چواره‌مین ڕاپۆرتى کۆمپانیاى (دیلۆیت)ى جیهانى سه‌باره‌ت به‌ وردبینى که‌رتى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى کوردستان

کانونی یەکەم 13, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌ چوارچێوه‌ى پڕۆژه‌ى وردبینى سه‌ربه‌خۆى که‌رتى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى کوردستان، ئه‌مڕۆ ڕاپۆرتى چواره‌مى وردبینى و پشتڕاستکردنه‌وه‌ى زانیارییه‌کان له‌لایه‌ن (کۆمپانیاى جیهانى دیلۆیت بۆ وردبینى و ڕاوێژکاری) تایبه‌ت به‌ داتا و زانیاریى نوێ ده‌رباره‌ى هه‌نارده‌کردن، به‌کاربردن و خه‌رجى و داهاته‌کانى نه‌وت له‌ 1ى نیسانى 2018 تا 30ى حوزه‌یرانى 2018 له‌ پێگه‌ى ڕه‌سمیى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بڵاوکرایه‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نى هه‌رێمى بۆ کاروبارى نه‌وت و گاز به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر کارکردن بۆ بره‌ودان و ده‌وڵه‌مه‌ندکردنى ڕاپۆرته‌کانى وردبینى و پێداچوونه‌وه‌ به‌ پشتبه‌ستن به‌ سه‌رنج و فیدباکى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌ناویشیاندا کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تی، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان دووپاتى پابه‌ندبوونى خۆى ده‌کاته‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هاووڵاتییانى هه‌رێمى کوردستان که‌ هه‌ردوو گه‌وره‌ کۆمپانیاى جیهانى (Deloitte) و (Ernst & Young) به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر وردبینى و پێداچوونه‌وه‌ى سه‌ربه‌خۆ بۆ سێکته‌رى نه‌وت و گاز به‌ هه‌موو پرۆسه‌ و به‌شه‌کانییه‌وه‌.

وه‌ک به‌شێک له‌ ڕێککه‌وتنمان له‌گه‌ڵ کۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌کانى وردبینی، ڕێککه‌وتن کرا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ کۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌کانى وردبینى یارمه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌ده‌ن له‌ باره‌ى ڕاهێنان و گه‌شه‌پێدانى سه‌رچاوه‌ مرۆییه‌ ناوخۆییه‌کان. ئه‌نجومه‌نى هه‌رێمى بۆ کاروبارى نه‌وت و گاز، به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ دیلۆیت، وۆرکشۆپێکى ڕاهێنانى ده‌رباره‌ى ژمێریارى و وردبینیى پیشه‌سازى نه‌وت و گاز بۆ ماوه‌ى 3 ڕۆژ له‌ ماوه‌ى 23 تا 25ى تشرینى یه‌که‌مى 2018 ڕێکخست به‌ ئاماده‌بوونى 15 به‌شداربوو له‌ فه‌رمانگه‌کانى وردبینیى پارێزگاکان سه‌ر به‌ دیوانى چاودێرى دارایى هه‌رێمى کوردستان، و پلانێک له‌ ئاماده‌کردندایه‌ بۆ ڕاهێنانى زیاتر بۆ پاڵێوراوانى هه‌ڵبژێردراو له‌لایه‌ن دیوانى چاودێرى دارایى بۆ دابینکردنیان به‌ ته‌کنیکه‌ نوێیه‌کانى وردبینى و زانیارییه‌کانى ده‌رباره‌ى نه‌وت و گاز تا له‌ داهاتوودا سوود له‌ توانا گه‌شه‌پێدراوه‌کانیان وه‌ربگیرێت له‌ بوارى وردبینیکردنى که‌رتى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى کوردستان.

ده‌توانن له‌م لینکه‌دا ده‌قى ڕاپۆرتى دیلۆیت به‌ ئیمزاکراوى و به‌ فۆرمى PDF سه‌باره‌ت به‌ وردبینیى هه‌نارده‌کردن، به‌کارهێنانى ناوخۆیی، داهات و خه‌رجییه‌کانى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى کوردستان بۆ چاره‌کى دووه‌مى 2018 به‌ هه‌ر سێ زمانى کوردی، عه‌ره‌بى و ئینگلیزى ده‌ستبخه‌ن.

ده‌توانن له‌م لینکه‌دا به‌ فۆرمى PDF نامیلکه‌یه‌کى هاوپێچ به‌ هه‌ر دوزمانى کوردى و ئینگلیزى ده‌ستبخه‌ن بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ى پێویست و ئاسانکاریى تێگه‌یشتن له‌ بڕگه‌کانى ڕاپۆرتى دیلۆیت.