Error: No articles to display

قوباد تاڵه‌بانی: ده‌ستمانکردووه‌ به‌ دیجیتاڵکردنى وه‌زاره‌ته‌کان و شێوازى کارکردنمان له‌ ناو حکوومه‌ت

کانونی یەکەم 15, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 15 ى مانونى یه‌که‌مى 2018 فیستیڤاڵى نێوده‌وڵه‌تى ته‌کنه‌لۆجیاى زانیارى له‌ شارى سلێمانى به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ فیستیڤاڵه‌که‌دا قوباد تاڵه‌بانى باسى له‌وه‌ کرد، که‌ته‌کنه‌لۆجیاى زانیارى ئاینده‌ى هه‌رێمى کوردستانه‌ و ده‌توانێت هه‌لى کار بۆ گه‌نجانى هه‌رێمى کوردستان بڕه‌خسێنێت و له‌ ئێستادا بازاڕى کوردستان ناتوانێت وه‌ک پێویست هه‌لى کار بڕه‌خسێنێت بۆ ده‌رچووانى زانکۆ و په‌یمانگاکان، به‌ڵام له‌ ئاینده‌یه‌کى نزیکدا له‌ کوردستان، له‌ که‌رتى تایبه‌ت و حکوومی، پێویستیه‌کى زیاترمان به‌خه‌ڵکانێک ده‌بێت له‌ ته‌کنه‌لۆجیا و بوارى ئایتیدا شاره‌زا بن.

وتیشی" ده‌ستمانکردووه‌ به‌ دیجیتاڵکردنى وه‌زاره‌ته‌کان و شێوازى کارکردنمان له‌ ناو حکوومه‌ت، تاکو ئه‌و بڕیارانه‌ى حکوومه‌ت ده‌یدات له‌سه‌ر بنه‌ماى زانستى بێت نه‌ک مه‌زاج".

ڕوونیشى کرده‌وه‌ که‌ به‌رنامه‌ى بایۆمه‌ترى هه‌نگاوێکه‌ بۆ دانانى ژێرخانێکى تۆکمه‌ و له‌ داهاتوودا بێجگه‌ له‌ مووچه‌خۆران، ده‌توانێت هه‌موو هاوڵاتیان بگرێته‌وه‌ و خزمه‌تگوزارى و بیمه‌ى ته‌ندروستى له‌ رێگاى بانکه‌کانه‌وه‌ دابین بکات، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش پێویستى به‌ کادرى زیاتره‌ له‌ بوارى ئایتیدا و له‌ کاتێک که‌ پرۆسه‌ى باج به‌ دیجیتاڵ بکه‌ین، ده‌بێت که‌رتى تایبه‌ت خۆى له‌گه‌ڵیدا بگونجێنێت و دوربکه‌وێته‌وه‌ له‌ سیسته‌مى سجیلات و سوود له‌ دیجیتاڵ وه‌ربگرن، ئه‌و کات حکوومه‌ت و که‌رتى تایبه‌ت ئاسانتر ده‌توانن به‌راوردى کاره‌کانى خۆیان بکه‌ن و کوردستان له‌ که‌رتى حکوومه‌ت و که‌رتى تایبه‌تیشدا پێویستى به‌ سوپایه‌ک له‌ کادرى ئایتى هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها وتی" ئه‌گه‌ر کێشه‌ى سیاسیمان هه‌بێت و نه‌توانین په‌یامه‌کانمان بگه‌یه‌نینه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وا له‌ رێگاى دنیاى ته‌کنه‌لۆجیاوه‌ که‌ هه‌موو جیهانى به‌ستووه‌ به‌یه‌که‌وه‌، ده‌توانین په‌یامه‌کانمان بگه‌یه‌نین به‌ ده‌ره‌وه‌".

جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران باسى له‌وه‌شکرد پێویسته‌ زۆرێک له‌ یاساکانمان نوێ بکه‌ینه‌وه‌ و بیانگونجێنین له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا، له‌ کوردستان و عێراق یاساکان کۆنن و زیاتر له‌ حه‌فتا ساڵه‌ کاریان پێده‌کرێت و پێویسته‌ یاساکانى عێراق هه‌مواربکرێنه‌وه‌ و زۆرێک له‌ یاساکان بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ناگونجێن، پێویسته‌ بیانگونجێنین له‌گه‌ڵ پێداویستیه‌کانى ئه‌م سه‌رده‌مه‌.

هه‌روه‌ها وتى "پێویسته‌ که‌رتى خوێندنى باڵا و په‌روه‌رده‌ به‌ گشتی، فێرخوازه‌کان فێربکه‌ن و شاره‌زایى ته‌واویان له‌ بوارى ته‌کنه‌لۆجیادا هه‌بێت".

سه‌باره‌ت به‌ ئاینده‌ى حکوومه‌تى هه‌رێم وتى "ئێستا له‌ قۆناغێکداین حکوومه‌تێکى نوێ پێکده‌هێنرێت، هیوادارین حکوومه‌تى ئاینده‌ په‌یوه‌ندیه‌کى باشى له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى عێراق هه‌بێت، گه‌شبینم به‌وه‌ى ده‌توانین دوربکه‌وینه‌وه‌ له‌ قه‌یرانه‌کان و حکوومه‌تى داهاتوو هه‌ر که‌سێک بێت گرنگییه‌کى زیاتر بدات به‌ ته‌کنه‌لۆجیا و بوژانه‌وه‌ى بازاێ‌ و ژێرخانى ته‌کنه‌لۆجیا".