Error: No articles to display

ڕۆژی ئاڵای كوردستان به‌رزڕاگیرا

کانونی یەکەم 17, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز

ئا: ڕێبه‌ر كاروان

ئه‌مرۆ 17ی كانونی یه‌كه‌م له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌بۆنه‌ی ڕۆژی ئاڵای پیرۆزی كوردستان چه‌ندین چالاكی به‌رێوه‌چوو.

له‌ وتارێكدا پشتیوان سادق، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند پێویسته‌ گرنگی به‌ بابه‌ته‌ نیشتیمانی نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵه‌كانمان به‌های ئه‌و ئاڵایه‌ و ئه‌و هه‌مو خه‌بات و قوربانیدانه‌ بزانن

وتیشی ساڵی رابردوو رێگه‌یان نه‌دا له‌ كه‌ركوك ئاڵای كوردستان هه‌ڵبكرێت، به‌ڵام ئه‌مساڵ تا ئێستا هیچ رێگریه‌ك نیه‌، به‌ڵام ناتوانن رێگری له‌و هه‌موو قوتابی و خوێندكار و مامۆستا و سه‌رپه‌رشتیار و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ بكرێت بۆیه‌ له‌ كه‌ركوك ئاڵای كوردستان به‌به‌رزی ده‌شه‌كێته‌وه.

شه‌وی ڕابردویش ژماره‌یه‌ك له‌ لاوانی كه‌ركوك له‌ شوێنه‌ گشتیه‌كانی كه‌ركوك ئالای كوردستانیان له‌ شاری كه‌ركوك هه‌ڵكرد و ئه‌مڕۆش له‌و شاره‌ له‌ قوتابخانه‌كاندا چالاكی بۆ به‌رز ڕاگرتی ڕۆژی ئاڵای كوردستان ئه‌نجامدرا.

‌ ده‌قی یاسای ئاڵای كوردستان :


په‌رله‌مانى كوردستان بۆیه‌كه‌م جار له‌ 11ی تشرینی دووه‌می 1999 یاسای ژماره‌ 14ى ده‌ركرد كه‌یاساى ئالاى هه‌رێمى كوردستانه‌، وله‌10 ماده‌ پیكهاتووه‌ ورده‌كارى له‌باره‌ى ره‌نگ وپێكهاته‌ و قه‌باره‌ و چۆنیه‌تى به‌رزكردنه‌وه‌ داگرتنى ئالاكه‌ى له‌خۆگرتووه‌، بۆ ئاگاداربوونى هاورێیان له‌ ناوه‌رۆكى یاساكه‌ لیره‌دا ده‌یخه‌مه‌ روو:-
یاسای زماره‌ 14 سالی 1999
یاسای ئالای هه‌رێمی كوردستان-عێراق
ماده‌ی یه‌كه‌م: هه‌رێمی كوردستانی عێراق ئاڵایه‌كی شێوه‌ لاكیشه‌یی ده‌بێت پانیه‌كه‌ی سێ یه‌كی درێزیه‌كه‌ی ده‌بێت به‌سه‌ر سێ لاكێشه‌ی ئاسۆیی یه‌كسان له‌ درێژی و پانی دابه‌شكراوه‌، به‌م شێوه‌یه‌ی پێكهاتووه‌:
1- لاكێشه‌ی سه‌ره‌وه‌ ره‌نگی سووره‌، هیمایه‌ بۆ شه‌هیدانی بزووتنه‌وه‌ رزگاریخوازی كورد.
2- لاكێشه‌ی ناوه‌راست سپیه‌, هێمایه‌ بۆ ئاشتی و ئازادی و دیموكراتی و لێبورده‌یی كه‌ گه‌لی كوردستان ده‌یه‌وێت.
3- له‌ ناوه‌راستی لاكێشه‌ سپیه‌كه‌دا خۆرێك هه‌یه‌ ره‌نگی زه‌رده‌, ده‌كه‌وێته‌ خاڵی یه‌كتربری رووبه‌ری لاكێشه‌كه‌، 21 تیشكی سێگۆشه‌ی یه‌كسانی لێ ده‌رده‌چێت ، به‌رزی تیشكه‌كان ده‌گاته‌ ناوه‌راستی هه‌ردوو لاكێشه‌ی سوور و سه‌وز, خۆره‌كه‌ هێمایه‌ بۆ به‌رده‌وامبوونی ژیان و مه‌عریفه‌ و هیوا و گه‌شبینی, 21 تیشكه‌كه‌ش هێمایه‌ بۆ جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆز, رۆژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و راپه‌رین و شۆرش و رزگاری دژی زوڵم و سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌.
4- لاكێشه‌ی خواره‌وه‌ ره‌نگی سه‌وزه‌, هێمایه‌ بۆ كشتوكاڵ و سروشت و ژینگه‌ی كوردستان.
ماده‌ی دووه‌م: به‌نیزام ئه‌و باڵه‌خانانه‌ دیاری ده‌كرێت، كه‌ئاڵاكه‌یان له‌سه‌ر به‌رزده‌كرێته‌وه‌.
ماده‌ی سێیه‌م: به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵا له‌ كاتی خۆرهه‌ڵاتدا ده‌بێَ و داگرتنیشی له‌ كاتی خۆرئاوا بووندا ده‌بێت.
ماده‌ی چواره‌م: دروستكردنی ئاڵا و چاپكردن و فرۆشتنی په‌یوه‌سته‌ به‌ ریگه‌پێدانی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری.
ماده‌ی پێنجه‌م: نابێت ئاڵا به‌رزكردنه‌وه‌ی یان له‌ بۆنه‌ نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یه‌كان و ئاهه‌نگه‌كاندا به‌كاربێت، ئه‌گه‌ر شایه‌نی به‌كارهێنان نه‌بێت, وه‌ك گۆرینی ره‌نگ و خاوێنی و دران .
ماده‌ی شه‌شه‌م: ئاڵا له‌ ته‌ك ئاڵای عێراق به‌رزده‌كرێته‌وه‌ له‌و بۆنانه‌ش كه‌ ئاڵای عێراقی تێدا به‌رزده‌كرێته‌وه‌, هه‌ركاتێك كه‌ شێوازی ده‌ستووری له‌ ئارا دابوو بۆ داننان به‌ فیدرالیه‌ت وه‌ك چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ی كورد له‌ عێراقدا.
ماده‌ی حه‌وته‌م: ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران رێسایه‌كی تایبه‌ت بۆ ئاسانی جێبه‌جێكردنی ئه‌م یاسایه‌.
ماده‌ی هه‌شته‌م: له‌سه‌ر ئه‌نجوومونی وه‌زیرانه‌ ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكات.
ماده‌ی نۆیه‌م: كار به‌ هیچ ده‌قێكى تر ناكرێت كه‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌حكامه‌كانی ئه‌م یاسایه‌بێ .
ماده‌ی ده‌یه‌م: ئه‌و یاسایه‌ له‌رۆژی ده‌رچوونیه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت و له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی بڵاوده‌كرێته‌وه‌.
هه‌روه‌ها له‌ 19/6/2004 په‌رله‌مانى كوردستان بریارى ژماره‌ 48ى ده‌ركرد، به‌پێى ئه‌م بریاره‌: رۆژی 17-12 هه‌موو ساڵێك به‌ رۆژی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان داده‌ندرێت, رۆژی دایكه‌ له‌ كوردستان .
واته‌ هاوكاتى رۆژى به‌رزكردنه‌وه‌ى ئالا، بۆنه‌یه‌كى پیرۆزى تریشمان هه‌یه‌ ئه‌ویش رۆژى ریزگرتنه‌ له‌گه‌روه‌یى ومیهره‌بانى دایك كه‌هه‌موومان قه‌رزار بارى دایكمانین دایكى نیشتمان ودایكى مرۆڤایه‌تیمان.