Error: No articles to display

کاره‌باى سلێمانی: به‌هۆى قه‌رزه‌وه‌ 20 رۆژه‌ کاره‌باى چاڤى لاند بڕدراوه‌

ئاب 19, 2018

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى فه‌رمانگه‌ى کاره‌باى سلێمانى رایگه‌یاند، هه‌ر پڕۆژه‌یه‌کى گه‌شتیارى پاره‌ى کاره‌باى حکوومه‌ت قه‌رزار بێت و پاره‌که‌ نه‌داته‌وه‌ هه‌ڵده‌ستن به‌ بڕینى کاره‌باى ئه‌و شوێنه‌.

سالار حوسامه‌ددین به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى کاره‌باى سلێمانى له‌ کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا باسى له‌ هۆکارى بڕینى کاره‌باى پڕۆژه‌ى گه‌شتیارى چاڤى لاند له‌ شارى سلێمانى کرد و رایگه‌یاند: "ماوه‌ى 20 رۆژه‌ کاره‌باى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ بڕدراوه‌، هۆکارى بڕینه‌که‌شى به‌پێچه‌وانه‌وه‌ى ئه‌و هه‌واڵانه‌ى بڵاوکراونه‌ته‌وه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌کى به‌بڕیارى جێگرى سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵکو به‌گوێره‌ى یاسا بووه‌ و په‌یوه‌ندى به‌ پێنه‌دانى پاره‌ى کرێى کاره‌باوه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌سه‌ریان که‌ڵه‌که‌ بووه‌".

سالار حوسامه‌دین وتی: "پڕۆژه‌ى گه‌شتیاریى چاڤى لاند که‌ پڕۆژه‌یه‌کى وه‌به‌رهێنانى گه‌شتیارییه‌، له‌ماوه‌ى پێنج ساڵى رابردوو نزیکه‌ى 900 ملیۆن دینار پاره‌ى کاره‌با قه‌رزى له‌سه‌ر که‌ڵه‌که‌ بووه‌ و پابه‌ند نه‌بوون به‌ پێدانى پاره‌که‌وه‌".

ئه‌وه‌شى خسته‌روو که‌دواى ئه‌وه‌ى چه‌ندجارێک پڕۆژه‌که‌یان ئاگادارکردۆته‌وه‌ له‌پێدانى پاره‌ى کاره‌با، به‌ڵام قه‌رزه‌کانیان نه‌داوه‌ته‌وه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ له‌ڕۆژى 25ى مانگى رابردووه‌وه‌ کاره‌باى پڕۆژه‌که‌ بڕاوه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رى کاره‌باى سلێمانی، له‌ وه‌ڵامى پرسیارى رۆژنامه‌نووساندا و له‌ باره‌ى خشته‌ى پێدانى کاره‌با له‌ رۆژانى جه‌ژندا وتی:" هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ رۆژانى جه‌ژندا چه‌ند کاتژمێرێک کاره‌باى نیشتمانى زیاتر بدرێت به‌ هاووڵاتییان ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بڕێگ گازى زیاده‌ دابینکراوه‌".

ئه‌و ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کرد، دانانى پێوه‌رى زیره‌ک له‌ شارى هه‌ولێر ده‌ستى پێکردووه‌ و بڕیاره‌ له‌ سه‌ره‌تاى مانگى داهاتوو له‌ شارى سلێمانى ده‌ست به‌ دانانى بکرێت، دواتر هه‌موو هه‌رێمى کوردستان ده‌گرێته‌وه‌.