بارزانی: حکومه‌تێکى به‌هێز داده‌مه‌زرێت و گۆڕانکاریى گه‌وره‌ش له‌ ته‌واوى ئاسته‌کان ده‌کرێت

کانونی یەکەم 12, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز

 

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ به‌رێز مه‌سعوود بارزانى له‌ شارى دهۆک، له‌ یادى داستانى لۆمانا وتارێکى پێشکه‌ش کرد و باسى له‌ سه‌روه‌رى و ده‌ستکه‌وته‌کانى پێشمه‌رگه‌ کرد له‌ خه‌باتى رزگاریخوازى کوردستاندا و رایگه‌یاند، پێشمه‌رگه‌ ناچار بکرێت ئه‌برامز ده‌شکێنێ.

به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى باسى له‌ رۆڵى پێشمه‌رگه‌ کرد و رایگه‌یاند: "هێشتا هه‌ڕه‌شه‌کان ماون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێستا ئه‌وانه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ دێن زۆر به‌ گه‌وره‌یى و شکۆمه‌ندیى باسى قاره‌مانێتى پێشمه‌رگه‌ ده‌که‌ن که‌ مرۆڤ شانازیى پێوه‌ ده‌کات، هیچ کاتێک ئێمه‌ شه‌ڕمان هه‌ڵنه‌بژاردووه‌، به‌ڵام هه‌ر کاتێک ناچار کرابین ئه‌وا وه‌ک داستانى لۆمانا له‌ 12-12-1961 و ده‌یان سه‌روه‌رى و قاره‌مانێتى دیکه‌ و ئه‌گه‌ر ناچار بکرێن پێشمه‌رگه‌ ئه‌برامز ده‌شکێنن".

بارزانى باسى له‌و سه‌ختى و ئاسته‌نگیانه‌ کرد که‌ رووبه‌ڕووى پێشمه‌رگه‌ بوونه‌ته‌وه‌ له‌ شه‌ڕى داعشدا و وتی: "تا پێشمه‌رگه‌ له‌ تاکتیکى شه‌ڕه‌که‌ راهات، شه‌هیدێکى زۆرمان دا، ئێستاش پێشمه‌رگه‌ به‌رزترین ناوه‌ له‌سه‌ر ئاستى هه‌موو جیهان، نه‌ک ته‌نها له‌ کوردستان".


هه‌روه‌ها وتیشی: "زۆرجار شانده‌کانى ده‌ره‌وه‌ ده‌بینین لێره‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌، به‌راستى کاتێک باسى پێشمه‌رگه‌ ده‌که‌ن شانازییه‌کى گه‌وره‌ى پێده‌که‌ن، راستیشه‌، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ نه‌بوایه‌ لێره‌ نه‌ده‌بووین، دڵنیابن هیچ جاره‌ک نیازمان نه‌بووه‌ هیچ رۆژێک دڵۆپێک خوێن نه‌ له‌ ئێمه‌ و له‌ به‌رامبه‌ره‌که‌شمان بێت، هیچ کاتێکیش ده‌ستپێشخه‌رى شه‌ێ‌ نه‌بووینه‌".

بارزانى ئاماژه‌ به‌ داستانى 12-12-1961 دا و وتی: "سه‌لماندی، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بکه‌وینه‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ له‌ناوبردن، ئه‌وه‌ لاوانى ئێمه‌ ده‌توانن شه‌ڕى ئه‌برامز بکه‌ن".

راشیگه‌یاند: "هه‌موو ژیانێک ژیان نییه‌، ژیان واتا به‌سه‌ر به‌رزى له‌ناو میلله‌تى خۆتدا بژی، چه‌ند ساڵێکى که‌مى ژیان هێنده‌ ناهێنێت، که‌س له‌ پێناویدا خۆى شه‌رمه‌زارى خودا و میلله‌تى خۆى بکات".

هه‌روه‌ها وتی: "به‌ پێویستى ده‌زانم باسى ئه‌وڕۆش بکه‌ین، خه‌باتى رابردوو ئه‌مڕۆیان درووست کرد، ئێمه‌ له‌ قۆناعێکى دیکه‌ داین، ئه‌مساڵ دوو هه‌ڵبژاردن کرا، له‌سه‌ر ئاستى عێراق و هه‌رێمى کوردستان. له‌سه‌ر ئاستى عێراق زۆر که‌س وا پێشبینى ده‌کرد پارتى تووشى شکستێک بیت هه‌ڵنه‌ستێته‌وه‌، به‌ڵام پێشبینییه‌که‌یان زۆر هه‌ڵه‌ ده‌رچوو، له‌ ئه‌نجامیشدا پارتى وه‌کو حزب له‌سه‌ر ئاستى هه‌موو عێراق یه‌که‌م بوو، ئه‌وه‌ش پاداشتى میلله‌تى خۆمانه‌ که‌ له‌ پێناو مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و پێداگریکردن له‌و مافه‌، پاداشتیان کرده‌وه‌".

هه‌روه‌ها بارزانى ووتى : "عادل عه‌بدولمه‌هدى که‌سێکى تێگه‌یشتووه‌ و له‌ مێژه‌ ده‌یناسم، باوه‌ڕى به‌ مافه‌کانى میلله‌تى کورد هه‌یه‌، شتیوانى خۆمان بۆى دووپاتکرده‌وه‌ و هیواى سه‌رکه‌وتنى بۆ ده‌خوازین، هاوکاریش ده‌بین، چونکه‌ کێشه‌مان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر ده‌بی، هه‌موو کاتیش وتوومانه‌، شه‌ڕ ناکه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناچارمان بکه‌ن به‌رگرى له‌خۆمان ده‌که‌ین و ته‌سلیمى هیچ سته‌مکارێک نابین".

وتیشی: "ئومێدمان هه‌یه‌ کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بن، نامه‌وێ پێشبینى هیچ که‌س به‌رز بکه‌مه‌وه‌، ده‌بێت چاوه‌ڕێ بکه‌ین و بزانین چى رووده‌دات، به‌ڵام ئومێدم هه‌یه‌ زۆرێک له‌ کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ین".

بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، پێمانخۆشه‌ لایه‌نه‌کانى دیکه‌ش به‌شدار بن، بۆ ئه‌وه‌ش لێژنه‌یه‌ک درووستکراوه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کاندا بکه‌ن، حکوومه‌تێکى به‌هێز داده‌مه‌زرێت و گۆڕانکارییه‌کى گه‌وره‌ش له‌ سه‌ر ته‌واوى ئاسته‌کان ده‌کرێت".