ساڵیادى شه‌هیدى سه‌رکرده‌ عه‌تا محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود

نێچیرڤان بارزانى: له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا خوازیارى په‌یوه‌ندیى باشترین

کانونی یەکەم 18, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ دواى کۆبوونه‌وه‌ى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان و هایکۆ ماس وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانیا، له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا بۆ ڕۆژنامه‌نووسان دوان.

سه‌ره‌تا سه‌رۆک وه‌زیران له‌ وته‌یه‌کدا وتى :"به‌گه‌رمى به‌خێرهاتنى به‌ڕێز هایکۆ ماس وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانیا ده‌که‌ین بۆ هه‌ولێر و به‌ هاتنیان خۆشحاڵین و سوپاسیان ده‌که‌ین بۆ ئه‌م سه‌ردانه‌. سه‌ردانه‌کانى ڕابردوو و ئێستاى به‌رپرسان و شانده‌ باڵاکانى ئه‌ڵمانیا بۆ هه‌رێمى کوردستان به‌تایبه‌تى له‌ کاته‌ سه‌خته‌کاندا نیشانه‌ى پشتیوانین له‌ هه‌رێمى کوردستان و مایه‌ى خۆشحاڵیى خه‌ڵکى کوردستانن. زۆر سوپاسى په‌رله‌مان و حکوومه‌تى ئه‌ڵمانیا ده‌که‌ین که‌ له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا وه‌ک به‌شێکى کاراى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى، به‌ ناردنى چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نى و ڕاهێنه‌رانى سه‌ربازى بۆ هه‌رێمى کوردستان و عێراق بۆ مه‌شق و ڕاهێنان به‌ پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌کانى عێراقى و ئه‌نجامدانى چاکسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، هاوکارییان کردین".

هه‌روه‌ها وتى :"سوپاسیان ده‌که‌ین که‌ ڕۆڵێکى به‌رچاویان هه‌بوو له‌ سووککردنى قه‌یران و ئاڵۆزییه‌کانى ساڵى ڕابردووى هه‌رێمى کوردستان. پارساڵ له‌م ڕۆژه‌دا ئێمه‌ ئه‌و شه‌ره‌فه‌مان هه‌بوو که‌ پێشوازى کراین له‌گه‌ڵ به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى له‌ به‌رلین له‌لایه‌ن خاتوو ئه‌نگێلا مێرکڵ ڕاوێژکارى ئه‌ڵمانیاوه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ بوو که‌ له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا ده‌رگاى سیاسییان بۆ هه‌رێمى کوردستان کرده‌وه‌ و سوپاسیان ده‌که‌ین".

سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆکى کۆبوونه‌وه‌که‌ش سه‌رۆک وه‌زیران ئاشکراى کرد : "له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ماندا باسمان له‌ پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراق و گرنگیى ته‌واوکردنى کابینه‌ى نوێى حکوومه‌تى عێراق کرد، هه‌روه‌ها باسمان له‌ پرۆسه‌ى سیاسى هه‌رێمى کوردستان و ده‌ستپێکردنى گفتوگۆکانى پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کرد. دۆخى ئاواره‌کانمان له‌گه‌ڵ جه‌نابى وه‌زیر باس کرد، هه‌روه‌ها داکۆکیمان کرد له‌ پێکه‌وژیان و لێبورده‌یى له‌نێوان هه‌موو پێکهاته‌ ئاینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و به‌رده‌وامى و جێگیربوونى زیاترى ئه‌و کولتووره‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان".

نێچیرڤان بارزانى له‌ به‌شێکى دیکه‌ى وته‌که‌یدا وتى : "زۆر سوپاسى ئه‌ڵمانیا ده‌که‌ین که‌ ژماره‌یه‌کى زۆرى ئافره‌تانى ئێزدیى ڕزگاربووى ده‌ستى داعشى بۆ ئاماده‌کردنه‌وه‌ و چاره‌سه‌رى ده‌روونى بردۆته‌ ئه‌ڵمانیا. سوپاس بۆ حکوومه‌تى ئه‌ڵمانیا که‌ ده‌رگاى به‌سه‌ر ژماره‌یه‌کى زۆرى په‌نابه‌رانى ئێزدیدا کردۆته‌وه‌ و یارمه‌تى و هاوکارى پێشکه‌ش کردوون. سوپاسى وه‌زاره‌تى گه‌شه‌پێدان و هه‌ماهه‌نگیى ئابوورى و ڕێکخراوه‌ حکوومیه‌کان و ئێن جى ئۆکانى ئه‌ڵمانیا به‌تایبه‌تى (GIZ) و (THW) ده‌که‌ین که‌ هاوکاریى مرۆییان پێشکه‌ش به‌ کوردستان و به‌تایبه‌تى به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى کوردستان کردووه‌".

هه‌ر له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکى کۆبوونه‌وه‌که‌ وتى : "له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا جه‌خت له‌ به‌ره‌وپیشبردنى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌کان له‌ هه‌موو بواره‌کاندا و یارمه‌تیدانى هه‌رێمى کوردستان له‌ ڕیفۆرمکردن له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و نه‌هێشتنى گه‌نده‌ڵى له‌ هه‌رێمى کوردستاندا کرایه‌وه‌. شانازى به‌ ڕابردووى په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا ده‌که‌ین، چاومان له‌وه‌یه‌ بۆ ئاینده‌ش ئه‌ڵمانیا به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان و عێراق بمێنێته‌وه‌ و هیوادارین ببینین که‌ وه‌به‌رهێنه‌رانى ئه‌ڵمانیا له‌ کوردستان و عێراق بتوانن ڕۆڵى خۆیان ببینن".

هه‌روه‌ها سوپاسى باڵیۆز و باڵیۆزخانه‌ى‌ ئه‌ڵمانیا له‌ به‌غدا و کونسولخانه‌ى گشتیى ئه‌ڵمانیاى له‌ هه‌ولێر کرد که‌ ڕۆڵێکى به‌رچاویان له‌ پته‌وکردنى په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و ئه‌ڵمانیادا بینیوه‌ و دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان زه‌مینه‌ى له‌بارى ڕه‌خساندووه‌ بۆ کارى وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزارى و که‌رتى تایبه‌تى ئه‌ڵمانى ده‌توانن له‌ زۆر بواردا له‌ هه‌رێمى کوردستان کار بکه‌ن.

دواتر وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانیا له‌ وته‌یه‌کدا سوپاسى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستانى کرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ دۆستانه‌ و گه‌رمه‌ى له‌ هه‌ولێر لێى کراوه‌ و پێشکه‌وتنه‌کانى هه‌رێمى کوردستانى له‌ بواره‌ جیاوازه‌کاندا به‌ جێگه‌ى سه‌رنج له‌ قه‌ڵه‌م دا و سوپاسى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى کرد بۆ پێشوازیکردن له‌ په‌نابه‌رانى سوورى و ئاواره‌کانى عێراق له‌ هه‌موو پێکهاته‌کان که‌ وه‌ک په‌ناگه‌یه‌کى ئارام له‌ هه‌رێمى کوردستانن.

پشتگیریى وڵاته‌که‌یشى بۆ هه‌رێمى کوردستان دووپات کرده‌وه‌ و ئاشکراى کرد که‌ ئه‌ڵمانیا گرنگییه‌کى زۆر به‌ ئارامى و سه‌قامگیریى عێراق و ناوچه‌که‌ ده‌دات و ئاینده‌یه‌کى گه‌شتر بۆ چینى گه‌نج بدۆزرێته‌وه‌ تاکو دیلى ده‌ستى ڕابردوو نه‌بن.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ ئه‌و شوێنانه‌ى له‌ ده‌ستى داعش ڕزگارکراون به‌ره‌و سه‌قامگیرییه‌کى باشتر ده‌چن و زیاتر له‌ چوار ملیۆن ئاواره‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ زێدى خۆیان.
ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌کانى چه‌ند مانگى ڕابردووى عێراق و هه‌رێمى کوردستانیشى به‌رز نرخاند و به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنى زیاترى دیموکراسى و ئیداره‌یه‌کى سه‌رکه‌وتوو و شه‌فافى له‌ عێراق و ناوچه‌که‌دا به‌ جێگه‌ى کرنگیى وڵاته‌که‌ى وه‌سف کرد.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى وته‌که‌یدا ستایشى ڕۆڵى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستانى له‌ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى مامناوه‌ند و ئاشتیانه‌ بۆ کێشه‌کان کرد که‌ ئه‌مه‌ش له‌ دیدى ئه‌واندا ڕێگایه‌کى کاریگه‌ر و گرنگه‌. به‌ڕێزیان به‌شداریى لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کانى له‌ په‌رله‌مان و حکوومه‌تى نوێى عێراقدا به‌ گرنگ وه‌سف کرد و دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ ته‌حه‌دیاتى زۆر له‌ پێشن و به‌ پێکه‌وه‌ کارکردن ده‌توانرێ ڕووبه‌ڕوویان ببنه‌وه‌.

پاشان له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وشى ئاواره‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى وتی: "ئاواره‌کانى ناوخۆى عێراق و په‌نابه‌رانى سووریا که‌ پێشتر یه‌ک ملیۆن و هه‌شتسه‌د هه‌زار که‌س بوون، ئێستا گه‌یشتووه‌ته‌ یه‌ک ملیۆن و چوارسه‌د هه‌زار که‌س".

له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌کانیش بۆ زیدى خۆیان، دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ "مه‌رجى یه‌که‌م بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان ئه‌وه‌یه‌ پێویسته‌ له‌ ڕووى ئه‌منییه‌وه‌ ئه‌و شوێنانه‌ پارێزراو بن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌، ئه‌منییه‌ت و خزمه‌تگوزارى تا ئێستا به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌ که‌ بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌کانى خۆیان. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، هه‌ماهه‌نگیى ته‌واومان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى تا ئێستا ده‌یبینین ئه‌وه‌یه‌ ئاواره‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستاندا ماونه‌ته‌وه‌ و تا ئێستا ئه‌و پێداویستییه‌ نییه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان."

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانیا ڕایگه‌یاند گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌کان پێویستى به‌ کار هه‌یه‌ له‌سه‌ر چه‌ندین ئاست. سه‌قامگیرى و ئارامیى ئه‌و ناوچانه‌یشى به‌ مه‌رجى سه‌ره‌کیى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌کان بۆ شوێنه‌کانى خۆیان دانا، بۆیه‌ جه‌ختى له‌سه‌ر گرنگى و پێویستیى ده‌سته‌به‌رکردنى ئه‌و مه‌رجانه‌ کرده‌وه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران.

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکى دیکه‌دا وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانیا ئه‌وه‌ى دووپات کرده‌وه‌ که‌ وڵاته‌که‌ى به‌رژه‌وه‌ندیى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ له‌ ده‌سته‌به‌رکردن و پاراستنى سه‌قامگیرى له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان و له‌و بڕوایه‌دا بوو سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان که‌ به‌شێکن له‌ کێشه‌کان، پێویسته‌ دۆخه‌که‌ ئاسایى بکه‌نه‌وه‌ و پێکه‌وه‌ کار بکه‌ن بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى کێشه‌ و گرفته‌کان و کێشه‌کان به‌ شێوه‌یه‌ک چاره‌سه‌ر بکرێت که‌ دۆخه‌که‌ به‌ره‌و ئاڵۆزى نه‌چێت.

ڕه‌وشى سووریا و کۆبوونه‌وه‌کانى ژنێڤ بۆ داڕشتنه‌وه‌ى ده‌ستوورى نوێ بۆ ئه‌و وڵاته‌ ته‌وه‌رێکى دیکه‌ى کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌ بوو و له‌و باره‌یه‌وه‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانیا وێڕاى ئاماژه‌دان به‌ ئاگاداربوون له‌ ناوه‌ڕۆکى کۆبوونه‌وه‌کانى ژنێڤ، جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ده‌بێ هه‌موو هه‌وڵه‌کان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى پێکهێنانى لیژنه‌ى ده‌ستووریى سووریادا بێت و له‌ژێر چاودێریى ڕێکخراوى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان کار بکه‌ن و ده‌بێ پرۆسه‌ى سیاسیى له‌و وڵاته‌ ده‌ست پێبکات بۆ ئه‌وه‌ى قه‌یرانى سووریا کۆتایى پێ بهێنرێت و هه‌نگاوى جددى و ڕاسته‌قینه‌ بنرێت.

هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌ کرد که‌ هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان هه‌یه‌ له‌و ڕووه‌وه‌ پشتیوانیى ئه‌ڵمانیاى بۆ سه‌رخستنى هه‌وڵه‌کان بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌کان له‌ سووریا و پێکهێنانى لیژنه‌ى نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوور وه‌ک هه‌نگاوى یه‌که‌مى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ دووپات کرده‌وه‌.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وشى سووریا، نێچیرڤان بارزانى وتى: "ئێمه‌ وه‌کوو حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان پێمان وایه‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ى له‌ سووریا هه‌یه‌ پێویسته‌ چاره‌سه‌ر بکرێت و چاره‌سه‌رى قه‌یرانه‌که‌ش ته‌نیا به‌ ڕێکارى سیاسى ده‌بینین. خۆشحاڵین به‌وه‌ى هه‌ندێ هه‌نگاو نراوه‌ بۆ نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى سووریا و هیوادارین ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایه‌ک بێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و قه‌یرانه‌ سیاسى و مرۆییه‌ى ئێستا له‌ سووریا هه‌یه‌ کۆتایى پێبێت."

وتیشى : "جگه‌ له‌ چاره‌سه‌رى سیاسى له‌ سووریا هیچ چاره‌سه‌رێکى دیکه‌ ناتوانێ ببێته‌ جێگره‌وه‌ له‌و وڵاته‌. ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى یووئێنیش بۆ نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى سووریا به‌ هه‌نگاوێکى باش و به‌ره‌و ئاراسته‌ى ڕاست ده‌زانین و هیوادارین له‌سه‌ر ئه‌و ئاراسته‌یه‌ به‌رده‌وام بن و خۆشى و ئارامى بۆ سووریا بگه‌ڕێته‌وه‌."

ده‌رباره‌ى چۆنیه‌تیى سوودوه‌رگرتنى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا بۆ چاره‌سه‌رکردنى پێشمه‌رگه‌ برینداره‌کانى شه‌ڕى داعش، نێچیرڤان بارزانى وتی: "ئه‌ڵمانیا چ له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیدا، چ له‌ ڕووى ئینسانییه‌وه‌ و چ له‌ ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌ یارمه‌تیى هه‌رێمى کوردستانى داوه‌ و ئه‌مڕۆش له‌گه‌ڵ جه‌نابى وه‌زیر داکۆکیمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ و سوپاسمان کردن بۆ هه‌موو ئه‌و هاوکارییانه‌ که‌ کراون و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ ڕووى مرۆیى و له‌ ڕووى چاره‌سه‌رى ئه‌وانه‌ى تووشى کێشه‌ بوون نه‌ک ته‌نیا ئه‌ڵمانیا، به‌ڵکوو وڵاتانى دیکه‌ش له‌ سنوورى تواناى خۆیاندا یارمه‌تیى هه‌رێمى کوردستانیان داوه‌."

ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌کرد که‌ "کێشه‌که‌ گه‌وره‌یه‌ و له‌وانه‌یه‌ هاوکارییه‌کان وه‌کوو پێویست نه‌بن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌ى تا ئێستا کراوه‌، به‌لاى ئێمه‌وه‌ وه‌ک گه‌لى کوردستان و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان جێى سوپاس و ڕێزه‌."