نێچیرڤان بارزانى و وه‌زیرى وزه‌ى ئه‌مه‌ریکا کۆبوونه‌وه‌

کانونی یەکەم 11, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ 11 ى کانونى دووه‌مى 2018 ، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان،پێشوازى له‌ ریک پێرى وه‌زیرى وزه‌ى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مه‌ریکا و شاندێکى یاوه‌رى کرد.

له‌ دیدارێکدا پێرى و شاندى یاوه‌رى خۆشحاڵیى خۆیان به‌ سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستان ده‌ربڕى و دووپاتیان کرده‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ریکا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پشتگیریکردنى جێگیربوونى سه‌قامگیرى له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان و دانوستانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى نێوان هه‌ردوولا، هه‌روه‌ها قوربانیدانى هه‌رێمى کوردستانیان له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا به‌رز نرخاند.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان سوپاسى ئه‌و سه‌ردانه‌ى کرد و ئاشکراى کرد که‌ هه‌رێمى کوردستان وه‌ک پاڵپشتییه‌کى به‌هێز بۆ خه‌ڵک و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان سه‌یرى ئه‌و سه‌ردانه‌یان ده‌کات وه‌ک چۆن له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان له‌ شه‌ڕى داعشدا پاڵپشت و هاوکارى هه‌رێمى کوردستان بوون و گرنگیى به‌رده‌وامیى ئه‌و هاوپه‌یمانى و دۆستایه‌تییه‌یشى دووپات کرده‌وه‌.

هه‌روه‌ها سوپاسى ئه‌مه‌ریکاى کرد بۆ لێکنزیککردنه‌وه‌ى هه‌ولێر و به‌غدا و گه‌یشتن به‌ هه‌ندێک لێکگه‌یشتن و ئاماده‌ییى هه‌رێمى کوردستانى بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان ده‌ربڕى و هیواى خواست ئه‌مه‌ریکا ڕۆڵى خۆى له‌مباره‌یه‌وه‌ بگێڕێت به‌تایبه‌تى سه‌باره‌ت به‌ هه‌نارده‌کردنى نه‌وتى که‌رکووک که‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هه‌موو ئاسانکاریه‌کى نیشان داوه‌ به‌ ‌شێوه‌یه‌ک ڕێژه‌ى ئێستاى هه‌نارده‌کردن‌ بۆ به‌رژوه‌ندى و داهاتى گشتیى عێراق به‌کار بهێنرێت.

تاوتوێکردنى دۆخى ناوچه‌که‌ و په‌ره‌پێدانى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌ردوولا، لایه‌نێکى دیکه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌ بوو.