رۆژى ئاڵاى کوردستان له‌که‌رکوک و ناوچه‌کانى ده‌وروبه‌رى گرژى له‌نێوان هێزه‌ کوردستانیه‌کان و عێراقیه‌کان دروست ده‌کات

کانونی یەکەم 17, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌17 ى کانونى یه‌که‌مى 2018 که‌ رۆژى ئاڵاى کوردستان بوو، له‌ نێو شارى که‌رکوک و له‌ سنوورى ناحیه‌ى جه‌له‌ولاى پارێزگاى دیاله‌، کێشه‌ و گرفت له‌ نێوان هێزه‌ عێراقیه‌کان و هێزه‌ کوردیه‌کان دا ڕوویدا.

شێخ سدیق به‌رپرسى محه‌لى که‌رکوکى حزبى شیوعى، ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد ئه‌مڕۆ له‌ شارى که‌رکوک و له‌سه‌ر بیناى باره‌گاى حیزبه‌که‌یان ئاڵاى کوردستانیان هه‌ڵکردووه‌، که‌ هه‌ڵکردنى ئاڵاى کوردستان له‌دواى 16 ى ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ قه‌ده‌غه‌کراوه‌.

ناوبراو به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى وت:"دواى چه‌ند کاتژمێرێک له‌لایه‌ن دژه‌ تیرۆرى عێراق و پۆلیسى که‌رکوکه‌وه‌ ئاگادارکراونه‌ته‌وه‌، که‌ ئاڵاى کوردستان دابگرن."

وتیشى:"ئێمه‌ داگرتنى ئاڵاى کوردستانمان ره‌تکرده‌وه‌، بۆیه‌ پۆلیسى عێراقى خۆیان هاتن ئاڵاکه‌یان له‌سه‌ر باره‌گاکه‌مان داگرت."

هاوکات له‌ سه‌ر به‌رزکردنه‌وه‌ى ئاڵاى کوردستان، له‌ بازگه‌یه‌کى هاوبه‌شى پۆلیسى عێراقى و ئاسایشى کوردى، له‌ نێوان ناحیه‌کانى جه‌له‌ولاى پارێزگاى دیاله‌ و کوڵه‌جۆى سنورى گه‌رمیان، کێشه‌و گرفت دروستبووه‌.

به‌پێى زانیاریه‌کانى ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا، کاتێک ئاسایش ئاڵاى کوردستانیان هه‌ڵکردووه‌، هێزێکى عێراقى له‌سنورى بازگه‌که‌ نزیک بوونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ هێزى ئاسایشى کوردیش خراونه‌ته‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشیه‌وه‌.

موقه‌ده‌م سمکو محه‌مه‌د به‌رێوه‌به‌رى ئاسایشى کوڵه‌جۆ، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى راگه‌یاندووه‌ : "گرژى نێوان ئێمه‌ و هێزه‌ عێراقیه‌کان کۆتایى هات، رێککه‌وتین ئاڵاى عێراق و کوردستانیش له‌سه‌ر بازگه‌ هاوبه‌شه‌که‌ بمێنێته‌وه‌."

ئه‌مڕۆ له‌زۆربه‌ى شاروشارۆچکه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و له‌رۆژى ئاڵادا، به‌مه‌راسیم و ئاهه‌نگ گێڕان ئه‌و رۆژه‌دا به‌رز ڕاگیرا، به‌ڵام ئه‌م رۆژه‌ له‌ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان و پێچه‌وانه‌ى ساڵانى رابردوو، به‌بێده‌نگى تێپه‌ڕێنرا.