پۆلیسى سلێمانى ده‌ستگیرکردنى ژن و پیاوێک به‌پێى مادده‌ى 14ى هۆشبه‌ر راگه‌یاند

کانونی یەکەم 17, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌لایه‌ن هێزه‌کانى بنکه‌ى پۆلیسى شۆڕشى سه‌ر به‌به‌شى پۆلیسى چه‌مچه‌ماڵ ژن و پیاوێک به‌پێى مادده‌ى 14ى هۆشبه‌ر ده‌ستگیرکران.

ڕۆژى 15ى 12ى 2018 ، کاتژمێر دووى پاشنیوه‌ڕۆ هێزه‌کانى بنکه‌ى پۆلیسى شۆڕش ئاگادارکرایه‌وه‌ له‌بوونى ژنێکى بێ هۆش له‌نزیک مۆنۆمێنتى ئه‌نفالى چه‌مچه‌ماڵ به‌ناوى (ه، ف، ج) له‌دایکبووى (1983) به‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌ب، دواى گه‌یشتنى هێزه‌کانى پۆلیس ژنه‌که‌ ڕه‌وانه‌ى پزیشکى دادى سلێمانى کرا و دواى ئه‌نجامدانى پشکنین ده‌رکه‌وت مادده‌ى هۆشبه‌رى له‌جۆرى (ئه‌میڤیتامین)ى به‌کارهێناوه‌ بۆیه‌ به‌بڕیارى به‌ڕێز دادوه‌ر و به‌پێى ماده‌ى 14له‌ یاساى هۆشبه‌ر ده‌ستگیرکرا .

پاش ئه‌وه‌ى لێکۆڵینه‌وه‌کان ده‌ستیان پێکردوو ووته‌ى تۆمه‌تبارى ناوبراو وه‌رگیرا توانرا ئه‌مڕۆ تۆمه‌تبارێکى تر له‌ ڕه‌گه‌زى نێر به‌ناوى (ش، م، ع) له‌دایکبووى 1982 که‌ کورده‌ به‌بڕیارى به‌ڕێز دادوه‌رو به‌پێى مادده‌ى 14ى هۆشبه‌ر ده‌ستگیربکرێت .

له‌ئێستاشدا له‌لایه‌ن بنکه‌ى پۆلیسى شۆڕشه‌وه‌ په‌ڕاوى لێکۆلینه‌وه‌ بۆ هه‌ردوو تۆمه‌تبار کراوه‌ته‌وه‌و لێکۆڵینه‌وه‌کان به‌رده‌وامن .