حکومه‌تى هه‌رێم پابه‌ندى خۆى نیشاندا بۆ هه‌ماهه‌نگى حکومه‌تى فیدراڵ

کانونی دووەم 14, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 14ی كانونی دووه‌م  ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆبیه‌وه‌،  له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا به‌ تاوتوێی به‌شه‌بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ بودجه‌ى گشتى فیدرالیدا بۆ ساڵى 2019 كرا..
له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا ڕێباز حه‌ملان وه‌زیرى دارایى و ئابوورى ڕاپۆرتێكى پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كرد سه‌باره‌ت به‌ پوخته‌ى پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى 2019ى عێراق و ئه‌و هه‌وڵانه‌شى خسته‌ ڕوو كه‌ بۆ به‌رجه‌سته‌كردنى ماف و شایسته‌ داراییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌كه‌یان و سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ په‌ر‌له‌مانى عێراق و وه‌زاره‌تى دارایى حكومه‌تى فیدراڵه‌وه‌ دراون.
ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران جه‌ختى له‌سه‌ر داكۆكیكردن له‌ ماف و شایسته‌ داراییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستووردا، كرده‌وه‌. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى ڕاسپێردرا كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى دارایى عێراق و لیژنه‌ى دارایى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وام بن بۆ گه‌یشتن به‌ ئه‌نجامێك كه‌ تیایدا مافه‌كانى هه‌رێمى كوردستان پارێزراو بێت. له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پابه‌ندیى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فیدراڵ و ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، دووپات كرده‌وه‌