به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : تێکچونى باڵانسى هێز له‌ کوردستان ده‌بێته‌ هۆى دره‌نگ که‌وتنى پێکهێنانى حکومه‌ت

کانونی یەکەم 13, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود له‌چاوپێکه‌وتنێکى بۆ روداو ده‌ڵێت باڵانسى هێز له‌ کوردستان تێکچووه‌ "ئه‌وه‌ واده‌کات پێکهێنانى حکومه‌ته‌که‌ هه‌ندێک دره‌نگ بکه‌وێ". بڕواشى وایه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێمى کوردستان ده‌وڵه‌ت بووایه‌ و ترسى کیانه‌ سیاسییه‌که‌ى نه‌بووایه‌ ئه‌وه‌ لایه‌نى براوه‌ خۆى حکومه‌تى پێکده‌هێنا .

به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود، پێیوایه‌ پرۆسه‌ى پێکهێنانى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌ت به‌ رێڕه‌وى یاسایى و ئاسایى خۆیدا تێنه‌په‌ڕیوه‌. به‌وپێیه‌ى ده‌بوو په‌رله‌مان له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى و لیژنه‌کانى هه‌ڵبژاردایه‌ و دواتر پارتى دیموکراتى کوردستان، وه‌ک خاوه‌نى زۆرترین کورسى په‌رله‌مان رابسپێردرایه‌ بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت، به‌ڵام هێشتا واى ده‌بینێ که‌ پرۆسه‌که‌ ئاسانه‌ و ئاڵۆزیى تێناکه‌وێ.

له‌ دواى راگه‌یاندنى ئه‌نجامى ده‌نگه‌کانه‌وه‌، شاندى پارتى یه‌ک جار له‌گه‌ڵ یه‌کێتى و گۆڕان گفتوگۆى کردووه‌. گفتوگۆکان زۆرتر راوێژکارى بوون و ورده‌کارییه‌کان له‌ رۆژانى داهاتوو زۆرتر قسه‌یان له‌باره‌وه‌ ده‌کرێ. به‌بڕواى به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود ده‌بێ ئه‌زموونى ئه‌م کابینه‌یه‌ دووباره‌ نه‌کرێته‌وه‌ و به‌هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ بگوترێ که‌ به‌شداریى حکومه‌ت ده‌که‌ن "نابێ به‌ رۆژ له‌ نێو حکومه‌ت بن و به‌شه‌و ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن". سه‌ربارى ئه‌وه‌ش، هێشتا رێککه‌وتن له‌نێوان پارتى و یه‌کێتى به‌ دژوار نابینێ به‌ له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌زموونى زیاتر له‌ 20 ساڵ کارى هاوبه‌شى نێوانیان و هه‌ر ئه‌وه‌ش واده‌کات ژماره‌ى کورسى نه‌بێته‌ له‌مپه‌رى به‌رده‌میان.

به‌رێزمحه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود، حکومه‌ته‌که‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌ به‌غدا به‌ نموونه‌ى ئه‌زموونێکى نوێى پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراق ده‌زانێ که‌ سه‌رۆکوه‌زیران به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنى کورسى و ده‌نگ بووه‌ خاڵى به‌یه‌کگه‌یشتنى ئه‌مریکا و ئێران و ململانێیه‌که‌ نه‌یهێشت هیچکام له‌ لیسته‌ خاوه‌ن کورسییه‌کان سه‌رۆکوه‌زیر دیارى بکه‌ن: "له‌ کوردستانیش پرۆسه‌که‌ ئاوا ئاسان ده‌بێ و کورسى و ده‌نگ نابێته‌ کێشه‌ و ده‌گه‌نه‌ ئه‌نجام، به‌ڵام سه‌ره‌تا ده‌یانه‌وێ بزانن کێ زۆرتر له‌وى دیکه‌ وه‌رده‌گرێ".

به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود ده‌ڵێت باڵانسى هێز له‌ کوردستان تێکچووه‌ "ئه‌وه‌ واده‌کات پێکهێنانى حکومه‌ته‌که‌ هه‌ندێک دره‌نگ بکه‌وێ". بڕواشى وایه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێمى کوردستان ده‌وڵه‌ت بووایه‌ و ترسى کیانه‌ سیاسییه‌که‌ى نه‌بووایه‌ "پارتى له‌گه‌ڵ کورسى کۆتاکان ده‌یتوانى به‌بێ سه‌رئێشه‌ حکومه‌ت پێکبهێنێ، ئێستاش کاره‌که‌ هه‌ر ئاسانه‌ بۆ پارتى و ئه‌وه‌ى ئێمه‌ ده‌یبینین ئه‌وه‌یه‌ له‌ سلێمانى هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌ ژماره‌یه‌ک به‌ربژێره‌وه‌ که‌ ده‌یانه‌وێ جێگرى پۆسته‌کان وه‌ربگرن، ئاماده‌ن بۆ دانوستاندن".


سکرتێرى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان پێیوایه‌ :"یه‌کێتى داواى 50 به‌50 ده‌کات له‌ پارتى و به‌ هاوبه‌شیى راسته‌قینه‌ ده‌ریده‌بڕێ، بڕواناکه‌م 50به‌ 50 سه‌ربگرێ، نه‌ کورسییه‌کان و نه‌ ده‌نگه‌کانیش وه‌ک جاران نه‌ماون". به‌ڵام دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر له‌ نێوان پارتى و یه‌کێتى ئاسان ده‌بینێ.

به‌رێز محه‌ممه‌دى حاجى مه‌حمود سه‌باره‌ت به‌پۆستى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم ده‌ڵێت: "به‌هێزیى ئه‌و پۆسته‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ له‌نێو خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێ، ئه‌گه‌رنا باشتره‌ ئه‌و پۆسته‌ کارا نه‌کرێته‌وه‌، چونکه‌ ناکرێ هه‌موو رۆژێک ژماره‌یه‌ک په‌رله‌مانتار بانگى بکه‌ن بۆ په‌رله‌مان".

 به‌رێز مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان رۆژى 22ى تشرینى دووه‌مى ئه‌مساڵ سه‌ردانى به‌غداى کرد. ئه‌گه‌ر  به‌ڕێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود له‌ جێگاى بارزانى بووایه‌، ده‌چووه‌ به‌غدا؟ ئه‌و ده‌ڵێ "به‌ڵێ" چونکه‌ پێیوایه‌ سه‌ردانه‌که‌ باش بووه‌ "به‌ڵام پێمباش نه‌بوو هه‌ندێک که‌س ببینێ، به‌ دیاریکراوى عه‌بادی. چونکه‌ ئه‌وه‌ى به‌عس به‌ کوردى کرد، عه‌بادیش کردی".

سکرتێرى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان و به‌رپرسه‌ سیاسییه‌کانیش هه‌میشه‌ پێش رووداوه‌کان ده‌که‌ون به‌ بارێکى هه‌ڵه‌دا. ئه‌و زۆرتر مه‌به‌ستى ئه‌وه‌یه‌ که‌ بڕیارى پێشوه‌خته‌ى هه‌ڵه‌ و خۆشبینى سیاسییان باش نییه‌. به‌ڕوونی، ده‌یه‌وێ هیوا هه‌ڵچنین له‌سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی، وه‌ک نۆژه‌نکه‌ره‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان کوردستان و به‌غدا، زێده‌ڕۆیى تێدا نه‌کرێت و چاوه‌ڕوانى گه‌شبینانه‌ى زۆرى لێ نه‌کرێ.

"بۆ عه‌للاوى گوتیان باشترین سه‌رۆک، دواتر بۆ جه‌عفه‌رى گه‌شبین بوون. پاشان هیواى زۆریان له‌سه‌ر مالیکى هه‌ڵچنى و دواتر که‌ له‌ویش بێهیوا بوون، عه‌بادییان کرد به‌ ئه‌ندازیارى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان، ئێستا زووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وه‌نده‌ له‌باره‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌ بگوترێ".

به‌ڕێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود، باسى سیسته‌مى سیاسى عێراق ده‌کات و بۆچوونى زاڵ که‌ کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کى خاوه‌ن مافه‌ ده‌ستوورییه‌کانى له‌و وڵاته‌دا قبوڵناکات "عادل عه‌بدولمه‌هدى خاوه‌نى یه‌ک کورسى په‌رله‌مانى نییه‌ و ناتوانێ له‌ هێڵى کێشراوى حیزبه‌کان لابدات، ئه‌و باشییه‌ى له‌ که‌سایه‌تى خۆیدا هه‌یه‌، ته‌نیا واده‌کات وه‌ک عه‌بادى تانک نه‌نێرێته‌ سه‌ر کوردستان و ئه‌گه‌ر گوشارى زۆریشى لێبکه‌ن بودجه‌ى خه‌ڵکى کوردستان ببڕێ، ته‌نیا ده‌توانێ ده‌ستله‌کاربکێشێته‌وه‌".