Error: No articles to display

بارزانی: نه‌بوونى ده‌ستوور که‌لێنێکى گه‌وره‌یه‌ و ده‌بێ له‌ چوارساڵى داهاتوودا ببینه‌ خاوه‌نى ده‌ستوور

تشرینی دووەم 28, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


هیچ هه‌نگاوێک و هه‌ڵوێستێکى ئێمه‌ له‌سه‌ر حیسابى پره‌نسیب و ئامانجه‌ ستراتیژییه‌کانى گه‌لى کوردستان نابێت

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 28 ى تشرینى دووه‌مى 2018، به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى له‌ پرێسکۆنفرانسێکدا ئه‌نجامى دیدار و سه‌ردانه‌کانى بۆ به‌غدا، نه‌جه‌ف، ئیمارات و کوێت خسته‌ڕوو.
بارزانى ڕایگه‌یاند: "ویستمان به‌و سه‌ردانه‌ جارێکى دیکه‌ نییه‌تى باشى خۆمان ده‌رببڕین، هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستى ئاشتیخوازانه‌ى خۆمان دووباره‌ بکه‌ینه‌وه‌، چونکه‌ هه‌میشه‌ ڕاى ئێمه‌ وابووه‌ و ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ قۆناخه‌کانى ڕابردوویش له‌ هه‌موو قۆناغه‌کاندا هه‌میشه‌ داکۆکیمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کردووه‌ که‌ هه‌موو گرفته‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌بێت به‌ دیالۆگ و لێکتێگه‌یشتن و رێز له‌یه‌کترى گرتن چاره‌سه‌ر بکرێن. ئه‌وه‌ ئێمه‌ نه‌بووین که‌ رێگه‌ى دیکه‌مان هه‌ڵبژاردبێت، ئه‌وه‌ به‌غدابوو که‌ پێشتر هه‌موو ده‌رگاکانیان داخستبوو و ڕێگه‌ى دیکه‌یان هه‌ڵبژارد".

بارزانى له‌باره‌ى قۆناغى نوێى په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ولێر و به‌غدا رایگه‌یاند: "ئێستاش پێمانوایه‌ ده‌رفه‌تێکى تازه‌ هاتووه‌ته‌ پێش بۆ هه‌موو عێراق و بۆ کوردستان، جه‌نابى به‌ڕێز سه‌ید عادل عه‌بدولمه‌هدى دۆستێکى دێرینى ئێمه‌یه‌، مرۆڤێکه‌ له‌ کێشه‌ى کورد و کوردستان تێده‌گات، له‌ کوردستان ژیاوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ ئومێدمان زۆره‌ بتوانین له‌گه‌ڵ ئه‌و بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌رى زۆرباش بۆ هه‌موو کێشه‌کان، پێشمگوت که‌ ئێمه‌ هه‌موو توانایه‌کمانه‌وه‌ پشتیوانیت لێ ده‌که‌ین، ئومێدمان وایه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بگه‌ینه‌ ته‌فاهوماتێکى باش".

بارزانى راشیگه‌یاند: "له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌بێ جیاوازى کۆبووینه‌وه‌، ئه‌وانه‌ى دۆستى ئێمه‌ بوون، ئه‌وانه‌ى له‌ خراپترین قۆناغه‌کاندا دۆستایه‌تى خۆیان پاراست و ئه‌وانه‌شى هه‌رچى پێیان کرا دژى ئێمه‌ کردیان، له‌گه‌ڵ هه‌موویان دانیشتین، به‌ڵام ده‌مه‌وێت لێره‌دا داکۆکى له‌سه‌ر خاڵێک بکه‌م، هیچ هه‌نگاوێک و هه‌ڵوێستێکى ئێمه‌ له‌سه‌ر حیسابى پره‌نسیب و ئامانجه‌ ستراتیژییه‌کانى گه‌لى کوردستان نابێت".

سه‌باره‌ت به‌ ته‌وه‌رى گفتوگۆکانى له‌ به‌غدا، بارزانى روونیکرده‌وه‌: "باسى هه‌موو گرفته‌کانمان کرد، به‌تایبه‌تى ناوچه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم، ئێمه‌ گه‌یشتووینه‌ ته‌فاهوماتێکى باش که‌ به‌ دیالۆگ و به‌پێى ده‌ستوور و ماده‌ى 140 ئه‌و کێشانه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ین، به‌ڵام هێشتا حکومه‌ت به‌ ته‌واوه‌تى دانه‌مه‌زراوه‌، ئه‌مه‌ پرسێکیش نییه‌ من نامه‌وێت ته‌وه‌قوعاتى خه‌ڵکى کوردستان زۆر به‌رز بکه‌مه‌وه‌ بڵێم هه‌موو شتێک ته‌واوده‌بێت، ره‌نگه‌ کاتى بوێت، منیش له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکه‌ چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ین، پێویسته‌ به‌کردار ئه‌نجامه‌که‌ى ببینین. ئێمه‌ له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه‌ پێیه‌وه‌ پابه‌ند ده‌بین، که‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک هاوکارده‌بین بۆ چاره‌سه‌رى گرفته‌کان. پێموایه‌ له‌ به‌غداش هه‌موو لایه‌نه‌کان دواى ئه‌و ئه‌زموونه‌ گه‌وره‌یه‌ى که‌ به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌کدا هات، تێگه‌یشتوون که‌ جگه‌ له‌ دیالۆگ ناتوانن هیچ کێشه‌یه‌کى دیکه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ تاڕادده‌یه‌ک گه‌شبینم، مرۆڤیش هه‌میشه‌ گه‌شبین بێت باشتره‌ له‌وه‌ى ره‌شبین بێت، به‌ڵام دیسان جارێکى دیکه‌ش من نامه‌وێت هیچ به‌ڵێنێک بده‌م یان ته‌وه‌قوعاتى خه‌ڵکى خۆمان به‌رزبکه‌مه‌وه‌، به‌ڵام به‌جیدى هه‌وڵى جیدى ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ى له‌ڕووى ئابووریى و سیاسى و سه‌ربازى و ئه‌منییه‌وه‌ چاره‌سه‌رى کێشه‌کان بکه‌ین، ئومێده‌وارین به‌شێوه‌یه‌ک بێت که‌ خێرى هه‌موو لایه‌کى تێدابێت".

بارزانى وتیشى :"دواى دیداره‌کانمان له‌ به‌غدا سه‌ردانى نه‌جه‌فم کرد و له‌وێش جه‌نابى سه‌ید موقته‌دام بینی، ئه‌ویش زۆر کراوه‌بوو زۆریش ئیجابى بوو، پاشان چووین بۆ ئیمارات و کوێت، له‌وێ زۆر سه‌فه‌رى ئێمه‌ بۆ به‌غدایان پێ خۆش بوو و ئاماده‌یى خۆیان پێشان دا که‌ ده‌ورێکى ئیجابییان ده‌بێ بۆ هاوکارى هه‌موو عێراق و کوردستان بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان."

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به‌ قۆناغى نوێى کارى په‌رله‌مانى کوردستان و ده‌ستوورى هه‌رێمى کوردستان، بارزانى ڕایگه‌یاند: "نه‌بوونى ده‌ستوور که‌لێنێکى گه‌وره‌یه‌ و هه‌ڵه‌یه‌کى گه‌وره‌ بوو که‌ کاتى خۆى نه‌خرایه‌ ڕاپرسی، ئه‌ویش به‌ نییه‌تێکى پاک بوو بۆ ئه‌وه‌ى یه‌کڕیزیى لایه‌نه‌کانى له‌سه‌ر بێت، به‌ ته‌ئکید ده‌بێ له‌ چوارساڵى داهاتوودا ئه‌م بابه‌ته‌ بگاته‌ ئه‌نجام و ببینه‌ خاوه‌نى ده‌ستوورێکى ڕێوپێک".

سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووسى که‌رکووک و ناوچه‌کوردستانییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم، بارزانى ڕایگه‌یاند: "ده‌بێ کێشه‌که‌ به‌پێى ماده‌ى 140 چاره‌سه‌ر بکرێت، ئێمه‌ هه‌میشه‌ گوتوومانه‌ ده‌بێ که‌رکووک ببێته‌ نموونه‌ى پێکه‌وه‌ژیانى هه‌موو پێکهاته‌کان، به‌ڵام مساوه‌مه‌ له‌سه‌ر ناسنامه‌ى کوردستانیبوونى که‌رکووک ناکه‌ین".

بارزانى سه‌باره‌ت به‌ ئاواره‌کانى ناوچه‌کانى ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق که‌ له‌ کوردستان ده‌ژین، ڕایگه‌یاند: "ئه‌وانه‌ تا پێویستیان به‌ ئێره‌ هه‌بێت ئه‌وه‌ کوردستان ماڵى خۆیانه‌، به‌ڵام چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ دواى ئه‌وه‌ى ناوچه‌کانیان ئاوه‌دان ده‌کرێته‌وه‌ و پێداویستیى ژیانیان بۆ دابین ده‌کرێت، بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدى خۆیان".

ر بارزانی، له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکیشدا که‌ ئاخۆ له‌ به‌غدا داواى لێکراوه‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌ک بۆ ئاشته‌وایى بکات، ڕایگه‌یاند: "ئه‌و باسه‌ کراوه‌ که‌ ده‌ستپێشخه‌رى بکه‌ین، دیراسه‌ى ده‌که‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دڵنیا نه‌بم ئه‌نجامى ده‌بێ و سه‌رکه‌وتوو ده‌بێ، هیچ هه‌نگاوێک نانێم".

سه‌باره‌ت به‌ بوونى گرێنتییه‌کیش بۆ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ى سزاکان بۆسه‌ر هه‌رێمى کوردستان، بارزانى ڕایگه‌یاند: "من ته‌سه‌ور ناکه‌م عادل عه‌بدولمه‌هدى بڕیارێک بدات وه‌ک ئه‌وانه‌ى پێش ئه‌و (دژى کوردستان) کردیان، چونکه‌ ئه‌گه‌ر شتێکى وا ڕووبدات ده‌بێته‌ کۆتایى هه‌موو شتێک، به‌ڵام ئومێدمان هه‌یه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌، چونکه‌ ئه‌و ڕێگه‌یه‌ش سه‌رى نه‌گرت. ڕاسته‌ هه‌ردوولا ئه‌زیه‌تمان دیت به‌ڵام ئه‌نجامى نه‌بوو و هه‌ر گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ دیالۆگ، بۆیه‌ پێم وانییه‌ ئه‌موونێکى شکستخواردوو دووباره‌ بکرێته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ تا حه‌دێک ئومێده‌وارم چونکه‌ ئه‌وانیش ته‌جروبه‌یان کرد و گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ى جگه‌ له‌ دیاکۆگ ڕێگه‌یه‌کى دیکه‌ نییه‌ و خودى عادل عه‌بدولمه‌هدییش وه‌ک شه‌خس باوه‌ڕناکه‌م له‌و که‌سانه‌ بێت بیهه‌وێ خه‌ڵکى کوردستان ئه‌زیه‌ت بدات، به‌پێچه‌وانه‌ تابتوانێ ڕه‌نگه‌ هاوکار بێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ژیانێکى به‌خته‌وه‌ردابن، ئه‌مه‌ ته‌وه‌قوعى منه‌ ئومێده‌وارم ڕاست بێت، تا حه‌دێکى زۆریش ئاماده‌یى پێشان داوه‌".