Error: No articles to display

دژه‌تیرۆر سه‌باره‌ت به‌ده‌ستگیر کردنى مێرد منداڵه‌که‌ى کفرى رونکردنه‌وه‌ ده‌دات

کانونی یەکەم 11, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


وته‌بێژى هێزه‌کانى دژه‌ تیرۆر ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کى ده‌رباره‌ى ده‌ستگیر کردنى مێرد منداڵێک له‌ کفرى بڵاوکرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاندووه‌، ناو و که‌سێتى دژه‌ تیرۆرى به‌کار هێناوه‌ و په‌یج و ماڵپه‌ڕه‌ ساخته‌ى دروستکردووه‌ .ده‌شڵێت به‌پێى یاسا مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵکراوه‌ و له‌چوارچێوه‌ى ڕێکاره‌کانى مافى مرۆڤ دا ڕێزى لێگیراوه‌ و خراوه‌ته‌ به‌رده‌م دادوه‌رى دادگاى ئاسایشى سلێمانى .

ده‌قى ڕوونکردنه‌وه‌که‌ى هێزه‌کانى دژه‌ تیرۆر:

له‌ وته‌بێژێکى هێزه‌کانى دژه‌ تیرۆره‌وه‌
به‌رچاوڕونییه‌ک بۆ کۆمه‌ڵانى خه‌ڵکى کوردستان

1- له‌سه‌ر فه‌رمانى دادوه‌رى دادگاى ئاسایشى سلێمانى و به‌پێى ماده‌ی( 264 ) له‌ یاساى سزادانى عێراقی، تۆمه‌تبار (ه. م)، له‌ کفرى ده‌ستگیرا، به‌ هۆى ئه‌وه‌ى ناوبراو که‌سێتى واتایى ده‌زگاى دژه‌ تیرۆرى ساخته‌ کردوه‌ و له‌ڕێگه‌ى دروست کردنى ده‌یان ئه‌کاونت و په‌یج و ماڵپه‌ڕى ئه‌لیکترۆنى به‌ ناوى ده‌زگاکه‌مان و کارمه‌ندانى ماندونه‌ناسى دژه‌ تیرۆر، ناو و که‌سێتى دژه‌ تیرۆرى به‌کار هێناوه‌ و په‌یج و ماڵپه‌ڕه‌ ساخته‌کانى بۆ تێکدانى ئاسایشى کۆمه‌ڵایه‌تی، شێواندنى په‌یوه‌ندیى خێزانی، و بڵاوکردنه‌وه‌ى گومان و دڕدۆنگى له‌ دژى چه‌ندین خێزان و بنه‌ماڵه‌ له‌ گه‌رمیان و ناوچه‌کانى ترى کوردستان به‌کارهێناوه‌، و ته‌نانه‌ت ده‌ستى له‌ که‌سوکارى ئه‌نفال و شه‌هیدانیش نه‌پاراستوه‌. هه‌روه‌ها تۆمه‌تبار (ه. م) ئه‌و په‌یج و ماڵپه‌ڕانه‌ى به‌کار هێناوه‌ بۆ هه‌ڕه‌شه‌ پێکردن و بڵاوکردنه‌وه‌ى ترس و تۆقاندن و وه‌رگرتنى پاره‌، که‌ تێکڕاى ئه‌و ره‌فتار و هه‌ڵسوکه‌وتانه‌، پێچه‌وانه‌ى یاسا و دژ به‌ ئاسایشى کۆمه‌ڵانى خه‌ڵکى کوردستانن و به‌رده‌وامبونیان رێگه‌پێنه‌دراوه‌.

2- تۆمه‌تبه‌ر (ه. م)، له‌ کاتى ده‌ستگیرکردن و ماوه‌ى مانه‌وه‌ى له‌ گرتوخانه‌، به‌پێى یاسا مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵکراوه‌، و له‌چوارچێوه‌ى رێکاره‌کانى مافى مرۆڤ دا رێزى لێگیراوه‌ و خراوه‌ته‌ به‌رده‌م دادوه‌رى دادگاى ئاسایشى سلێمانى و هه‌ر به‌ فه‌رمانى دادوه‌رى به‌ڕێزیش، چاوپێکه‌وتنى که‌سوکارى بۆ رێکخراوه‌ و زیاتر له‌ یه‌ک کاژێر له‌گه‌ڵ که‌سوکارى یه‌کتریان بینیوه‌ و پاشان به‌ڕێزه‌وه‌، به‌ڕێکراون. و ئێستاش به‌ پێى یاسا و به‌ فه‌رمانى دادوه‌ر، به‌شێوه‌ى هه‌فتانه‌، مافى یه‌کتربینیان بۆ ده‌سته‌به‌رکراوه‌.

3- به‌پێى ئه‌و وێنه‌ و به‌ڵگانه‌ى له‌به‌رده‌ستن و چه‌ند وێنه‌یه‌کیش که‌ بڵاوکراونه‌ته‌وه‌، تۆمه‌تباره‌که‌ نیشان ده‌ده‌ن له‌ ده‌ستى یاسادا که‌ ئه‌فسه‌ر و کارمه‌ندانى ئێمه‌ ده‌یگوازنه‌وه‌ بۆ دادگا، ئه‌مه‌ رێکارێکى یاساییه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ى نایاساییه‌، که‌سوکارى تۆمه‌تباره‌که‌، په‌لامارى لێکۆڵه‌ر و پاسه‌وان و شۆفێرێکیان داوه‌ و به‌ڵگه‌ى ته‌واو له‌مباره‌یه‌وه‌، خراوه‌ته‌ به‌رده‌م دادگا و بۆ میدیاکاران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کان به‌رده‌سته‌.

4- سه‌ربارى ئه‌و راستیانه‌ى سه‌ره‌وه‌، به‌داخه‌وه‌، که‌ناڵێکى ناڕاست و چه‌واشه‌کار، که‌ هه‌مووان ده‌زانن سه‌ر به‌ چ که‌س و تاقمێکن و مه‌رامیان چییه‌، له‌رێى راپۆرتێکى چه‌واشه‌کارانه‌وه‌، هه‌ستاون به‌ هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ى روداوه‌کان، شاردنه‌وه‌ى راستییه‌کان له‌ راى گشتی، و کاریان کردوه‌ بۆ ناوزڕاندنى کادر و کارمه‌ندان و ناوى ده‌زگاکه‌مان. و لێره‌وه‌ پێیان راده‌گه‌یه‌نین که‌ ئه‌گه‌ر به‌م شێوازه‌ نا میهه‌نى و لاده‌ر و نه‌خوازراوه‌ به‌رده‌وامبن له‌ ناوزڕاندن، ئه‌وا سکاڵاى یاساییان له‌سه‌ر تۆمار ده‌که‌ین و روبه‌ڕوى دادگایان ده‌که‌ینه‌وه‌. داواش له‌ خه‌ڵکى کوردستان ده‌که‌ین، وه‌ک هه‌میشه‌، به‌هۆشیارییه‌وه‌، ته‌ماشاى روداوه‌کان بکه‌ن.


وته‌بێژێک له‌ هێزه‌کانى دژه‌ تیرۆر
11 – 12 – 2018