Error: No articles to display

لوبنان و کوردستان په‌یوه‌ندیی بازرگانى بنیاد ده‌نێنه‌وه‌

کانونی یەکەم 05, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌مه‌به‌ستى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و لوبنان وه‌فدێکى باڵاى لوبنان سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستانیان کردو واش بڕیاره‌ کونسوڵخانه‌ى لوبنان له‌ کوردستان بکرێته‌وه‌.

ئێواره‌ى رۆژى 4-12-2018 وه‌فدێکى لوبنان که‌ جوبران باسیل وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى لوبنان سه‌رۆکایه‌تى ده‌کرد هه‌ریه‌ک له‌ وه‌زیرانى دژه‌ گه‌نده‌ڵى و بازرگانى و دارایى و نه‌وت وزه‌ یاوه‌رى وه‌فده‌که‌بوون.

له‌ سه‌ردانێکیاندا بۆ ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازى هه‌رێمى کوردستان دواى کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بازرگانانیى هه‌رێم، جبران باسیل وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى لوبنان بۆ رۆژنامه‌نووسان وتی: "له‌م سه‌ردانه‌ماندا بۆ هه‌رێمى کوردستان کۆمه‌ڵێک بابه‌تمان بۆ روونبووه‌ته‌وه‌ که‌ ده‌بوو قسه‌یان له‌سه‌ر بکه‌ین و ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هاندانى کۆمپانیاکانمان بۆ ئه‌وه‌ى له‌ هه‌رێمى کوردستان کاربکه‌ن و له‌ بواره‌کانى په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستى و کشتوکاڵ و وه‌به‌رهێنان و که‌رته‌ جیاوازه‌کانى دیکه‌دا پرۆژه‌کانیان بنیاد بنێن".

باسى له‌وه‌شکرد که‌ دواى تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانى دارایى سه‌ختى هه‌رێمى کوردستان هه‌وڵى گه‌راندنه‌وه‌ى پیاوانى خاوه‌ن کار و سه‌رمایه‌ى لوبنانى بۆ کوردستان ده‌ده‌ین و بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن له‌گه‌ڵ خه‌ڵک و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کاربکه‌ن.

له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکى یه‌کێتى ژووره‌ بازرگانى و پیشه‌سازییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان باسى له‌وه‌کرد "که‌ ئه‌و شانده‌ى هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمى کوردستان که‌ چه‌ندان کاربه‌ده‌ستى لوبنانى تێدایه‌، ئێمه‌ تێبینییه‌کانى خۆمانمان پێشکه‌ش به‌ شانده‌که‌ کرد بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت که‌رتى بازرگانى و وه‌به‌رهێنان له‌ کوردستان په‌ره‌پێبده‌ن و ئێمه‌ش هه‌موو هاوکارییه‌کیان پێشکه‌ش ده‌که‌ین".

دارا خه‌یات باسى له‌وه‌شکرد که‌ په‌یوه‌ندى بازرگانى نێوان هه‌رێم و لوبنان له‌ رووى بازرگانییه‌وه‌ باشه‌ به‌ڵام داخرانى خاڵه‌ سنورییه‌کانى نێوان عیراق و سوریا کاریگه‌رى خۆى هه‌بووه‌، ئێستاش په‌یوه‌ندییه‌کان به‌رده‌وامن و زیاتریش هێڵه‌ ئاسمانییه‌کان به‌کارده‌هێنن.

کۆمپانیاکانى لوبنانى له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 2008ه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمى کوردستان و ده‌یان پرۆژه‌ى بازرگانى و وه‌به‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانیان له‌ کوردستان دامه‌زراندووه‌ به‌رله‌ قه‌یرانى دارایى 1000 کۆمپانیاى لوبنانى و20 هه‌زار کرێکار له‌ کوردستان کاریان ده‌کرد، به‌ڵام ئێستا 500 کۆمپانیا و 4 هه‌زار کرێکارى لوبنانى له‌ کوردستان کارده‌که‌ن.