ساڵیادى شه‌هیدى سه‌رکرده‌ عه‌تا محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود

پارێزگارى سنه‌ گه‌یشته‌ سلێمانی

کانونی یەکەم 10, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌مه‌به‌ستى ئاگاداربوون له‌ کێشه‌و گرفته‌ بازرگانیه‌کانى نێوان شارى سنه‌و سلێمانی، پارێزگارى ئوستانى کوردستان‌و شاندێکى یاوه‌رى گه‌شتنه‌ شارى سلێمانیو یه‌که‌مین دیدارى کارى هاوبه‌شیان ئه‌نجامدا.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 10ى کانونى یه‌که‌مى 2018، له‌کۆبونه‌وه‌کدا که‌ له‌شارى سلێمانى به‌ڕێوه‌چوو پارێزگارى سلێمانیو سه‌رۆکى ژوورى بازرگانیو پیشه‌سازى سلێمانیو ژماره‌یه‌ک له‌به‌ڕێوه‌به‌رانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کانى سلێمانى به‌شدارییان کرد.

له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا پاریزگارى سلێمانى هه‌ڤاڵ ئه‌بوبکر ڕایگه‌یاند : "ئه‌مه‌ بۆ حه‌وته‌مین جاره‌ کۆبونه‌وه‌ى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئوستانى کوردستان ئه‌نجام ده‌ده‌ین بۆ به‌هێزکردنى په‌یوه‌ندیه‌کانى نێوان هه‌ردوولا".

راشیگه‌یاند "له‌م کۆبونه‌وه‌یه‌ى ئه‌مجاره‌ماندا شه‌ش لیژنه‌مان پێکهێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رجه‌م کێشه‌و بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان باسى لێوه‌بکرێت‌و پاشان پێکه‌وه‌ ده‌یکه‌ینه‌ پرۆتۆکۆڵێک‌و واژۆى ده‌که‌ین، له‌سه‌رجه‌م کێشه‌کانى سه‌رسنورو کارى مه‌رزه‌کان‌و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى بارهه‌ڵگره‌کان و به‌رده‌وامى کارى مه‌رزه‌کان به‌ ٢٤ کاتژمێرى و کێشه‌ى کۆڵبه‌ره‌کان چاره‌سه‌ر بکرێت، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیه‌ کلتورى و وه‌رزشى و مێژویه‌کان له‌نێوان هه‌ردولادا به‌هێز بکرێت".

لاى خۆشیه‌وه‌ پارێزگارى ئوستانى کوردستان، به‌همه‌ن موراد نیها رایگه‌یاند :"ده‌مانه‌وێت له‌م سه‌ردانه‌ماندا بتوانین به‌ته‌واوى له‌و کێشانه‌ بکۆڵینه‌وه‌ که‌ بۆته‌ هۆکارى

خاوبونه‌وه‌ى کارى بازرگانى و مه‌رزه‌کان بۆیه‌ ئێمه‌ له‌سه‌رجه‌م بواره‌کاندا خه‌ڵکى شاره‌که‌مان هێناوه‌ له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کان و بازرگانه‌کانیش تا بتوانین پێکه‌وه‌ کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ین و کاره‌کانمان خێراتر بێت".

هه‌روه‌ها سه‌رکنسوڵى ئێران له‌سلێمانی، ئاغاى مه‌سعودیان رایگه‌یاند : "ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى شارى سلێمانى هه‌ماهه‌نگیمان هه‌بووه‌ تا بتوانین پێکه‌وه‌ کاره‌کان به‌ره‌و باشتر بڕوات، هه‌ر کێشه‌یه‌کى بازرگانى هه‌بوبێت پێکه‌وه‌ هه‌وڵى چاره‌سه‌رکردنمان داوه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م کۆبونه‌وانه‌ گرنگى زیاترى ده‌بێت ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌ردولادا کارده‌که‌ین بۆ به‌هێزکردنى په‌یوه‌ندى بازرگانی".


راشیگه‌یاند : "له‌ساڵى 2017 کارى بازرگانى له‌نێوان هه‌ردولادا 3 ملیار دۆلار بووه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت بازرگانان له‌م ئاسته‌دا نه‌مێننه‌وه‌ به‌ڵکو له‌ئاینده‌دا ئه‌و ڕێژه‌یه‌ به‌رز بکه‌نه‌وه‌ بیگه‌یه‌نن به‌ ٥ ملیار دۆلار که‌ له‌ئێستادا په‌یوه‌ندى مه‌رزه‌کان زۆر قوڵ بۆته‌وه‌ سزاکانى ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران کاریگه‌رى نابێت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌کانى نێوانمان".

له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا سه‌رۆکى ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازى له‌ کۆ بونه‌وه‌که‌دا به‌ چه‌ند خاڵێک کێشه‌کانیخسته‌ڕوو.

1. خێراکردنى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و هاتوچۆى هاوڵاتیان له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌کان به‌که‌مترین کات. ئه‌مه‌ش به‌ باشترکردنى کاره‌کان‌و زیاد کردنى ستاف ڕێکده‌خرێت، له‌ئێستادا به‌هۆى زیاد بوونى جوڵه‌ به‌تایبه‌تى جوڵه‌ى هاوڵاتیان واى کردووه‌ چه‌ند کاتژمێرێک پێویست بێت بۆئه‌نجامدانى ڕێکاره‌ یاساییه‌کانى په‌ڕینه‌وه‌ى که‌سێک له‌ده‌روازه‌که‌دا، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ک، له‌لایه‌کى تر ئه‌و بارهه‌ڵگرانه‌ى چه‌ند ڕۆژێک چاوه‌ڕێ ده‌که‌ن بۆ په‌ڕینه‌وه‌ به‌تایبه‌تى بارى ترانزێت و ئه‌و بارهه‌ڵگرانه‌ى به‌رهه‌مى ناوخۆى ئێرانیان پێیه‌ زۆر کات به‌هۆى وه‌ستان یسیسته‌مه‌وه‌ له‌ده‌روازه‌کاندا زۆر دواده‌که‌ون به‌تایبه‌تیش بارى شیره‌مه‌نى که‌ ڕێکه‌وتى به‌سه‌رچوونیان نزیکه‌.

2. که‌مکردنه‌وه‌ى ڕۆتین‌و هه‌موو ئه‌و پارانه‌ى وه‌رده‌گیرێن ئێستادا کۆمپانیایه‌ک به‌ناوى (سبوک بارمیزان) له‌دیوى ئێران بۆ هه‌ربارێکى ترانزێت که‌ دێته‌ ده‌روازه‌ى باشماخ بڕی50 $ وه‌رده‌گرێت، ئه‌و بارانه‌ش که‌ له‌ئێرانه‌وه‌ دێن بڕى 17.000 پانزه‌ هه‌زار دیناروه‌رده‌گیرێت به‌ناوى مه‌نه‌فێسه‌وه‌، دواى به‌دواداچوون ئه‌م بڕه‌ پارانه‌ له‌ده‌روازه‌ى ئیبراهیم خلیل وه‌رناگیرێت، ئه‌م کاره‌ش له‌گه‌ڵا پلانى گه‌شه‌و زیادکردنى جوڵه‌ى بازرگانیده‌روازه‌کاندا یه‌کناگرێته‌وه‌.

3.کاربکرێت بۆ لابردنى ئه‌و پاره‌یه‌ى له‌ئوتومبیلى بارهه‌ڵگرو ئوتومبێلى تایبه‌تى بازرگانان و هاوڵاتیانى هه‌رێم وه‌رده‌گیرێت له‌کاتى گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌ کۆمارى ئیسلامى ئێرانبه‌ناوى فرقى نرخى سوته‌مه‌نی، که‌ تواناى خه‌زانه‌ى به‌نزینى ئوتومبیله‌که‌ چه‌ند بێت بۆهه‌ر لیترێک له‌ به‌نزین بڕى 4000 تمه‌ن وه‌رده‌گیرێت.

4. کارئاسانى کردنى زیاتر بۆ ئوته‌مبێلى بازرگانان و هاوڵاتیان و که‌مکردنه‌وه‌ى ئه‌و بڕه‌پاره‌ زۆره‌ى لێیان وه‌رده‌گیرێت. له‌کاتى په‌ڕینه‌وه‌یاندا بۆ وڵاتى به‌رامبه‌ر.

5.کاربکرێت بۆ لابردنى ئه‌و بڕه‌ پارانه‌ى له‌ بازرگانان و هاوڵاتیان وه‌رده‌گیرێت له‌کاتى سه‌ردانیان بۆ زیاتر له‌ جارێک له‌ ساڵێک بۆ هه‌رێمى کوردستان.

6. هه‌وڵبده‌ین بۆ جێبه‌جێکردنى به‌نده‌کانى ئه‌و پڕۆتۆکۆله‌ى له‌هه‌ولێر واژۆمان کرد له‌کۆنفرانسى (گه‌شه‌پێدانى ئابوورى هه‌رێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران)، به‌تایبه‌تیش ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى هه‌یه‌ به‌(جێبه‌جێکردنى پڕۆژه‌ى ناوچه‌ى پیشه‌سازى ئازاد. دروستکردنى کۆمپاناى گواستنه‌وه‌ى هاوبه‌ش (بارى یه‌کسه‌ر)

7. بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌و گرفتانه‌ى له‌ ده‌روازه‌کاندا ڕووده‌دات پێشنیار ده‌که‌ین که‌ لیژنه‌یه‌کى هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردوو پارێزگادا پێکبهێنرێت به‌ئه‌ندامێتى هه‌ردوو ژوورو به‌ڕێوه‌به‌رى ده‌روازه‌کان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان، بۆ چاره‌سه‌رى خێراى ئه‌و کێشانه‌ى دروست ده‌بن تا کار نه‌کاته‌ سه‌ر جوڵه‌ى بازرگانى له‌ده‌روازه‌کاندا.

شانده‌که‌ى ئوستانى کوردستان - سنه‌ پێکهاتووه‌ له‌ پارێزگارى سنه‌ و سه‌رۆکى ژوورى بازرگانیو نوێنه‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کان و ژماره‌یه‌ک له‌ په‌رله‌مانتارانى کوردى په‌رله‌مانى ئێران.