حکومه‌تى هه‌رێم : به‌پێى یاسا مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌ستگیرکراوان کردووه‌

کانونی دووەم 16, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌ دواى هێرشى تیرۆریستانى داعش بۆ سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌کى کوردستان، به‌رده‌وام له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کى نێوده‌وڵه‌تى و ناوخۆییه‌وه‌ تۆمه‌تى مامه‌ڵه‌ى نه‌شیاو له‌گه‌ڵ ده‌ستگیرکراوان ده‌خرێته‌ پاڵ داموده‌زگاکانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان وه‌ک هێشتنه‌وه‌ى راگیراوان بۆ ماوه‌یه‌کى زۆر بێ ئه‌وه‌ى دادگایى بکرێن و که‌یسه‌کانیان یه‌کلا بکرێته‌وه‌.


د. دیندار زێبارى رێکخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ رایگه‌یاند: به‌شێوه‌یه‌کى گشتى پرۆسه‌ى ده‌ستگیر کردن قه‌ده‌غه‌یه‌ ته‌نیا له‌ داموده‌زگا تایبه‌ته‌کانى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ نه‌بێت وه‌ک بنکه‌کانى پۆلیس و بنکه‌کانى گرتن و راگواستن ته‌نانه‌ت ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ به‌ تۆمه‌تى تیرۆریش ده‌ستگیر ده‌کرێن به‌بێ بوونى به‌ڵگه‌ى ته‌واو له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى کارى تیرۆرى یان هه‌وڵدان بۆ ئه‌نجامدانى ده‌ستگیر ناکرێن. سه‌باره‌ت به‌ رێوشوێنه‌کانى ده‌ستگیرکردنى تۆمه‌تباران دیندار زێبارى وتی: به‌ شێوه‌یه‌کى گشتى له‌ کوردستان چه‌ند جۆرێک‌ گرتووخانه‌ هه‌یه‌ (بنکه‌ى راگرتن و گواستنه‌وه‌ ، بنکه‌ى چاکسازی، بنکه‌ى چاکسازى ئافره‌تان و نه‌وجه‌وانان). دواى ده‌ستگیرکردنى تۆمه‌تباران و داواکراوان به‌پێى یاساى بنه‌ماکانى دادگایى کردنى سزایى (قانون اصول محاکمات الجزائیه‌) ژماره‌ (23) ساڵى (1971)ى هه‌موارکراو مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێ و رێکاره‌کان بریتییه‌ له‌ سه‌لماندنى که‌سایه‌تى داواکراو و گومان لێکراو و ده‌ستپێکردنى لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کى بنه‌ره‌تی، دواى گه‌یشتن به‌ راستى داوایه‌که‌ تۆمه‌تباره‌که‌ وه‌ک مافێکى خۆى بۆى هه‌یه‌ پارێزه‌رێک ئاماده‌ بکات و ئه‌گه‌ر نه‌یتوانى پارێزه‌ر ئاماده‌ بکات ئه‌وا له‌سه‌ر دادگا پێویسته‌ پارێزه‌رى بۆ دابین بکات و ئاگادارى که‌سوکارى ده‌کرێت که‌ ناوبراو گیراوه‌ له‌ بنکه‌ى پۆلیس، دواتر که‌یسه‌که‌ ره‌وانه‌ى دادگاى تایبه‌تمه‌ند ده‌کرێت بۆ یه‌کلایى کردنه‌وه‌ى به‌پێى یاسا.

زێبارى تیشکى خسته‌ سه‌ر بابه‌تى هێشتنه‌وه‌ى راگیراوان بۆ ماوه‌یه‌کى زۆر به‌ر له‌ دادگایى کردنیان و وتی: وه‌زاره‌تى ناوخۆ مانگانه‌ ناوى راگیراوان ره‌وانه‌ى لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار ده‌کات، ئه‌و راگیراوانه‌ى له‌ شه‌ش مانگ زیاتر له‌ به‌شه‌کانى گرتن و گواستنه‌وه‌ى پۆلیسى پارێزگاکان ماونه‌ته‌وه‌ و په‌ڕاوه‌کانیان یه‌کلایى نه‌کراوه‌ته‌وه‌، ناوه‌کانیان به‌ لیست ره‌وانه‌ى سه‌رۆکایه‌تى دادگاکانى تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ى پارێزگاکان ده‌کرێت بۆ چاره‌سه‌ر کردنى کێشه‌کانیان.


زانیارى زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ...