كار بۆ جیاكردنه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی عێراق ده‌كرێت

کانونی یەکەم 31, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز

لایه‌نه‌ كوردیه‌كان و حكومه‌تی به‌غداد تائێستا نه‌گه‌شتونه‌ته‌ ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر به‌شه‌ بوودجه‌ی هه‌رێم .‌

د.به‌شیر حه‌داد، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕایگه‌یاند فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا و سەرکردایەتی کوردیش لە دانوستاندن و گفتوگۆیەکانیان تاوەکو ئێستاشی لەگەڵدابێت، یەک لەو خاڵانەی کە کاری لەسەر دەکەین ئەوەیە کە مووچەی فەرمانبەران جیا بکرێتەوە لە بودجە، واتە لەسەر بودجە پێکبێین یان نا رێژەکە زۆرە یان کەمە، ئەو پرسە کار لە مووچە نەکات، چونکە مووچەی فەرمانبەران ئیستحقاقێکی دەستوورییە و لەسەر حکومەتی عێراقە، بەو پێیەی تاوەکو ئێستا ئێمە بەشێکین لە عێراق و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بەشێکن لە فەرمانبەرانی عێراق، بۆیە ئەمە ئەرکێکی دەستوورییە لەسەر حکومەتی عێراق و پێویستە بیدات.

وتیشی ئەگەر رێککەوتن لەسەر بودجە بکرێت یان نا، ئەم پرسەش تا راددەیەکی باش بەرەو پێشەوە چووە، ئەگەر ئەمە بکرێت، ئەوکات ئێمە دەتوانین ئەو مزگێنییە بدەین کە مووچە سەلامەت دەبێت و هەموو سەرە مانگێکیش فەرمانبەران مووچەی خۆیان وەردەگرن، ئینجا گفتوگۆیەکان لەسەر رێژەی بودجە و پرۆژەکانی دەمێنێتەوە.