نێچیرڤان بارزانى و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ڕه‌نسا دۆخى ناوچه‌که‌ تاوتوێ ده‌که‌ن

کانونی دووەم 14, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 14ى کانونى دووه‌مى 2019 ، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌ ژان ئیڤ لودریان وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ڕه‌نسا و شاندێکى یاوه‌رى کرد که‌ له‌ باڵیۆزى فه‌ڕه‌نسا له‌ عێراق، کونسولى گشتیى فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌ولێر و ژماره‌یه‌ک له‌ دیپلۆماتکاران پێکهاتبوو.

له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا که‌قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران و ژماره‌یه‌ک له‌ وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌ى‌ بوون، دۆخى سیاسى له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان تاوتوێ کرا و تیشک خرایه‌ سه‌ر پێکهێنانى حکوومه‌تى تازه‌ى عێراق و گفتوگۆ و هه‌وڵه‌کان بۆ پێکهێنانى حکوومه‌تى نوێى هه‌رێمى کوردستان.

لودریان وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵیى خۆى به‌ سه‌ردانى هه‌ولێر، پشتگیریى فه‌ڕه‌نساى بۆ هه‌رێمى کوردستان و عێراق و خواستى وڵاته‌که‌ى بۆ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى کوردستان دووپات کرده‌وه‌ و هیواى پێشکه‌وتن و داهاتوویه‌کى باشترى بۆ هه‌رێمى کوردستان و عێراق خواست.

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى سوپاسى پشتگیریى به‌رده‌وامیى فه‌ڕه‌نساى بۆ هه‌رێمى کوردستان کرد که‌ له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆر و له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیدا یارمه‌تى دا، هه‌روه‌ها ڕۆڵى سه‌رۆک ماکرۆن سه‌رۆکى فه‌ڕه‌نساى به‌رز نرخاند که‌ له‌ کاته‌ سه‌خته‌کاندا پشتگیرى له‌ هه‌رێمى کوردستان کرد و ده‌رگا دیپلۆماسییه‌کانى به‌ ڕووى هه‌رێمدا کرده‌وه‌ و هه‌ولێر و به‌غداى هاندا بۆ گفتوگۆ و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا هه‌ردوولا ڕا و سه‌رنجیان ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى فیدراڵى عێراق، بارودۆخى ناوچه‌که‌، وڵاتانى دراوسێ، شه‌ڕى دژى تیرۆر و چه‌ند بابه‌تێکى دیکه‌ گۆڕییه‌وه‌.