نێچیرڤان بارزانى و زه‌ریف دۆخى ناوچه‌که‌ تاوتوێ ده‌که‌ن

کانونی دووەم 15, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ 15 ى کانونى دووه‌مى 2019 ، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى له‌ محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى کۆمارى ئیسلامیى ئێران و شاندێکى یاوه‌رى کرد.

له‌ کۆبۆنه‌وه‌یه‌کدا په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ کۆمارى ئیسلامیى ئێران و گرنگیى به‌ده‌وامیى هه‌ماهه‌نگى و هاوکاریى نێوان عێراق و هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ کۆمارى ئیسلامى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و نه‌هێشتنى یه‌کجاریى تیرۆر له‌ ناوچه‌که‌ تاوتوێ کرا و هه‌ردوولا هاوڕا بوون که‌ هێشتا مه‌ترسیى تیرۆر له‌ ئارادایه‌ و بۆ نه‌هێشتنى ئه‌و‌ مه‌ترسییه‌ ده‌بێ هه‌موو لایه‌ک هاوکار هه‌ماهه‌نگ بن.

نێچیرڤان بارزانى دووباره‌ سوپاسى کۆمارى ئیسلامیى ئێرانى کرد بۆ ئه‌و هاوکارییانه‌ى له‌ شه‌ڕى داعشدا پێشکه‌ش به‌ هه‌رێمى کوردستانى کردووه‌ و جه‌ختى له‌ گرنگیى هاوکارى و هه‌ماهه‌نگیى وڵاتانى ناوچه‌که‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر و نه‌هێشتنى کرده‌وه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا زه‌ریف خۆشحاڵى و پشتگیریى خۆى و وڵاته‌که‌ى بۆ به‌ره‌وپێشچوونى په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ولێر - به‌غدا نیشان دا و هیواى خواست هه‌موو کێشه‌ و گرفته‌کان له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بکرێن.

چۆنیه‌تیى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌کان له‌ بوارى بازرگانی، کولتووری، کشتوکاڵی، زانستى و بواره‌کانى دیکه‌دا و هه‌ڵسه‌نگاندنى دۆخى ناوچه‌که‌ به‌گشتی، به‌شێکى دیکه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌ بوو.