لایه‌نه‌ كوردیه‌كانی كه‌ركوك داوای كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌كه‌ن

کانونی یەکەم 24, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز

له‌ دوای كۆونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسیه‌ كوردیه‌كانی كه‌ركوك ڕاگه‌یه‌نراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تێدا هاتبوو " هەوڵدانی بەردەوامی حیزبە کوردستانییەکان بۆ کاراکردنەوەو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا".

مامۆستا ڕه‌سوڵ ڕه‌ئوف، به‌رپرسی مه‌لبه‌ندی كه‌ركوكی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان به‌ جه‌ماوه‌رنیوزی ڕاگه‌یاند وه‌ك حزبی سۆسیالیست هه‌میشه‌ هه‌وڵه‌كانمان بۆ لیك نزیك كردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بووه‌ له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی گه‌له‌كه‌مان .

ناوبراو وتی ئه‌وه‌ی گرنگه‌ كه‌ یه‌كێتی و پارتی ڕێكبكه‌ون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پارێزگارێكی كورد ده‌ستنیشان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی بۆ پارێزگای كه‌ركوك بگه‌ڕێته‌وه‌.

مامۆستا ڕه‌سوڵ هێمای  بۆ ئه‌وه‌ كرد ئه‌نجومه‌نی پارێزگا  به‌ پێی یاسا ده‌توانێت به‌ ئاماده‌بونی 21 ئه‌ندام كۆبێته‌وه‌ هه‌ر سێ حزبی پارتی و یه‌كێتی و یه‌كگرتوو له‌ كه‌ركوكدا خاوه‌نی 26 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگان و به‌مه‌ش ده‌توانن ڕێكبكه‌ون له‌سه‌ر كارا كردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و پارێزگارێكی كورد هه‌ڵبژێرن.

به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی حزبی سۆسیالیست ئه‌وه‌ی خسته‌روو ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی له‌ كه‌ركوك حكوم ده‌كات ، بۆیه‌ گرنگه‌ كۆتایی بهێنرێت به‌ ململانییه‌كانی نێوان حزبه‌كان و ده‌بوو ئه‌و پۆستانه‌ی كه‌ كورد وه‌ریگرتووه‌ له‌ به‌غداد بدرایه‌ به‌ كه‌ركوكیه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئازاره‌كانی كه‌ركوكیه‌كان بگه‌شتنایه‌.

مامۆستا ڕه‌سوڵ وتیشی وه‌ك حزبی سۆسیالیست هه‌میشه‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌رمانداوه‌ و داوامان كردووه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ حزبیه‌كان وه‌لا بنرێت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ گشتییه‌كان بخرێته‌ پێشه‌وه‌ و داوامان له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك كردووه‌ كه‌ فشار دروست بكه‌ن له‌سه‌ر سه‌روی خۆیان بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك ئاسایبكرێته‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌ .

وتیشی ئه‌م دۆخه‌كی كه‌ركوك یه‌كڕیزی لایه‌نه‌ كوردیه‌كانی ده‌وێت .


راگەیێندراوی کۆبوونەوەی حیزبە کوردستانییەکان:

ئەمڕۆ 24-12-2018 لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووینەوە، لەم کۆبوونەوەیە جەخت لەسەر ئەم چوار خاڵەی خوارەوە کرایەوە:

  1. هەوڵدانی بەردەوامی حیزبە کوردستانییەکان بۆ کاراکردنەوەو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا کە ئێمە بەشێک لەو حیزبانە یان با بڵێین هەموومان بڕوامان وایە بە کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا و دانانی پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکووک، بەشێکی زۆر لە کێشە و نەهامەتییەکانی پارێزگای کەرکووک چارەسەر دەبێت.
  2. لەو کۆبوونەوەیە جارێکی دیکە تەئکید لەسەر ئەوە کرایەوە کە کۆبوونەوەی حیزبە کوردستانییەکان بەردەوامبن بۆ یەکڕیزی نێوماڵی کوردی لە پارێزگای کەرکووک.
  3. لەبارەی رەوشی ئەمنی کەرکووک، جەخت لە جێبەجێکردنی دەستوور و یاسا دەکەینەوە، بە تێکڕا داوادەکەین دەسەڵاتێکی مەدەنی بۆ پارێزگای کەرکووک بگەڕێتەوە.

4. داوا لە ئەندامانی کوردی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین کە زیاتر چاوەکراوەتر بەدەنگ کێشە و نەهامەتییەکانی ناوچە جێناکۆکەکانەوە بێن، لەبەرئەوەی ئەوان لەڕێگەی پەرلەمانەوە دەتوانن زیاتر چاودێری جێبەجێکردنی دەستوور و بەدواداچوون بکەن و دەستیان واڵایە بۆ ئەوەی زیاتر خزمەت بەم ناوچانە بکەن