Error: No articles to display

ده‌زگاى گشتى مین : زیاتر له‌حه‌وت ملیۆن مه‌تر چوارگوشه‌ له‌ناوچه‌ رزگارکراوه‌کان له‌ داعش پاکراوه‌ته‌وه‌

تشرینی دووەم 29, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


ده‌زگاى گشتى کاروبارى مینى هه‌رێمى کوردستان 7.414.199 مه‌تر زه‌وى چوارگوشه‌ له‌ ناوچه‌ رزگارکراوه‌کان له‌ داعش له‌ مین وته‌قه‌مه‌نى پاک کردووه‌ته‌وه‌ و23.429 ته‌قه‌مه‌نى جۆراوجۆریشى پوچه‌ڵ کردووه‌ته‌وه‌، به‌پێى قسه‌کانى سیراج بارزانی، سه‌رۆکى ده‌زگا، له‌ لێدوانێک بۆ ماڵپه‌رى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان.

ده‌زگاى گشتى کاروبارى مین به‌ ده‌ستپێکردنى شه‌ڕى داعش له‌ ساڵى 2014 تا مانگى تشرینى یه‌که‌مى 2017، سێ ژوورى ئۆپه‌راسیۆنى له‌ دهۆک، هه‌ولێر و گه‌رمیان بۆ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ بۆ پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ى مین وته‌قه‌مه‌نى پێکهێنابوو.

کۆکردنه‌وه‌ى زانیارى و پلاندانان به‌ مه‌به‌ستى پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ى مین وپاککردنه‌وه‌ى ناوچه‌ مینڕێژکراوه‌کان وهه‌روه‌ها هۆشیارکردنه‌وه‌ى دانیشتوانى ناوچه‌ رزگارکراوه‌کان له‌ مه‌ترسى مین گرنگترین کارى هاوبه‌شى ده‌زگاى گشتى کاروبارى مین له‌گه‌ڵ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ بوو.

سیراج بارزانى گوتی، چه‌کدارانى داعش له‌ ناوچه‌ى تلکێف به‌ 12 بۆتلى گاز ماده‌ى کیمیایى ژهراوى به‌تایبه‌تى ماده‌ى کلوریان به‌کارهێنا. تیمى ته‌قاندنه‌وه‌ى مین له‌ ده‌زگاى گشتى مین به‌ هاوکارى وسه‌رپه‌رشتى تیمه‌ تایبه‌ته‌کانى چه‌کى کیمیایى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تى ناخۆ ماده‌ کیمیاییه‌کانى داعشى پوچه‌ڵ کردووته‌وه‌.

به‌ گوته‌ى سه‌رۆکى ده‌زگا، چالاکییه‌کانى ده‌زگاى گشتى کاروبارى مین له‌ ناوچه‌ رزگارکراوه‌کان به‌ بێ کۆسپ و ته‌گه‌ره‌ نه‌بووه. له‌مباره‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌ نه‌بوونى ئاسایش له‌وناوچانه‌، کێشه‌ى لۆجستی، که‌میى زانیارى ده‌رباره‌ى شوێن و جۆرى مه‌ترسییه‌کان، پێویستى په‌ڵه‌کردن له‌ پاککردنه‌وه‌ى ناوچه‌ مینڕێژکراوه‌کان وکه‌میى هۆشیارى هاووڵاتیان کرد.

رێکخراوه‌کانى ماگ، ئێف ئێس دی، هاندیکاپ ئنته‌رناشنه‌ل، ئێن پى ئه‌ی، دى دى جى وکۆمپانیاى ستێرلینگ به‌ هاوکارى دارایى وڵاتانى کۆمه‌ک به‌خش به‌شدارییان له‌ پاککردنه‌وه‌ى ناوچه‌ مینڕێژکراوه‌کاندا کردووه‌.

به‌ پێى زانیارییه‌کانى ده‌زگاى گشتى کاروبارى مین، تا راپه‌ڕینى ساڵى 1991 وکۆنترۆلکردنى کوردستان له‌لایه‌ن هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌، 776 کیلۆمترى چوارگوشه‌ له‌ رووبه‌رى زه‌وى له‌ هه‌رێمى کوردستان مین وته‌قه‌مه‌نیان له‌لایه‌ن هێزه‌کانى رژێمى پێشووى عیراقى لێچێندرابوو. ئه‌م رووبه‌ره‌ ئێستا بۆ 270 کم2 که‌مکراوه‌ته‌وه‌، واته‌ 65.2 له‌سه‌دى رووبه‌رى زه‌وى مینرێژکراو.

سه‌رۆکى ده‌زگاى گشتى کاروبارى مین ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ ژماره‌ى قوربانیانى مین وته‌قه‌مه‌نى له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌ پێش 1991 تا مانگى تشرینى یه‌که‌مى 2018گه‌یشتووه‌ته‌ 13,233که‌س.

به‌ هۆى کارى چالاکى رێکخراوه‌کان و به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاستى هوشیارى هاووڵاتیان له‌ مه‌ترسیه‌کانى مین و ته‌قه‌مه‌نی، ژماره‌ى قوربانیان له‌م ماوه‌یه‌دا به‌ره‌به‌ره‌ که‌مبۆ‌وه‌.