Error: No articles to display

عه‌لى قه‌ره‌داغی، دراوى بیتکۆین و وه‌ن کۆین حه‌رام ده‌کات

ئاب 20, 2018

له‌ فتوایه‌کیدا د. عه‌لى قه‌ره‌داغی، ئه‌میندارى گشتیى یه‌کێـتى جیهانى زانایانى موسڵمان مامه‌ڵه‌کردن به‌ دراوه‌ ئه‌لیکترۆنییه‌کانى وه‌ک بیتکۆین و وه‌ن کۆین حه‌رام ده‌کات ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات " مامه‌ڵه‌کردن به‌ هه‌موو ئه‌و دراوانه‌وه‌ روویه‌کى شه‌رعیان نییه‌، چونکه‌ خه‌ڵک سه‌رقاڵ ده‌کات و پاره‌یه‌کى زۆرى وڵات رووده‌کاته‌ ده‌ره‌وه‌، واته‌ پرۆسه‌یه‌که‌ بۆ خواردنى ماڵى خه‌ڵک به‌ حه‌رام، که‌مینه‌یه‌ک قازانج ده‌کات له‌سه‌ر حسابى زیانى زۆرینه‌".
ناوبراو ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو ده‌بێت دراوى ئه‌لکترۆنى له‌ دوو شت پێکهاتبێت یه‌که‌م ئه‌وه‌ى پێیده‌ڵێن زنجیره‌ى خوارزمى (بلۆک چین) ئه‌مه‌ شتێکى دروسته‌ نابێت ئه‌مه‌ حه‌رام بکرێت، چونکه‌ ئاینده‌ى چاره‌نووسى دراوه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌مه‌

له‌ فه‌توایه‌که‌ى د. عه‌لى قه‌ره‌داغى هاتووه‌ "به‌پێى زنجیره‌ى دراو ده‌بێت له‌ (ئاڵوگۆڕ)ـه‌وه‌ ده‌ستپێبکات بۆ شمه‌ک، پاشان بۆ دراو پاشان بۆ دراوى کاغه‌ز پاشان بۆ دراوى ئه‌لیکترۆنی، ئه‌م دراوه‌ ئه‌لکترۆنییانه‌ هیچ بوونێکى به‌رجه‌سته‌یان نییه‌، له‌ خه‌یاڵدا مامه‌ڵه‌یان پێوه‌ده‌کرێت، وه‌ک ئۆپشنى هه‌شتاکان وایه‌، یان وه‌ک مارجن و فۆریکسى ئێستا".


ده‌قى فتواکه‌ى ، ئه‌میندارى گشتیى یه‌کێـتى جیهانى زانایانى موسڵمان له‌ باره‌ى داراوه‌ ئه‌لیکترۆنیه‌کان

 

بسم الله‌ الرحمن الرحیم

ژماره‌ى دراوه‌ ئه‌لکترۆنیه‌کان هه‌تا ئێستا گه‌یشتۆته‌ نزیکى 9000 دراو، له‌وانه‌ش بت کۆین و وه‌ن کۆین، له‌ راستیدا ئه‌و دراوه‌ى که‌ تائێستا زۆر به‌ناوبانگه‌ بت کۆینه‌، وه‌ن کۆین ناوبانگێکى ئه‌وتۆى نیه‌، ته‌نها له‌ کوردستان ئه‌و ره‌واجه‌ زۆره‌ى پێ‌ دراوه‌، هه‌تا ئێستا هیچ وڵاتێک دانى به‌ وه‌ن کۆیندا نه‌ناوه‌، ئه‌وه‌ى که‌ هه‌یه‌ شتى پچێ‌ پچێ‌ و متمانه‌ پێ‌ کراو نیه‌، به‌ڵام ده‌بێت راستیه‌ک بزانین ئه‌مه‌ به‌شێکه‌ له‌ ده‌رهاویشته‌کانى سیستمى ئابورى سه‌رمایه‌داری، ئه‌و له‌سه‌ر بنه‌ماى قازانج مامه‌ڵه‌ ده‌کات، له‌به‌رئه‌وه‌ گوێ‌نادا به‌وه‌ى دراوه‌که‌ دانى پێدا نراوه‌ یان نا، ئه‌وان به‌شوێن باجدا ده‌گه‌ڕێن، مه‌به‌ستیان نیه‌ ماهیه‌تى ئه‌و شته‌ چیه‌.

له‌ ساڵه‌کانى هه‌شتاکاندا option سه‌ریهه‌ڵدا، واته‌ تۆ مافى شتێک ده‌فرۆشی، سه‌ره‌تا که‌ سه‌رى هه‌ڵدا خه‌ڵک زۆر حه‌زى لێ ده‌کرد، به‌ڵام به‌ڕاى هه‌موو توێژه‌رانى بوارى ئابورى ئه‌وه‌ یه‌کێک بوو له‌ هۆکاره‌کانى ئه‌و قه‌یرانه‌ ئابوریه‌ى که‌ جیهان له‌ ساڵى 2008 هه‌تا ئێستا تێى که‌وتووه‌، ده‌بێت ئێمه‌ش ئه‌وه‌ بزانین که‌ نابێت هه‌ر شتێک سیستمى سه‌رمایه‌دارى دایهێنا ئێمه‌ وه‌ک عورف سه‌یرى بکه‌ین و مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ بکه‌ین، ئێمه‌ وه‌ک مسوڵمان بۆچوونى ترمان هه‌یه‌ که‌ ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ بنه‌ماکانى ئابورى ئیسلامی، ئابورى ئیسلامى له‌گه‌ڵا موڵکایه‌تى و بووندا مامه‌ڵه‌ ده‌کات، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵا شتى خه‌یاڵیدا ناکات.

له‌ ئابوورى ئیسلامیدا ره‌گه‌زه‌کانى چالاکى ئابوورى پشت ده‌به‌ستێت به‌ (5) بنه‌ما:

به‌رهه‌مهێنان.
خه‌رجکردن.
ئاڵوگۆڕ.
دابه‌شکردن.
دووباره‌ دابه‌شکردن.

من ده‌ڵێم ده‌بێت ره‌گه‌زى یه‌که‌م موڵکایه‌تى بێت له‌ موڵکایه‌تیه‌وه‌ به‌رهه‌م دروست ده‌بێت له‌ دوایشدا ئه‌وه‌کانى تر.

ده‌بێت هۆکارێک هه‌بێت که‌ تۆ شتێکت هه‌بێت وه‌ک موڵکى تۆ بناسرێت جا ئه‌و شته‌ ماددى بێت یان مه‌عنه‌وی، ده‌بێت ئه‌و شته‌ش بوونێکى هه‌بێت، واته‌ به‌رجه‌سته‌ بێت بۆئه‌وه‌ى پێوانه‌ بکرێت، ئه‌وانه‌ى ئێستا رابه‌رایه‌تى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌که‌ن زۆر ویستیان راى من بزانن، وه‌فدێکى ئه‌وانه‌ى وه‌ن کۆین هاتن بۆ قه‌ته‌ر به‌باشى گوێم لێ گرتن، به‌ڵام من په‌له‌م نه‌کرد له‌ فه‌تواکه‌دا، من ماوه‌ى شه‌ش مانگ توێژینه‌وه‌م له‌سه‌ر کرد له‌ ئه‌نجامى ئه‌وه‌شدا (5) پرسیارى گرنگم بۆ دروست بوو، من ئه‌و (5) پرسیاره‌م ئاراسته‌ى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان کرد، وتم ئێوه‌ وه‌ڵامى ئه‌و (5) پرسیاره‌م بده‌نه‌وه‌ دوایى هه‌ڵوێستى خۆمتان پێ‌ده‌ڵێم.

یه‌که‌م/ پرسیارم ئه‌وه‌بوو، ئایا ئه‌م پاره‌ که‌ وه‌رده‌گیرێت له‌ به‌رامبه‌ر وه‌ن کۆین ده‌چێته‌ کوێ‌؟ به‌پێى زانیارى دروست ده‌چێته‌ گیرفانى ئه‌و کۆمپانیایه‌ى که‌ سه‌رپه‌رشتى ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ده‌کات و یه‌ک فلس نامێنێته‌وه‌ بۆ به‌شداربوان.

دووه‌م/ ئایا هیچ کۆمپانیایه‌ک هه‌یه‌ که‌ مافى مه‌عنه‌وى ئه‌مانه‌ له‌خۆ بگرێت؟

سێیه‌م/ ئایا هیچ وڵاتێک هه‌یه‌ زه‌مانه‌تى ئه‌م وه‌ین کۆین و بت کۆینه‌ بکات، بۆ نموونه‌ دینارى عێراقى عێراق پشتیوانى ده‌کات، ئه‌ى ئه‌م وه‌ن کۆینه‌ کێ‌ پشتیوانى ده‌کات. واته‌ زه‌مانه‌تى نیه‌.

چواره‌م/ ئایا هیچ کۆمپانیایه‌کى پشکدار هه‌یه‌ که‌ خۆى بکات به‌ خاوه‌نى ئه‌م دراوانه‌ و وه‌ک به‌شێک له‌ خۆى حسابى بۆ بکات، وه‌ هه‌ر که‌سێک پشکێک بکڕێت ببێت به‌ به‌شدار له‌و کۆمپانیایه‌؟

پێنجه‌م/ چ زه‌مانێک هه‌یه‌ بۆ ئه‌و خه‌ڵکانه‌ى که‌ به‌شداریان کردووه‌ له‌ کاتێکدا که‌ ئه‌و دراوه‌ پوچه‌ڵا بکرێته‌وه‌؟

له‌گه‌ڵ چه‌ند پرسیارێکى تردا کردمان به‌ ئینگلیزى و ناردمان بۆیان، به‌ڵام ئه‌وان له‌ جیاتى ئه‌وه‌ى که‌ وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌ وتیان ئه‌م پرسیارانه‌ زۆر نهێنى تێدایه‌، ئێمه‌ ناتوانین به‌ ته‌له‌فون یان ئێمه‌یڵا وه‌ڵام بده‌ینه‌وه‌، ئه‌وان وتیان ئێمه‌ حه‌ز ده‌که‌ین سه‌ردانێکمان بکه‌یت، به‌ڵام من ئامانجى ئه‌وان تێگه‌یشتم، چونکه‌ ته‌نها ئه‌گه‌ر وێنه‌یه‌کم بگرن لاى خۆیان سودى لێ‌ وه‌رده‌گرن بۆ شه‌رعیه‌تدان به‌ دراوه‌که‌یان، من رازى نه‌بووم به‌ڵکو داوام لێکردن با ئه‌وان سه‌ردانم بکه‌ن له‌ قه‌ته‌ر یان له‌ هه‌ر وڵاتێکى تر، به‌ڵام هه‌تا ئێستا وه‌ڵامیان نه‌بووه‌ له‌ دواى ئه‌وه‌ دوو چاوپێکه‌وتنم له‌گه‌ڵ جه‌زیره‌ ئه‌نجامدا، یه‌که‌میان بۆ ته‌ئصیلى دراوى ئه‌لکترۆنى بوو که‌ ده‌بێت چۆن بێت، وتم ده‌بێت دراوى ئه‌لکترۆنى له‌ دوو شت پێکهاتبێت یه‌که‌م ئه‌وه‌ى پێیده‌ڵێن زنجیره‌ى خوارزمى (بلۆک چین) ئه‌مه‌ شتێکى دروسته‌ نابێت ئه‌مه‌ حه‌رام بکرێت، چونکه‌ ئاینده‌ى چاره‌نووسى دراوه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌مه‌.

به‌پێى زنجیره‌ى دراو ده‌بێت له‌ (ئاڵوگۆڕ)ه‌وه‌ ده‌ستپێبکات بۆ شمه‌ک، پاشان بۆ دراو پاشان بۆ دراوى کاغه‌ز پاشان بۆ دراوى ئه‌لکترۆنی، ئه‌م دراوه‌ ئه‌لکترۆنییانه‌ هیچ بونێکى به‌رجه‌سته‌یان نیه‌ له‌ خه‌یاڵدا مامه‌ڵه‌یان پێوه‌ ده‌کرێت، وه‌ک ئۆپشنى هه‌شتاکان وایه‌، یان وه‌ک مارجن و فۆریکسى ئێستا.

ئه‌م دراوه‌ مامه‌ڵه‌ پێکردنى له‌ بانک یان بۆ هه‌رشتێکى تر حه‌رامه‌، با ئه‌وه‌ى کڕیویه‌تى بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ و قازانجه‌که‌شى بخاته‌ کارى خێرخوازییه‌وه‌.

من به‌شداریم کرد له‌ کۆنگره‌یه‌کى نێوده‌وڵه‌تى له‌سه‌ر دراوى ئه‌لکترۆنی، چوار پێنج پڕۆفیسۆرى ئه‌مریکى بوارى ئابورى به‌شداریان کرد، ئه‌وان وتیان ئێمه‌ پشتیوانى له‌ قسه‌کانى دکتۆر عه‌لى ده‌که‌ین و هیچ قسه‌یه‌کمان له‌سه‌ر قسه‌کانى ئه‌و نیه‌، وتیان ئێمه‌ رامانوایه‌ هه‌موو ئه‌و دراوانه‌ خه‌یاڵین، وه‌ک دراو و خراونه‌ته‌ سه‌ر بلۆک چین.

من (5) چاره‌سه‌رم بۆ دانان..

یه‌که‌م/ ده‌وڵه‌تێک بیکات به‌ دراوى دووه‌مى خۆی، ئه‌م دراوه‌ یان بیخاته‌ پاڵ نه‌وت و غاز، دراوه‌که‌ به‌و شتانه‌ پشتیوانى بکرێت له‌سه‌ر بنه‌ماى زنجیره‌ى خواریزمی.

دووه‌م/ یان کۆمپانیایه‌کى خاوه‌ن پشک رابگه‌یه‌نن هه‌رکه‌س به‌ چه‌ند کۆین به‌شدارى کرد بۆى ببێ‌ به‌ به‌ش له‌ کۆمپانیاکه‌.

ده‌رباره‌ى (کیو نێت)یش ئه‌وه‌ له‌لایه‌ن زانایانى کۆمه‌ڵى فیقهى ئیسلامى حه‌رام کراوه‌.

له‌ کۆتاییدا ده‌ڵێم مامه‌ڵه‌کردن به‌ هه‌موو ئه‌و دراوانه‌وه‌ روویه‌کى شه‌رعیان نییه‌، چونکه‌ خه‌ڵک سه‌رقاڵ ده‌کات و پاره‌یه‌کى زۆرى وڵات رووده‌کاته‌ ده‌ره‌وه‌، واته‌ پرۆسه‌یه‌که‌ بۆ خواردنى ماڵى خه‌ڵک به‌ حه‌رام، که‌مینه‌یه‌ک قازانج ده‌کات له‌سه‌ر حسابى زیانى زۆرینه‌.

دکتۆر عه‌لى قه‌ره‌داغی
ئه‌میندارى گشتیى یه‌کێـتى جیهانى زانایانى موسڵمان
2018-8-19