ناوه‌رۆکى کۆبونه‌وه‌که‌ى بارزانى و وه‌زیرى وزه‌ى ئه‌مه‌ریکا

کانونی یەکەم 11, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


مه‌سعود بارزانى و وه‌زیرى وزه‌ى ئه‌مه‌ریکا له‌ کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا ناوه‌ڕۆکى کۆبوونه‌وه‌که‌یان راگه‌یاند و وه‌زیرى وزه‌ى ئه‌مه‌ریکا دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ریکا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان کارى هاوبه‌ش ده‌کات.

ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ وه‌زیرى وزه‌ى ئه‌مه‌ریکا سه‌ردانى هه‌ولێرى کرد و له‌گه‌ڵ به‌رێز مه‌سعود بارزانى کۆبۆوه‌، له‌ پرێسکۆنفرانسێکى هاوبه‌شدا بارزانى و وه‌زیرى وزه‌ى ئه‌مه‌ریکا ناوه‌ڕۆکى کۆبوونه‌وه‌که‌یان راگه‌یاند.

له‌ ده‌سپێکدا بارزانى خۆشحاڵى خۆى ده‌ربڕى به‌ سه‌ردانى وه‌زیرى وزه‌ى ئه‌مه‌ریکا بۆ کوردستان و سه‌ردانه‌که‌ى به‌ ده‌رفه‌تێکى گرینگ زانى بۆ تاوتووکردنى کۆمه‌ڵێک بابه‌تى گرینگ که‌ پێوه‌ست بوون به‌ پێوه‌ندى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندى دووقوڵى نێوان هه‌رێمى کوردستان و ئه‌مه‌ریکا.

بارزانى وتی، ده‌رفه‌تێکى تازه‌ و که‌شێکى باش هه‌یه‌ و ئومێدێک هه‌یه‌ بۆ چاره‌کردنى کێشه‌کان، ده‌رفه‌تێکى تازه‌ هه‌یه‌ و جێگه‌ى ئومێده‌ و هه‌موو هه‌وڵێکیش ده‌ده‌ین.
لاى خۆییه‌وه‌ ریک پێرى وه‌زیرى وزه‌ى ئه‌مه‌ریکا سوپاسگوزارى و خۆشخاڵى تایبه‌تى ده‌ربڕى که‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ بارزانى کۆبووه‌ته‌وه‌.

ریک پێرى ده‌ڵێ، خۆشحاڵم بۆ ئه‌و دیداره‌ و بۆ هاوبه‌شى پێکردنى دیدو راى بارزانى له‌سه‌ر هه‌رێم و چیرۆکى کوردستان که‌ جێگه‌ى پێزانین بوو، تێگه‌یشتنى مێژووى لایه‌نێک زۆرگرینگه‌ بۆ تێگه‌یشتنى ئاینده‌یان، کۆبوونه‌وه‌یه‌کى به‌رهه‌مدار هه‌بوو، به‌ په‌رۆشیه‌وه‌ ده‌روانم بۆ رێکه‌وتنێکى هه‌میشه‌ى له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.

وتیشی: کۆبوونه‌وه‌که‌به‌رهه‌مدار و گرینگمان ئه‌نجام دا، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ قوربانى و ئازایه‌تى جه‌نگاوه‌رانى پێشمه‌رگه‌ له‌ دژى داعش، به‌ هه‌وڵ و قوربانیدانى ئه‌وان خه‌ڵک ئه‌مڕۆ ئازاده‌، پێشمه‌رگه‌ سه‌رکه‌وتنى به‌سه‌ر داعش تۆمار کرد، ئه‌مڕۆ سه‌قامگیرى زیاتر ده‌بینین و ئاسایشى زیاتر ده‌بینین له‌و هه‌رێمه‌، ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ به‌رهه‌مداره‌ هانمان ده‌دات بۆ وه‌به‌رهێنان بۆ ئه‌وه‌ى ببینه‌ هاوبه‌شى یه‌کتری، کاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ که‌ جه‌خت له‌ بونیاتنانى ئابوورى بکه‌ینه‌وه‌ بۆ زیندووکردنه‌وه‌ى ژێرخانى ئابوورى که‌ لیژنه‌یه‌کى هاوبه‌ش هه‌بێ، هۆکارى سه‌ردانم ئه‌وه‌بوو که‌ خۆم و ئه‌مه‌ریکا پێکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم کاربکه‌ین بۆ ئاینده‌، هه‌ردوولامان سه‌رچاوه‌ى سامانێکى زۆرمان هه‌یه‌ کوردستان و تێکساس که‌ ویلایه‌تى منه‌، زۆ شتى هاوبه‌شیان هه‌یه‌ و سه‌رچاوه‌ى زۆر وزه‌ له‌ به‌رده‌ستمانه‌ و ده‌رفه‌تێکى زۆر له‌ به‌رده‌ستمانه‌ بۆ بونیاتنانى ئاینده‌ و سوود وه‌رگرتن له‌و ده‌رفه‌ته‌، سوپاس بۆ دۆستایه‌تیتان و سوپاس بۆ قوربانیتان و به‌ په‌رۆشى ده‌ڕوانم بۆ کارکردن له‌ ساڵانى داهاتوو له‌گه‌ڵتان.