سلێمانى ... تیمه‌کان سه‌رقاڵى پاککردنه‌وه‌ى رێگاکانن

کانونی دووەم 19, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌هۆى ئه‌و شه‌پۆلى به‌فر بارینه‌ى که‌ رۆژى رابردوو هه‌رێمى کوردستانى گرته‌وه‌، بڕێکى زۆر به‌فر باریوه‌ قائیمقامى سلێمانى داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌کات خۆیان له‌ناوچه‌ مه‌ترسییداره‌کان بپارێزن.

به‌مه‌به‌ستى پاککردنه‌وه‌ى رێگاوبان و راماڵێنى به‌فر و لابردنى ئاسته‌نگه‌کانى هاتوچۆکردن، تیمه‌کانى لیژنه‌ى فریاگوزارى خێراى قائیمقامیه‌تى سلێمانى له‌به‌ره‌به‌یانێکى زووى دوێنێوه‌‌ تا ئێستا سه‌رقاڵى پاککردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م رێگاکانی ناوشارو ده‌ره‌وه‌ى شاره‌کانن که‌ تائیستا هیچ گرفتێک دروست نه‌بووه‌ و پاککردنه‌وه‌ى شه‌قامه‌کان به‌ ئاسایى به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ئاوات محمد قائیمقامى سلێمانى سه‌رپه‌رشتى لیژنه‌ى فریاگوزارى خێراى سلێمانى ده‌کات و هه‌ردوێنێ بۆ ئاگاداربون له‌ چۆنێتى به‌ڕێوه‌‌چونى کاره‌کان و له‌نه‌بونى گیروگرفت و که‌موکورتى تیمه‌کانى فریاگوزارى له‌ چیاى ئه‌زمێ‌ و گۆیژه‌ى به‌سه‌رکرده‌وه‌.

قائمقامى سلێمانى وتی؛ بۆ به‌سه‌ر بردنى کاتێکى خۆش ئه‌و هاوڵاتیان روده‌که‌نه‌ ناوچه‌ شاخاوى وگه‌شتیاریه‌کان،‌ زۆر جار روبه‌ڕوى گرفت ده‌بنه‌وه‌ بۆیه‌ ناچار به‌ تیمێکى زۆر و ماندبونیکى زیاتر کار بۆ رزگارکردنیان ده‌کرێت، لێره‌وه‌ داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌که‌ین خۆیان له‌ناوچه‌ مه‌ترسییداره‌کان بپارێزن تا ئه‌و کاته‌ى که‌شوهه‌وا له‌ بار ده‌بێت.

هه‌روه‌ها له‌پێناو پاراستنى گیانى شۆفێران و سه‌رنشینان، ئه‌فسه‌رانى هاتوچۆ سه‌رپه‌رشتى تیمه‌کانى رێکخستنى هاتوچۆ ده‌که‌ن رێگرى له‌ روداوى نه‌خوازراو ده‌که‌ن که‌ هه‌ندێ جار به‌هۆى ئه‌نجامدانى سه‌رکێشى له‌لایه‌ن چه‌ند شۆفێرێکه‌وه‌ مه‌ترسى بۆسه‌ر ژیانى هاوڵاتیان دروست ده‌که‌ن.