سلێمانى ...‌ نۆرینگه‌یه‌ک و ده‌رمانخانه‌یه‌ک داده‌خرێت

کانونی یەکەم 15, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌هۆى نه‌بونى مۆڵه‌ت و به‌ نایاسایى کارکردن، لیژنه‌ى ته‌ندروستى سه‌ر به‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى نۆرینگه‌یه‌ک و ده‌رمانخانه‌یه‌ک داده‌خات.

گۆران قادر، سه‌رۆکى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان رایگه‌یاند: له‌ ئه‌نجامى پشکنینه‌ به‌رده‌وامه‌کانى لیژنه‌ى هاوبه‌شى ته‌ندروستى بۆ ده‌رمانخانه‌ و نۆرینگه‌ و تاقیگه‌ پزیشکیه‌کان، به‌هۆى پابه‌ند نه‌بونیان به‌ مه‌رج و رێنماییه‌کانى کارکردن نۆرینگه‌ى جه‌مال و ده‌رمانخانه‌ى رێنما له‌شارى سلێمانى داده‌خرێن.

وتی: نۆرینگه‌ى جه‌مال له‌ گه‌ڕه‌کى کانى کورده‌ى شارى سلێمانى پێشتر پسوڵه‌ى بۆکراوه‌ و ئاگادارکراوه‌ته‌وه‌ پابه‌ندى ئه‌و (18) جۆر ده‌رمانه‌ى سه‌ندیکاى ده‌رمانسازان ‌بۆى دیاریکردون بێت و جۆرى زیاتر له‌ ده‌رمانخانه‌که‌یدا نه‌بێت، به‌ڵام به‌هۆى سه‌رپێچیه‌وه‌ بڕیارى داخستنى شوێنه‌که‌ دراوه‌.

هه‌روه‌ک وتی: سه‌رپێچى ده‌رمانخانه‌ى رێنما له‌ گه‌ڕه‌کى تاڤگه‌ نه‌بونى مۆڵه‌تى کارکردنه‌، به‌پێى یاسا رێگه‌ به‌و شوێنانه‌ نادرێت بێ مۆڵه‌ت کاربکه‌ن، بۆیه‌ شوێنه‌که‌ داده‌خرێت تا ئه‌وکاته‌ى مۆڵه‌تى کارکردن ته‌واوده‌کات.

وتیشی: به‌فه‌رمانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى و له‌لایه‌ن لیژنه‌ى هاوبه‌شى ته‌ندروستیه‌وه‌ هه‌ردو نۆریگه‌ى جه‌مال وده‌رمانخانه‌ى رێنما داده‌خرێت و رێکارى یاسایى پێویست به‌رامبه‌ر خاوه‌نه‌کانیان ده‌گیرێته‌ به‌ر.

سه‌رۆکى لیژنه‌کان رونیکرده‌وه‌ : بۆ ئه‌نجامدانى هه‌رکارو پیشه‌یه‌کى بازرگانی، پێویسته‌ خاوه‌نکار مۆڵه‌تى کارکردن له‌ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار به‌ پیشه‌که‌ وه‌ربگرێت که‌ بنه‌ماى کار کردنه‌که‌یه‌تی، دواى ته‌وابونى مۆڵه‌ت ده‌ست به‌کاره‌که‌ى بکات، به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ ده‌رمانخانه‌کان پێویسته‌ له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تى ته‌ندروستى سلێمانى مۆڵه‌تى کردنه‌وه‌ بۆ شوێنه‌که‌ و کارکردن تێیدا وه‌ربگرن، کارکردنى بێ مۆڵه‌ت سه‌رپێچیه‌ و له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانه‌وه‌ داده‌خرێت.