‌تا محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود و سه‌رجه‌م شه‌هیدانى ڕێگاى ڕزگارى کوردستان