دوو سادکردنى رێى (باشماخ – پێنجوێن) بودجه‌ى پێویست بۆ خه‌رج کراوه‌

کانونی یەکەم 18, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌لایه‌ن به‌رپرسانى پارێزگاى سلێمانى و سنه‌ى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان، کار بۆ ته‌واوکردنى کاره‌کانى رێى دوو سایدى مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى باشماخ ده‌کرێت و چه‌ند رێیه‌کى گرنگى بازرگانیش له‌ نێوان باشوور و رۆژهه‌ڵاتى کوردستان دروست ده‌کرێن.

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر پارێزگارى سلێمانى راگه‌یاند:له‌میانى سه‌ردانى هه‌فته‌ى رابردووى پارێزگارى سنه‌ بۆ سلێمانى باسمان له‌ چه‌ند بابه‌تێکى گرنگ کردووه‌ که‌ پێوه‌ندى زۆرى هه‌یه‌ به‌کاروبارى بازرگانى و ئۆتۆمبێله‌ بارهه‌ڵگره‌کان له‌وانه‌یش چاکردن و ته‌واوکردنى کاره‌کانى رێى مه‌رزى باشماخ که‌ پێویسته‌ به‌ زوویى له‌هه‌ر دوو دیوه‌وه‌ چاک بکرێ.

ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ کرد که‌ ئێسته‌ ده‌ست کراوه‌ به‌ چاکردنى ئه‌و رێیانه‌ و له‌ نیوه‌ى ماوه‌ى کارکردنین، به‌گشتى بودجه‌ى پێویستى بۆ دوو سادکردنى رێى (باشماخ – پێنجوێن) خه‌رج کراوه‌، که‌ نزیکه‌ى 234 ملیار دیناره‌.

هه‌روه‌ک پارێزگارى سلێمانى ڕوونى کرده‌وه‌ که‌ پارێزگارى سنه‌یش لایخۆیانه‌وه‌ ده‌ستیان کردووه‌ به‌ ته‌واوکردنى دوو رێى گرنگ که‌ یه‌کێکیان له‌ نێوان (سنه‌ و مه‌ریوان) و تونێلى یه‌که‌مى کراوه‌ته‌وه‌ که‌ 35 خوله‌ک رێیه‌که‌ کورت ده‌کاته‌وه‌ و هه‌روه‌ها رێیه‌کى تر هه‌یه‌ که‌ (بانه‌ و مه‌ریوانه‌) و ئاسته‌نگه‌کانى هاتوچۆ له‌وێدا نامێنیت و به‌ڵێنیانداوه‌ ئه‌وانه‌ ته‌واو بکه‌ن و به‌ته‌واوبوونیشی، هاتن بۆ مه‌رزى سه‌یران به‌ن و باشماخ زۆر ئاسانتر ده‌بێت.

مه‌رزى باشماخ یه‌کێکه‌ له‌مه‌رزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و نزیکه‌ى شه‌ش کیلۆمه‌تر له‌ شارۆکه‌ى پێنجوێنه‌وه‌ دووره‌، هه‌فته‌ى رابردووش شاندێکى باڵاى ئێران له‌ رێى باشماخه‌وه‌ و به‌سه‌رۆکایه‌تى به‌همه‌ن مورادینا، پارێزگارى سنه‌ سه‌ردانى شارى سلێمانیان کرد و له‌ماوه‌ى دوو رۆژدا، ژماره‌یه‌ک دیدار و لێکتێگه‌یشتنیان له‌گه‌ڵ پارێزگارى سلێمانى واژوو کرد.