زیاتر له‌ 4 تۆن خۆراك ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا

کانونی یەکەم 13, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز

به‌هۆی پابه‌ند نه‌بون به‌مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی بڕێكی زۆر خۆراكی عه‌مباركراو له‌ناوده‌بات و نوێنه‌ره‌كه‌ی ته‌ندروستی رایده‌گه‌یه‌نێت شێوازی عه‌مباركردنه‌كه‌یان هه‌ڵه‌بووه‌.

ئازاد نه‌بی، نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان به‌ جه‌ماوه‌رنیوز رایگه‌یاند به‌هۆی نه‌بونی مه‌رجه‌كانی كاركردن به‌تایبه‌ت ته‌ندروستیه‌كان، لیژنه‌ی كۆگاكان ده‌ستی به‌سه‌ر بڕێكی زۆر خۆراكدا گرتوه‌ كه‌ شێوازی عه‌مباركردنه‌كه‌ی هه‌ڵه‌یه‌ و به‌شێكی له‌به‌ر باران دانراوه‌.

وتیشی له‌ سه‌رپێچیه‌كانی تری‌ شوێنه‌كه‌، نه‌شیاوی شوێنه‌كه‌ بۆ كۆگا و عه‌مباركردنی خوارده‌مه‌نی نه‌بونی مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی هه‌روه‌ها هه‌بونی ژماره‌یه‌كی زۆر فه‌رده‌و گوێنیه‌ی به‌تاڵ گومانی ده‌ستكاری كردنی به‌روار و لێبڵه‌كانی لێده‌كرێت.

ئازاد نه‌بی هێمای بۆ ئه‌وه‌كرد ئه‌و خۆراكه‌ وشكانه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه بڕه‌كه‌ی زیاتره‌ له‌ 4 تۆن و جۆره‌كانیشی له‌‌ نسیك، نۆك، گوێز، ره‌شكه‌ و لیمۆی به‌سرایی پێك هاتووه‌.

وتیشی؛ به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی ئه‌و خۆراكانه‌ی ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی له‌ناوبردنی سه‌ر به‌لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌ له‌ناو ده‌برێت و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌روی یاسا ده‌كرێته‌وه‌. 

به‌پێی رێنماییه‌كانی كاركردن پێویسته‌ ئه‌و شوێنه‌ی بۆ عه‌مباركردنی خوارده‌مه‌نی به‌كارده‌هێنرێت ‌مۆڵه‌تی له‌لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان وه‌رگرتبێت و سه‌رجه‌م مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی جێبه‌جێ بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێویسته كه‌ڕو و شێی نه‌بێت‌ شوێنه‌كه‌ی وشك بێت و له‌هه‌مو لایه‌كیشه‌وه‌ رێگری له‌ چونه‌ ژوره‌وه‌ی مشك و جرج بكرێت