Error: No articles to display

شاندێكی حكومەتی هەرێم بەشداری لە 97مین خولی كۆبونەوەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكات

تشرینی دووەم 30, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز

لە رۆژانی 29-30/11/2018 كۆبوونەوەكانی 97مین خولی لیژنەی نەهێشتنی هەموو شێوازەكانی رەگەزپەرستیی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان لە بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان لە جنێڤ ببەسترێت كە تایبەتە بە خوێندنەوە و تێبینی و سەرنجی وڵاتانی ئەندام رێكەوتننامەكە بە راپۆرتی ئامادەکراوی عێراق.

لەو كۆبوونەوانەیه‌دا شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان  به‌شداریكرد و له‌وباریه‌وه‌ د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن وتی: خولی (97)مین كۆبوونەوەكانی نەهێشتنی هەموو شێوازەكانی رەگەزپەرستی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان لە رۆژانی 26/ نۆڤەمبەر  تاكو 14ی  دیسێمبەری 2018 بەردەوام دەبێت و رۆژانی 29 و 30ی نۆڤەمبەر تەرخان كراوە بۆ گفتوگۆ كردنی راپۆرتی عێراق كە تێیدا وڵاتانی ئەندامی رێكەوتننامەكە تێبینی و سەرنجەكانیان سەبارەت بە راپۆرتی عێراق دەخەنە  روو و شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەو كۆبوونەوانە بەشدار دەبێت.

سەبارەت بە بەشداری كردنی شاندی هەرێمی كوردستان دیندار زێباری وتی ئێمە وەك شاندی هەرێمی كوردستان گشت هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەش دەكەین بۆ پتەوكردنی بنەماكانی یەكسانی بەتایبەتی لە بوارەكانی ئاوارە و پەنابەران، منداڵان، ئافرەتان، مافی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان، تاوانەكانی داعش، هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گێڕانەوەی خەڵكی  ناوچە جێناكۆكەكان و قەرەبوو، ماددەی (140)ی دەستووری عێراق، هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم بۆ رزگاركردنی ئێزیدییە رفێندراوەكان، مافی كرێكاران و كرێكارانی بیانی و چەند تەوەرێكی دیكە كە لە میانەی گفتوگۆكاندا باس دەکرێن.

دیندار زێباری لە بارەی گرنگی بەشداری كردنی شاندی هەرێم لە گفتوگۆكانی ئەم خولەی لیژنەی نەهێشتنی رەگەز پەرستی ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو لە ئێستادا بەشداری كردنی هەرێم لەو جۆرە كۆبوونەوانەدا گرنگییەكی زۆری هەیە و لایەنە نێودەوڵەتییەكان راپۆرتەكانی عێراق بە ناكامڵ وەسف دەكەن بەبێ بەشداری كردنی هەرێم، چونكە ئاشكرایە كە هەرێم لەو رووەوە هەنگاوی ئەرێنیی زۆری ناوە بە ئامانجی نەهێشتنی هەموو شێوازەكانی رەگەزپەرستی لەسەر بنەمای ئایین، نەتەوە ،مەزهەب، رەنگ یان لەسەر بنەمای رەگەز ئەمەش خۆی لەو یاسا و رێنماییەدا دەبینێتەوە كە لە هەرێمی كوردستان كاریان پێدەكرێت لە چوارچێوەی پابەند بوون بە پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ و باوەڕ بوون بە بنەماكانی یەكسانی و پتەوكردنی گیانی تەبایی و پێكەوەژیانی نێوان گشت پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان.

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تیشكی خستە سەر پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی هەرێم هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد یەكێك لە سەروەرییەكانی حكومەتی هەرێم  بریتییە لە پێشوازی كردن و كردنەوەی دەرگا بەرووی زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ و پەنابەری سوری كە لە دوای هاتنی تیرۆریستانی داعش  بۆ سوریا و عێراق روویان لە هەرێم كرد و حكومەت هەوڵیدا گشت پێداویستییەكانیان دابین بكات بەبێ جیاوازی لەسەر بنەمای نەتەوە یان ئایین یان رەگەز ئەمەش هەنگاوێكی گەورەیە بۆ نەهێشتنی رەگەزپەرستی لە هەرێم، هەروەها یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانمان باس كردنی ناوچەكانی ماددەی (140)ی دەستووری عێراق و گەڕانەوەی خەڵكی ئەم ناوچانە دەبێت بەتایبەتی خەڵكی دوزخورماتو و كەركوك كە شوێنەكانی خۆیان جێهێشتووە و ئاوارەی کوردستان بوون.