سلێمانى له‌رووى ئارامى و ژێرخانى ئاوه‌ڕۆوه‌ بێ گرفته‌

کانونی یەکەم 09, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


حکومه‌تى خۆجێى سلێمانى ئاماده‌کارییه‌کانى بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى رووداو کاره‌ساتى سروشتى و رێوشوێنه‌ ئه‌منیه‌کان بۆ سه‌رى ساڵى نوێ و شه‌وى یه‌ڵدا راگه‌یاند.

ئێواره‌ى رۆژى یه‌ک شه‌ممه‌ 9-12-2018 له‌ کۆبوونه‌وه‌ى هه‌ردوو لیژنه‌ى ئه‌منى و فریاگوزارى خێرا به‌ ئاماده‌بونى د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر پارێزگار و ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامى سلێمانى که‌ له‌ دیوانى قائقمقامیه‌تى سلێمانى به‌ڕێوه‌چوو به‌ئامانجى چاره‌سه‌رکردنى گرفت و به‌ربه‌سته‌کان هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌دواداچون بۆ سه‌رجه‌م خزمه‌تگوزارییه‌ گرنگه‌کانى په‌یوه‌ست به‌ ژیان و گوزه‌رانى هاوڵاتیانى پارێزگاکه‌ کرا .

له‌کۆنفرانسێکى رۆژنامه‌وانیدا هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر پارێزگارى سلێمانى رایگه‌یاند: سلێمانى له‌رووى ئه‌منییه‌وه‌ هیچ گرفتێکى نیه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان توانیویانه‌ رۆڵى گرنگ و پێویستى خۆیان ببینن له‌ دابینکردنى ئارامى و پاراستنى سه‌رو ماڵى هاوڵاتیان , له‌باره‌ى تواناى تیمه‌ خزمه‌تگوزارییه‌کانیش بۆ به‌هاناوه‌چونى هاوڵاتیان له‌کاتى لافا و رووداوى سروشیتدا پارێزگارى سلێمانى ووتى : سلێمانى خاوه‌نى ژێرخانێکى تۆکمه‌ى ئاوه‌ڕۆیه‌وه‌ و ئه‌مه‌ش کاریگه‌رى گه‌وره‌ى هه‌بووه‌ له‌ که‌مکردنه‌وه‌ى زیانه‌کانى لافاو بارانى به‌خوڕ, ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد له‌کاتى رووداو حاڵه‌تى دروستبونى لافاو تیمه‌کانى فریاگوزارى رۆڵێکى گرنگ و دڵسۆزانه‌یان بینیوه‌ بۆ به‌هاناوه‌چون و رزگارکردنى گیانى هاوڵاتیان و رێگرى کردن له‌ کاره‌سات و رووداوى نه‌خوازراو, ده‌رباره‌ى هه‌ڵمه‌تى رێکخستنه‌وه‌ى بازێ‌ و شه‌قامه‌کان و رێگرى کردن له‌ هه‌موو جۆره‌کانى زیاده‌ڕۆیى د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر رایگه‌یاند: به‌پێى یاسا رووبه‌ڕووى دیارده‌ى زیاده‌ڕۆیى ده‌بنه‌وه‌ و رێگه‌ به‌ هیچ جۆره‌ زیاده‌ڕۆییه‌ک ناده‌ن که‌ بکرێته‌ سه‌ر موڵک و ماڵى گشتى , به‌ڵام له‌ هه‌ڵمه‌ته‌که‌دا ژیان و گوزه‌رانى کاسبکارانیش له‌به‌رچاو ده‌گیرێت و له‌ هه‌وڵى دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌چاره‌یه‌کن بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵکانێکى زۆر بێکارنه‌بن.

له‌ باره‌ى ئاماده‌کارى فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى سلێمانى بۆ شه‌وى یه‌ڵدا و بۆنه‌کانى سه‌رى ساڵى نوێ ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامى سلێمانى له‌ کۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانیه‌که‌دا رایگه‌یاند: تیمه‌ ئه‌منى و خزمه‌تگوزارییه‌کان هه‌موو ئاماده‌کارییه‌کى پێویست ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بۆنه‌کان له‌ رێوشوێنێکى ئارام و هێمندا به‌ڕێوه‌بچێت و هاوڵاتیان و گه‌شتیاران بتوانن به‌بێ هیچ گرفتێک پێشوازى له‌ بۆنه‌و یاده‌کان بکه‌ن , له‌باره‌ى کاره‌کانى لیژنه‌ى فریاگوزارى خێراش بۆ رێگرى کردن له‌ کاره‌سات و رووداوى سروشتى قائیمقامى سلێمانى ووتى : که‌مترین حاڵه‌تى ئاوتێچوون له‌ سلێمانى تۆمارکراوه‌ ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ پێشتر تیمکه‌کان هه‌موو رێوشوێنێکى پێویستیان گرتبووه‌ به‌ر بۆ رێگریکردن له‌ دوورستبوونى لافاو ئه‌گه‌ى روودانى کاره‌ساتى سروشتى , ئاوات محه‌مه‌د راشگه‌یاند زۆربه‌ى حاڵه‌ته‌کانى ئاوتێچوونى ماڵان و دروستبونى لافاو به‌هۆى ئه‌و ماڵانه‌وه‌ روویان داوه‌ که‌ به‌شێوه‌ى زیاده‌ڕۆیى دروست کراوه‌ , داواشى له‌ هاوڵاتیان کرد زبڵ و خۆڵ فرێنه‌ده‌ن سه‌ر شه‌قام و کۆڵانه‌کان چونکه‌ ده‌بێته‌ هۆى گیرانى مه‌نۆڵ و ئاوه‌ڕۆکان و له‌ ئه‌نجامدا ده‌بێته‌ هۆى دروستبونى لافاو.