کۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانى نێچیرڤان بارزانى و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌ندا

کانونی یەکەم 18, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


دواى کۆبوونه‌وه‌ى نێوان نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان و ستێف بلۆک وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌ندا، له‌ لێدوانیکى ڕۆژنامه‌وانیى هاوبه‌شدا باسیان له‌ ناوه‌ڕۆکى کرد.

سه‌ره‌تا سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان وێڕاى به‌خێرهێنانى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌ندا و شاندى یاوه‌رى بۆ هه‌رێمى کوردستان، خۆشحاڵیى خۆى به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌ردوولا نیشان دا که‌ له‌ ئاستێکى باشدایه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌ چه‌ندین دیدار و چاوپێکه‌وتنى پێشترى له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانى هۆڵه‌ندا و سه‌ردانى به‌ڕێزیان بۆ کوردستان کرد و له‌و ڕووه‌وه‌ سوپاسى هاوکارى و هاریکاریى هۆڵه‌نداى کرد بۆ هه‌رێمى کوردستان له‌ شه‌ڕى داعش و هه‌روه‌ها بوونى هێزه‌کانیان له‌ کوردستان بۆ مه‌شق و ڕاهێنانى سه‌ربازى به‌ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌.

سوپاسى هاوکارییه‌کانى حکوومه‌ت و ڕێکخراوه‌ ناحکوومییه‌کانى هۆڵه‌نداى کرد بۆ گه‌یاندنى هاوکارى به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ که‌مپه‌کانى هه‌رێمى کوردستان، چ ڕاسته‌وخۆ، یان له‌ ڕێگه‌ى یه‌کێتیى ئه‌ورووپاوه‌ و داواى له‌ هۆڵه‌ندا کرد له‌ سێکته‌رى خۆراک و کشتوکاڵدا هاوکاریى هه‌رێمى کوردستان بکات که‌ له‌م بواره‌دا خاوه‌ن ئه‌زموونێکى ده‌وڵه‌مه‌نده‌.

ده‌رباره‌ى ئه‌نجامى کۆبوونه‌وه‌که‌ى له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌ندا، نێچیرڤان بارزانى وتی: "باسمان له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا کرد که‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت له‌ کابینه‌ى ئێستاى حکوومه‌تدا په‌یوه‌ندییه‌کان زیاتر به‌ره‌وپێشه‌وه‌ بچن".

تاوتوێکردنى پرۆسه‌ى سیاسیى عێراق و پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، به‌شێکى دیکه‌ى لێدوانه‌که‌ى نێچیرڤان بارزانى بوو و له‌مباره‌یه‌وه‌ جه‌ختى له‌سه‌ر گرنگیى به‌ره‌وپێشبردنى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌کان کرده‌وه‌ له‌پێناو هه‌ماهه‌نگیى زیاتر به‌تایبه‌تى له‌ بواره‌کانى ئابوورى و بازرگانى و خوێندندا، هه‌روه‌ها سوپاسى باڵیۆزخانه‌ى هۆڵه‌ندا له‌ به‌غدا و کونسوڵخانه‌ى گشتیى ئه‌و وڵاته‌ى له‌ هه‌ولێر کرد بۆ ئه‌و هاوکارى و هه‌ماهه‌نگییه‌ى له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و داموده‌زگاکان هه‌یانه‌ که‌ ڕۆڵیان له‌ پێشخستنى په‌یوه‌ندیى دووقۆڵیدا هه‌بووه‌.

سه‌رۆک وه‌زیران خۆشحاڵیى خۆى نیشان دا به‌وه‌ى که‌ هۆڵه‌ندا له‌ چوارچێوه‌ى سیاسه‌تى خۆیدا عێراق و هه‌رێمى کوردستانى له‌ پێشینه‌ داناوه‌ بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌کان، ئه‌وه‌شى ئاشکرا کرد که‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ که‌رتى تایبه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ داهاتوویه‌کى نزیکدا سیمینارێک له‌ هۆڵه‌ندا ساز ده‌که‌ن.

نێچیرڤان بارزانى له‌ ته‌وه‌رێکى دیکه‌دا وتی: "له‌ دیداره‌که‌ماندا باسمان له‌ په‌ره‌سه‌ندن و پێشهاته‌کانى ناوچه‌که‌ به‌تایبه‌تى و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌گشتى کرد".

له‌ کۆتاییى وته‌کانیدا سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان جارێکى دیکه‌ به‌خێرهاتنى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌نداى بۆ هه‌ولێر کرد و هیواى خواست سه‌ردانه‌که‌ى پێ‌ ده‌ستکه‌وت بێت.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز ستێف بلۆک وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌ندا له‌ لێدوانه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌دا سوپاسى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستانى کرد بۆ میواندارى و کۆبوونه‌وه‌ى نێوانیان و په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ردوولاى به‌ پته‌و وه‌سف کرد و وتی: "هۆڵه‌ندا یه‌که‌م وڵاتى ئه‌ورووپى بووه‌ په‌نابه‌ره‌ کورده‌کانى وه‌رگرتووه‌ که‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ زیاتر له‌ سێ هه‌زار په‌نابه‌ر". ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاند که‌ له‌ داهاتوودا له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى کوردستان به‌هێزتر ده‌که‌ن له‌ بواره‌کانى سه‌قامگیرى و ئابوورى و کۆچدا، هیوایشى خواست بتوانن له‌ داهاتوودا په‌یوه‌ندییه‌کى پته‌وى بازرگانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان دروست بکه‌ن.

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌ندا پشتگیریى وڵاته‌که‌ى بۆ هه‌رێمێکى به‌هێزى کوردستان له‌ناو عێراقێکى به‌هێزدا دووپات کرده‌وه‌ و له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌ به‌رده‌وامیى هه‌ماهه‌نگى له‌ سه‌نته‌رى هه‌ماهه‌نگیى هاوبه‌شى هه‌ولێر کرد و جه‌ختى له‌سه‌ر گرنگیى پته‌وترکردنى په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان کرده‌وه‌.

هه‌روه‌ها سوپاسى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى کرد بۆ حه‌واندنه‌وه‌ى ئاواره‌ و پێکهاته‌کان له‌شه‌ڕى داعش و ڕێزگرتن لێیان که‌ جێگاى گرنگیى هه‌ردوولایه‌، ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاند که‌ ڕاهێنه‌ره‌کانیان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ مه‌شق و ڕاهێنانى سه‌ربازى به‌ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌.

هیواشى خواست له‌ داهاتوویه‌کى نزیکدا کابینه‌ى نۆیه‌مى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان پێکبهێنرێت که‌ خواستى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجى گه‌وره‌تر. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ بوو که‌ له‌ داهاتوودا په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌هێزتر و پته‌وتر بن و به‌هێزتربوونى هه‌رێمى کوردستانى به‌ خواستى وڵاته‌که‌ى دانا. ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌یاندا باسیان له‌ کۆمه‌ڵێک پرس کرد که‌ تایبه‌تن به‌ داهاتووى حکوومه‌تى عێراقه‌وه‌.