نێچیرڤان بارزانى و نادیا موراد، دۆخى ئێزدییان تاوتوێ ده‌که‌ن

کانونی یەکەم 13, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 13ى کانونى یه‌که‌مى 2018، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌ خاتوو نادیا موراد خاوه‌نى خه‌ڵاتى نۆبڵى ئاشتى کرد.

له‌ دیدارێکدا سه‌رۆکى حکومه‌ت دووباره‌ پیرۆزبایى لێکرد بۆ وه‌رگرتنى خه‌ڵاته‌که‌ و هیواى سه‌رکه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها هه‌موو پشتگیرییه‌کى بۆ کار و چالاکییه‌ مرۆییه‌کانى له‌پێناو ئاشته‌وایى و خزمه‌تکردنى قوربانیانى ئێزدى و گه‌یاندنى ده‌نگیان به‌ جیهان، هه‌وڵه‌کانى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر و به‌سزاگه‌یاندنى تیرۆرستانى داعش و ناساندنى که‌یسى ئێزدییان وه‌ک جینۆساید له‌ جیهان و پاراستنیان، دووپات کرده‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ خاتوو نادیا سوپاسى سه‌رۆک وه‌زیرانى کرد و پوخته‌یه‌کى ده‌رباره‌ى به‌سه‌رهات و تراژیدیاى خۆى و ئێزدییانى خسته‌ ڕوو و تیشکى خسته‌ سه‌ر هه‌وڵه‌کانى له‌پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ى ئارامى و ئاشته‌وایى بۆ کۆمه‌ڵگه‌ى ئێزدى و ته‌واوى قوربانیانى ده‌ستى تیرۆر به‌گشتى، هه‌روه‌ها باسى له‌ دۆخى ئێستاى ئێزدییان و ناوچه‌ى شه‌نگال به‌تایبه‌تى کرد و داواى کرد حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ڕۆڵى خۆى له‌ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى شه‌نگال و ناوچه‌کانى دیکه‌ى ئیزدییان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئاواره‌کان و ژیان و پاراستنى سه‌قامگیرى له‌و ناوچانه‌، بگێڕێت.

له‌ دیداره‌که‌دا خاتوو نادیا موراد دانه‌یه‌ک له‌ کتێبه‌که‌ى به‌ ناوى (دوایین کچ) که‌ به‌ ئینگلیزى بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، به‌ دیارى پێشکه‌ش به‌ نێچیرڤان بارزانى کرد.