Error: No articles to display

به‌تۆمه‌تى ده‌ستدرێژیکردنه‌ سه‌ر ئافره‌ت چوار که‌س ده‌ستگیر ده‌کرێن

کانونی یەکەم 18, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا پۆلیسی سلێمانی بڵاویكرده‌وه‌ هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی چوار تۆمەتباریان دەستگیركرد كە بەبیانوی نوشتەو جادوەوە پارەیان لەكچان و ژنان وەرگرتووەو دەستدرێژییان كردۆتە سەریان .

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی پۆلیسدا هاتووه‌ ڕۆژی 9/12/2018 ، هاوڵاتییەك لە بنكەی پۆلیسی كوردسات سكاڵای تۆماركرد لەدژی كەسێك بەناوی (ج ، م ، ح ) كە چۆتە لای بەمەبەستی جادو و سیحر كردن و دەستدرێژی كردۆتە سەری .
دوای كردنەوەی پەڕاوی لێكۆڵینەوە، بەڕێز دادوەر بڕیاری دا بەدەستگیركردنی تۆمەتبار بە پێی ماددەی 393 لەیاسای سزادانی عێراقی و پاشان بۆ لێكۆڵینەوە سكاڵاكار نێردرا بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی پشكنین ،لەئەنجامدا ڕاپۆرتی پزیشكی سەلماندی كە سكاڵاكار دەستدرێژی كراوەتە سەر .

پۆلیسی سلێمانی ئه‌وه‌ی خستۆته‌ڕوو پاش بەدواداچوونی هێزەكانی پۆلیس و لێكۆڵینەوە لە شوێنی تۆمەتبار توانرا ڕۆژی 10-12-2018 ، تۆمەتباری ناوبراو دەستگیربكرێت و دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا دانی نا بە تاوانەكەیدا و وتویەتی كە دەستدرێژی كردۆتە سەر سكاڵاكار و ئافرەتێكی تریش وە پارەی لە چەند ئافرەتێكی تریش وەرگرتووە بە مەبەستی جادو و سیحر كردن بۆیان .

دوای لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونی هێزەكانی پۆلیس و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا هەریەك لە تۆمەتباران ( ه ، ع ، ع ) ، ( م ، ع ، خ ) و (أ ، ح ، ڕ ) كە هەمان كاریان لەگەڵ ژنان و كچان كردووە بەجۆرێك بە ناوی سیحر و جادوەوە پارەیان لێوەرگرتون و دەستدرێژییان كردۆتە سەریان .
له‌ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی پۆلیس هێما بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ لە ئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بە پێی ماددەی 393 لەیاسای سزادانی عێراقی بەندن و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیان بەردەوامە.

پۆلیسی سلێمانی داوا لە هاوڵاتیان ده‌كات بە فێڵ و تەڵەكەی ئەم جۆرە كەسانە تێنەكەون و لە هەرشوێنێك لەم جۆرە كەسانە هەبوو پەیوەندی بە هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە بكەن ، هەرهاوڵاتییەكیش سكاڵای هەیە لەسەر تۆمەتبارانی ناوبراو دەتوانێت بچێتە بنكەی پۆلیسی كوردسات یان هەربنكەیەكی تری پۆلیس و سكاڵای خۆی تۆمار بكات.