خوێندنى باڵا په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ زانکۆکانى ئێران‌ فراوانتر ده‌که‌ن

کانونی یەکەم 18, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


وه‌زیرى خوێندنى باڵا و تویژینه‌وه‌ى زانستى به‌گه‌شبینیه‌وه‌ له‌په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێرانى له‌ بوارى خوێندنى باڵا-ى ڕوانى و ڕایگه‌یاند: له‌ ڕابردودا به‌ردى بناخه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانمان داڕشت، له‌ ئێستا به‌دواوه‌ ده‌چێته‌ قۆناخێکى فروانتر.

ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ى د.یوسف گۆران وه‌زیرى خوێندنى باڵا و تویژینه‌وه‌ى زانستی، ئه‌مرۆ سێ شه‌ممه‌، له‌ میانه‌ى پێشوازیکردنى وه‌فدێکى وه‌زاره‌تى زانست و توێژینه‌وه‌ى ته‌کنه‌لۆجیاى کۆمارى ئیسلامى ئێران هات.

له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کدا، که‌ به‌ئاماده‌بونى مورته‌زا عه‌بادى کونسڵى گشتى کۆمارى ئیسلامى ئێران و، د.ئامانج سه‌عید ڕاوێژکارى وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى و، د.ئیدریس هادى سه‌رۆکى زانکۆى تیشک و، د.جوان جه‌لال شه‌ریف به‌رێوه‌به‌رى گشتى فه‌رمانگه‌ى نێردراوان و په‌یوه‌ندییه‌ رۆشنبیرییه‌کان و،د.عبدالحه‌مید عه‌لى زاده‌ نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى زانست و توێژینه‌وه‌و ته‌کنه‌لۆجیاى کۆمارى ئیسلامى ئێران به‌ڕێوه‌چو، گفتوگۆ له‌باره‌ى چۆنیه‌تى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوانیان کرایه‌وه‌.

له‌سه‌ره‌تاى کۆبونه‌وه‌که‌دا، وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى له‌ وته‌کیدا، دواى به‌خێرهێنانى وه‌فدى میوان، وتی: هاتنتان بۆ هه‌رێمى کوردستان به‌پێى ئه‌و گفتوگۆیانه‌ بوه‌،‌ که‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ و کونسڵ و زانکۆکان کراوه‌، وتیشى خۆشحاڵین که‌ تواناکانتان له‌ کوردستان له‌ پیشانگه‌یه‌کدا ده‌خنه‌ ڕو.

وتیشى : کۆمارى ئیسلامى ئێران له‌لاى ئێمه‌ ئه‌و وڵاته‌یه‌، که‌ ده‌کرێ په‌یوه‌ندییه‌کى به‌هێزمان له‌گه‌ڵى هه‌بێ، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: له‌ماوه‌ى ڕابردودا سه‌ردانى وه‌زاره‌تى زانست و توێژینه‌وه‌و ته‌کنه‌لۆجیاى کۆمارى ئیسلامى ئێرانمان کرد و، په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ دروستکردن‌، ئێستاش به‌رهه‌مى ئه‌و په‌یوه‌نیانه‌ ده‌بینین، وه‌زیرى خوێندنى باڵا و تویژینه‌وه‌ى زانستى ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاند: پێمان خۆشه‌ په‌یوه‌ندى دوقۆڵى زانستى له‌ نێوان زانکۆکانى هه‌ردولا به‌رده‌وام بێ و، ئاڵوگۆڕى مامۆستا و خوێندکار و توێژه‌رمان هه‌بێ، له‌هه‌مان کاتدا بتوانین به‌رنامه‌ى جیاواز و دیکه‌مان.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى قسه‌کانیدا، وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى باسى له‌ ئاینده‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران له‌ بوارى خوێندنى باڵا کرد و، ڕایگه‌یاند: ئێران وڵاتێکى دراوسێ و دۆسته‌ و، بۆیه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ مێژویه‌ی، که‌ هه‌مانه‌ ده‌بێ له‌ بوارى خوێندنى باڵا سودى لێ ببینین، بۆیه‌ جێگه‌ى خۆیه‌تى ده‌ستخۆشى له‌ مورته‌زاى عه‌بادى سه‌رکونسڵى گشتى کۆمارى ئیسلامى ئێران له‌ کوردستان بکه‌ین، که‌ هۆکارى دروستکردن و به‌رده‌وامیدانى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوانمان بو، ڕاشگه‌یاند: به‌گه‌شبینیه‌وه‌ له‌په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان زانۆکانى هه‌ڕیمى کوردستان و زانکۆکانى ئێران و ڕایگه‌یاند: له‌ ڕابردودا به‌ردى بناخه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانمان داڕشت، له‌ ئێستا به‌دواوه‌ ده‌چێته‌ قۆناخێکى فروانتر.

سه‌باره‌ت به‌پێشانگه‌ى تواناى زانکۆ ئێرانیه‌کان وتی : ئه‌م پێشانگه‌ى که‌ ده‌کرێته‌وه‌ هه‌نگاوێکى دیکه‌ ده‌بێ بۆ زیاتر پته‌وکردنى په‌یوه‌ندییه‌ زانستیه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و، ئێران، وتیشى له‌ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژى ڕابردودا له‌گه‌ل کونسڵى ئێران ڕێکه‌وتنامه‌یه‌‌که‌مان ئیمزاکرد بۆ داڕشتنى میکانزمى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان زانکۆکانمان له‌گه‌ڵ زانکۆکانى ئێران، وتیشی ئه‌و ڕێکه‌وتنامه‌یه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى هه‌ردو‌لادایه‌، بۆ ئه‌وه‌ش‌ داواى لێکردن له‌به‌ر ڕۆشنایى ئه‌و رێکه‌وتنامه‌یه‌ کار بکه‌ن تا په‌یوه‌ندییه‌کانمان زیاتر و زیاتر له‌سه‌ر بنه‌ماى باوه‌ڕکردن به‌یه‌کتر به‌ره‌وپیش بڕوات.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى کۆبونه‌وه‌که‌دا، مورته‌زا عه‌بادى سه‌رکونسڵى گشتى کۆمارى ئیسلامى ئێران له‌ وته‌یکیدا، دواى به‌خیرهێنانى میوانه‌کان سوپاسى د.یوسف گۆران وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى کرد بۆ ئه‌ومیواندارییه‌، هه‌روه‌ک سوپاسى هاوکارى به‌رده‌وامه‌کانى کرد بۆ جه‌نابى وه‌زیر و هاوکاره‌کانى هه‌یه‌ بۆ دروستکردنى په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌ ‌هه‌رێمى کوردستان، ڕاشیگه‌یاند: ئه‌و توانا و ئاماده‌گه‌یه‌ی له‌ کوردستان هه‌یه‌‌، ده‌شێ‌ بتوانن ببنه‌ هۆى په‌ره‌پێدانی ‌په‌یوه‌ندیه‌کانى نێوانمان.

سه‌باره‌ت به‌کردنه‌وه‌ى پێشانگه‌که‌، سه‌رکونسڵى گشتى کۆمارى ئیسلامى ئێران وتی: کردنه‌وه‌ى ئه‌و پێشانگه‌یه‌ به‌پشتگیرى جه‌نابى وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى یه‌‌، هه‌روه‌ک زانکۆى سه‌ڵاحه‌ددین هه‌ماهه‌نگ و هاوکارمان بوه‌، له‌ به‌شێکى دیکه‌ى قسه‌کانیدا باسى له‌ سیستمى خوێندن له‌ زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران کرد، هه‌روه‌ک پشتیوانى ته‌واو‌ى وڵاته‌که‌ى بۆ چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و کێشانه‌ دوپاتکرده‌وه‌، که‌ بونه‌ته‌ ڕێگر له‌ نێوان زانکۆکانى هه‌ڕیمى کوردستان و وڵاته‌که‌ی.

هه‌ر له‌و کۆبونه‌وه‌که‌دا، د.عبدالحه‌مید عه‌لى زاده‌ نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى زانست و توێژینه‌وه‌و ته‌کنه‌لۆجیاى کۆمارى ئیسلامى ئێران دواى ئه‌وه‌ى سوپاسى ئه‌و پێشوازییه‌ى کرد، ستایشى خوێندکارانى هه‌رێمى کوردستانى له‌ زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران کرد و، به‌نمونه‌ى خوێندکارى به‌توانا و لێهاتو وه‌سف کرد، له‌به‌شێکى دیکه‌ى قسه‌کانیدا، ئاماده‌ى وه‌زاره‌ته‌که‌ى پیشاندا بۆ هه‌ر هاوکارى و هه‌ماهه‌نگیه‌ک که‌ له‌ نێوان زانکۆکان بێته‌ ئاراوه‌.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى ئه‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا، د.یوسف گۆران باسى له‌ گرنگى په‌یوه‌ندییه‌کان کرد و ڕایگه‌یاند: ده‌بێ زانکۆکانمان له‌سه‌ربنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌ش په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ یه‌کتر بکه‌ن، وتیشى ئێمه‌ ‌ته‌نها ده‌توانین ڕێگه‌ خۆش بکه‌ین، ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ زانکۆکانه‌ که‌ چۆن به‌رنامه‌ و کارى هاوبه‌شى نێوانیان داده‌ڕێژن، ڕونیشیکرده‌وه‌ ڕێکه‌وتنامه‌که‌ ده‌بێته‌ هۆکارى چاره‌سه‌رى کێشه‌کانى نێوانمان و ،ئاسۆیه‌کى ڕون هه‌یه‌، هه‌وه‌ک سوپاسى زانکۆى سه‌ڵاحه‌ددین-یشى کرد بۆ ئه‌و هاوکارى و کارئاسانیه‌ى که‌ ئه‌نجامیانداوه‌‌ بۆ ئه‌وه‌ى زانکۆکان به‌رهه‌م و تواناکه‌کانیان له‌ کوردستان بخه‌نه‌ ڕو، وتیشى حکومه‌ت و وه‌زاره‌تیش پاڵپشتى له‌و جۆره‌ په‌یوه‌ندیانه‌ ده‌کات، بۆیه‌ تێڕوانینێکى فراوانى وه‌زاره‌ته‌مان ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئه‌و جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌ له‌گه‌ڵ زانکۆ ئاست به‌رزه‌کانى دنیا ببه‌ستین، بۆ نمونه‌ ئیستا چه‌ند زانکۆیه‌ک که‌مپسیان له‌ ‌کوردستان هه‌یه‌، پێمان خۆشه‌ زانکۆ ئاسته‌ به‌رزه‌کانى ئێرانیش که‌مپسیان له‌ کوردستان بکه‌نه‌وه‌، تا کوردستانیش ببێته‌ ‌ناوچه‌یه‌کى خوێندن له‌ کوردستان، هیواشى خواست هاتنى وه‌فده‌که‌ ببێته‌ هۆى هێنانه‌دی قۆناخێکى تازه‌ له‌ په‌یوه‌ندى نێوان هه‌رێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران.

له‌ کۆتایى کۆبونه‌وه‌که‌شدا، سه‌رۆک و نوێنه‌رى زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران به‌خستنه‌ڕوى توانا و لێهاتویان به‌شدارى کۆبونه‌وه‌که‌یان کرد.