Error: No articles to display

نێچیرڤان بارزانى و برێت مه‌کگۆرک چه‌ندپرسێک ده‌رباره‌ى دۆخى ناوچه‌که‌ تاوتوێ ده‌که‌ن

کانونی یەکەم 17, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 17ى کانونى یه‌که‌مى 2018، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌برێت مه‌کگۆرک نوێنه‌ى سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا بۆ هاوپه‌یمانێتیى نێوده‌وڵه‌تیى شه‌ڕى دژى داعش و دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزى ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق و کونسولى گشتیى ئه‌مه‌ریکا له‌ هه‌رێمى کوردستان و شاندێکى یاوه‌ریان کرد.

له‌ دیدارێکدا دوا پێشهاته‌کانى دۆخى ناوچه‌که‌ و عێراق، پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکوومه‌تى عێراق، پاڵپشتیى هێزه‌ سیاسییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌ پرۆسه‌ى سیاسیى عێراق و حکوومه‌ته‌که‌ی، په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ولێر و به‌غدا و دانوستانه‌کانى نێوان هێزه‌ سیاسییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان به‌مه‌به‌ستى پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، تاوتوێ کران.

مه‌کگۆرک پیرۆزبایى له‌ نێچیرڤان بارزانى کرد بۆ پاڵاوتنى بۆ پۆستى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان و هیواى سه‌رکه‌وتنى بۆ خواست.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان سوپاسى ئه‌و سه‌ردانه‌ى کرد و جه‌ختى کرده‌وه‌ که‌ دیالۆگى نێوان هێزه‌ سیاسییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان بۆ پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌رده‌وامه‌ و دووپاتى کرده‌وه‌ کابینه‌ى داهاتووى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌لایه‌ن هێزه‌ سه‌ره‌کییه‌کانه‌وه‌ پێکده‌هێنرێت.

تاوتوێکردنى چه‌ند پرسێک ده‌رباره‌ى دۆخى ناوچه‌که‌ و په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌کان‌، لایه‌نێکى دیکه‌ى دیداه‌رکه‌ بوو.