Error: No articles to display

زێبارى : حکومه‌تى هه‌رێم به‌ جددى کار ده‌کات بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ى بازرگانى کردن به‌ئافره‌تان و منداڵان

ئاب 21, 2018

 

دیندار زێباری: حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ جددى کار ده‌کات بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ى هه‌ر جۆره‌  توندوتیژییه‌ک دژى ئافره‌تان و بازرگانى کردن به‌ ئافره‌تان و منداڵان و به‌ توندى سزاى ئه‌و که‌سانه‌ ده‌دات که‌ تاوانه‌کان ئه‌نجام ده‌ده‌ن
 
 
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا له‌ مانگى حوزه‌یراندا دواین راپۆرتى خۆى سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشى مافى مرۆڤ و بازرگانى کردن به‌ مرۆڤ له‌ سه‌رانسه‌رى جیهان له‌ژێر ناوى "بازرگانى به‌مرۆڤ" بۆ ساڵى 2018 بڵاوکرده‌وه‌ و عێراق و هه‌رێمى کوردستانیش له‌و شوێنانه‌ن که‌ له‌ راپۆرته‌که‌دا باسیان کراوه‌. له‌م راپۆرته‌دا وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا چه‌ندین تۆمه‌تى داوه‌ته‌ پاڵ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ دیارده‌ى بازرگانى کردن به‌ مرۆڤ له‌ هه‌رێمى کوردستان دیارده‌یه‌کى زۆر باوه‌ و له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌رێم هیچ یاسایه‌کى نیه‌ بۆ دژایه‌تى کردن و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بازرگانى به‌ مرۆڤ ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌رده‌وام له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندندایه‌.
 
د.دیندار زێباری، رێکخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ حکومه‌تى هه‌رێم له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا له‌ وه‌ڵامى راپۆرتى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا رایگه‌یاند" به‌ پێى فه‌رمانى وه‌زارى ژماره‌ (9386 له‌ 31-5-2016) حکومه‌تى هه‌رێم بۆ مه‌به‌ستى رووبه‌روو بوونه‌وه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بازرگانى به‌ مرۆڤه‌وه‌ چه‌ند لیژنه‌یه‌کى لاوه‌کى له‌ پارێزگاکانى (هه‌ولێر، دهۆک، سلێمانی) پێکهێناوه‌ و به‌ نووسراوى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى ژماره‌ (1748له‌ 15-12-2016) بڕیاردراوه‌ به‌ دانانى دادوه‌رى تایبه‌ت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ و وه‌زاره‌تى ناوخۆ چه‌ندین هۆبه‌ى لێکۆڵینه‌وه‌ى داناوه‌ بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌م که‌یسانه‌".
 
زێبارى راشیگه‌یاند که‌ هێنانه‌ کایه‌ى سیستمى ڤیزه‌ ئۆنلاین له‌ هه‌رێمى کوردستاندا هۆکارێکى باش بووه‌ بۆ رێگرى کردن و که‌مکردنه‌وه‌ى بازرگانى به‌ مرۆڤ چوونکه‌ سیسته‌مى ڤیژه‌ ئۆنلاین به‌ شێوه‌یه‌کى مۆدێرن و پرۆفیشناڵانه‌ کارده‌کات و کۆنترۆڵى گشت سپۆنسه‌رى که‌سه‌ بیانیه‌کان ده‌کات و وه‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌ کاتى پێدانى له‌ نێوان (30-50 ) ڤیزه‌ به‌ شێوه‌یه‌کى ئۆتۆماتیکى سیسته‌مه‌که‌ راده‌وه‌ستێت چونکه‌ هه‌ر کۆمپانیایه‌که‌ کۆدى تایبه‌تى خۆى پێده‌درێت وه‌ ئه‌م کۆده‌ به‌ پێى ئه‌و ژماره‌یه‌ى سه‌ره‌وه‌ کارده‌کات ده‌بێت سپۆنسه‌ر یان کۆمپانیا چاره‌نووسى ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ ڤیزه‌ى بۆ وه‌رگرتوون یه‌کلایى بکاته‌وه‌  و پاشان کۆده‌که‌ى ده‌خرێته‌وه‌ کار به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ره‌وانه‌ى دادگاى تایبه‌تمه‌ند ده‌کرێت و ئه‌م سیسته‌مه‌ بووه‌ته‌ هۆى که‌م کردنه‌وه‌ى هه‌ندێک له‌ کاره‌کانى لیژنه‌ى باڵا و لاوه‌کیه‌کان.
 
له‌ درێژه‌ى قسه‌کانیدا، رێکخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ حکومه‌تى هه‌رێم رایگه‌یاند حکومه‌تى هه‌رێم به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک کارى کردووه‌ بۆ پاراستنى مافى کرێکاران و بۆ پاراستنى مافى کرێکاران کار به‌ یاساى کارى عێراقى ژماره‌ (37)ى ساڵى 2015 ده‌کرێت. هه‌ر بۆیه‌ له‌ دواى ساڵى (2007)ــه‌وه‌ تا ئێستا (49317) کرێکارى بیانى به‌شێوه‌یه‌کى فه‌رمى هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمى کوردستان و دواى هاتنیان له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ى نیشته‌جێ (اقامه‌)ى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ ناویان تۆمار ده‌کرێ له‌سه‌ر ئه‌و کۆمپانیانه‌ى که‌ ده‌یانهێنن و زانیاریان هه‌یه‌ ده‌رباره‌ى مانه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌یان، هه‌روه‌ها پشکنینى تایبه‌تیان بۆ ئه‌نجام ده‌درێت و له‌لایه‌ن لێژنه‌ى هاوبه‌شى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى کارو کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى و وه‌زاره‌تى ناوخۆ به‌دواداچوونى بۆ ده‌کرێ".
 
دیندار زێبارى رایگه‌یاند حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ هه‌وڵى به‌رده‌وام دایه‌ بۆ گرتنه‌ به‌رى هه‌موو رێوشوێنێکى ئه‌منى پێویست بۆ پاراستنى که‌مپه‌کانى په‌نابه‌ره‌ سوریه‌کان. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین بنکه‌ى پۆلیس و ئاسایش و نووسینگه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژ به‌ ئافره‌ت له‌ناو ئه‌و که‌مپانه‌ کراونه‌ته‌وه‌. له‌ مانگى تشرینى دووه‌مى ساڵى 2013 نووسینگه‌یه‌کى تایبه‌ت به‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى خێزانى کراوه‌ته‌وه‌ له‌ که‌مپى دۆمیز که‌ گه‌وره‌ترین که‌مپى په‌نابه‌رانه‌ له‌ کوردستان و عێراق. ئه‌رکى ئه‌م نووسینگه‌یه‌ پێشوازى کردن و وه‌رگرتنى ئه‌و سکاڵا و داواکاریانه‌یه‌ که‌ هاووڵاتیان به‌ گشتى و ئافره‌تان به‌تایبه‌تى به‌رزى ده‌که‌نه‌وه‌ له‌ باره‌ى توندوتیژى خێزانى یان ده‌ستدرێژى سێکسى به‌ڵام تا ئێستا هیچ سکاڵایه‌ک ده‌رباره‌ى بوونى دیارده‌ى بازرگانى کردن به‌ ئافره‌تان یان ده‌ست درێژى سێکسى یان له‌ش فرۆشى بۆ ئه‌م نووسینگه‌یه‌ به‌رز نه‌کراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵکو ئه‌و سکاڵایانه‌ى هه‌بوون به‌شى هه‌ره‌زۆریان سکاڵاى ئاسایى بووه‌ که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ گرفت و کێشه‌ى خێزانى و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ هه‌بووه‌.
 
له‌ کۆتاییدا زێبارى رایگه‌یاند که‌"حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ جددى کار ده‌کات بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ى هه‌ر جۆره‌  توندوتیژییه‌ک دژى ئافره‌تان و بازرگانى کردن به‌ ئافره‌تان و منداڵان و به‌ توندى سزاى ئه‌و که‌سانه‌ ده‌دات که‌ تاوانه‌کان ئه‌نجام ده‌ده‌ن ئه‌م جۆره‌ تاوانه‌نه‌ له‌ کۆمه‌ڵگاى کوردستانى به‌ کارى نامۆ داده‌نرێن و پێچه‌وانه‌ى ئایین و دابونه‌ریتى کۆمه‌ڵایه‌تى کۆمه‌ڵگاى کوردستانى و سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستدرێژى سێکسى و ئیهانه‌کردنى ئاواره‌کان،به‌ڵام تا ئێستا له‌لایه‌ن کارمه‌ندان و فه‌رمانبه‌رانى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى کار و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى هیچ کێشه‌یه‌کى له‌و جۆره‌ دروست نه‌بوو که‌ تۆمار کرابێت و ئه‌گه‌ر کێشه‌ش ڕوو بدات چاره‌سه‌رى بۆ ده‌کرێت.