Error: No articles to display

پاره‌ى ڤیزاى ئێران له‌م که‌سانه‌ وه‌رناگیرێت

کانونی یەکەم 13, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


لێکتێگه‌یشتنێکى نوێ له‌نێوان پارێزگاى سلێمانى و وه‌فدێکى باڵاى کۆمارى ئیسلامى ئێران واژۆ ده‌کرێت و پارێزگارى سلێمانیش رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌مه‌ودوا ئه‌و تیمانه‌ى بۆ چالاکى وه‌رزشى و کلتورى و رۆشنبیرى له‌هه‌رێمه‌وه‌ سه‌ردانى ئێران ده‌که‌ن، له‌ پێدانى پاره‌ى ڤیزا ده‌به‌خشرێن.

پارێزگارى سلێمانى له‌گه‌ڵ وه‌فدێکى باڵاى کۆمارى ئیسلامى ئێران، به‌ ئاماده‌بوونى پاریزگارى کوردستان (سنه‌) و چه‌ند په‌رله‌مانتارێکى ئه‌نجومه‌نى شوراى ئه‌و وڵاته‌و چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رێکى گشتى پارێزگاى سنه‌، کۆبوونه‌وه‌.

له‌دواى کۆبوونه‌وه‌که‌ش د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر پارێزگارى سلێمانى له‌ کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا، رایگه‌یاند: ئامانج له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ بۆ پێداچوونه‌وه‌ى ئه‌و شه‌ش لێتێگه‌شتنه‌بوو که‌ له‌ ساڵى 2007 له‌ نێوان پارێزگاى سلێمانى و پاریزگاى کوردستان(سنه‌) واژۆکراوه‌و لێتێگه‌شتنى حه‌وته‌م واژۆ بکه‌ین به‌پێى ئه‌و باردۆخه‌ تازه‌یه‌ى له‌ ناوچه‌که‌دا هه‌یه‌.

وتیشی: له‌گه‌ڵ ئێران سنورێکى به‌رفراوانمان هه‌یه‌و چه‌ندین مه‌رزى لاوه‌کیش هه‌یه‌ له‌ئێستادا گفتوگۆیان له‌سه‌ر ده‌که‌ین تاوه‌کو بیانکه‌ین به‌ مه‌رزى ره‌سمى و هاووڵاتیان بتوانن هاتووچۆى لێوه‌ بکه‌ن، به‌مه‌ش مه‌ترسى له‌سه‌ر ژیانى کۆڵبه‌ره‌کان نامێنێت و ده‌بێته‌ هۆى بوژاندنه‌وه‌ى گونده‌کانى ئه‌و ناوچانه‌، هه‌روه‌ها کاراکردنى مه‌رزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و به‌رزکردنه‌وه‌ى ئاستى هه‌نارده‌و هاورده‌ له‌نێوان هه‌ردوولاداو لابردنى رێگرییه‌کان.

پارێزگارى سلێمانى راشیگه‌یاند: هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئاڵوگۆڕى بازرگانى و پیشه‌سازى و کلتورى و رۆشنبیرى و وه‌رزشى و کشتوکاڵى و گه‌شتوگوزار له‌گه‌ڵ ئێران به‌هێز بکه‌ین و رێگرییه‌کانى به‌رده‌م وه‌رگرتنى ڤیزاش لاببه‌ین.

وتیشی: له‌سه‌ر پێشنیازى ئێمه‌، کونسوڵخانه‌ى گشتى کۆمارى ئیسلامى ئێران بڕیاریاندا ئه‌و تیمانه‌ى هه‌رێم که‌ بۆ چالاکى وه‌رزشى و کلتورى و رۆشنبیری، سه‌ردانى ئه‌و وڵاته‌ ده‌که‌ن، له‌ پێدانى پاره‌ى ڤیزا ده‌به‌خشرێن و لێیان وه‌رناگیرێت.