دیندار زێباری: له‌ کاتى ئه‌نجامدانى خۆپیشاندانى بێ مۆڵه‌ت ده‌زگا ئه‌منییه‌کان رێکارى یاسایى ده‌گرنه‌به‌ر

کانونی دووەم 21, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


رێکخراوى چاودێرى مافه‌کانى مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) راپۆرتى ساڵانه‌ى خۆى سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشه‌کانى مافى مرۆڤ له‌ جیهان به‌ گشتى بڵاوکرده‌وه‌ و له‌ راپۆرته‌که‌دا باس له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستانیش کراوه‌. ئه‌م راپۆرته‌ باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ له‌ خۆپیشاندانه‌کانى کۆتایى مانگى ئادارى 2018 ژماره‌یه‌ک خۆپیشانده‌ر و رۆژنامه‌نووس له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌کانى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ دووچارى لێدان و توندوتیژى بوونه‌ته‌وه‌ .

دیندار زێباری، رێکخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ حکومه‌تى هه‌رێم رایگه‌یاند :" وه‌ک حکومه‌تى هه‌رێم پێشوازى له‌ راپۆرتى ساڵانه‌ى رێکخراوى چاودێرى مافه‌کانى مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) ده‌که‌ین، به‌ به‌روارد به‌ ساڵانى رابردوو راپۆرتێکى ئه‌رێنییه‌ و هه‌ندێک ره‌خنه‌ و تێبینى سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستگیرکردنى هه‌ڕه‌مه‌کى خه‌ڵک له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌کان خراوه‌ته‌ روو".

رێکخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ حکومه‌تى هه‌رێم رایگه‌یاند :"له‌ هه‌رێمى کوردستان یاسایه‌ک هه‌یه‌ بۆ (رێکخستنى خۆپیشاندان) به‌ یاساى ژماره‌ (١١)ى ساڵى(2010) ناسراوه‌، ئه‌م یاسایه‌ شێواز و کات و ئامانجى خۆپیشاندان به‌ وردى دیارى ده‌کات و رێک ده‌خات به‌ هه‌مان شێوه‌ میدیاکانیش مافى رووماڵ کردنى خۆپیشاندان و رێپیوانى خه‌ڵکى هه‌یه‌، به‌پێى ئه‌م یاسایه‌ هه‌موو هاووڵاتیان و ئه‌وانه‌ى به‌شێوه‌یه‌کى یاسایى له‌ هه‌رێمدا نیشته‌جێن دواى به‌ده‌ستهێنانى ره‌زامه‌ندى و تێپه‌ڕبوونى ماوه‌ى یاسایى به‌پێى یاسا مۆڵه‌تیان پێدراوه‌ و ئازادى رێکخستنى خۆپیشاندانیان هه‌یه‌. به‌ڵام هه‌ڵگرتن یان له‌ خۆ به‌ستنى چه‌ک له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌ران به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک قه‌ده‌غه‌یه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه‌ى به‌شدارى له‌ خۆپیشاندانه‌که‌دا ده‌کات مۆڵه‌تى هه‌ڵگرتن یان به‌ستنیان هه‌بێت، له‌ هه‌مان کاتدا نابێ هیچ مادده‌یه‌کى ته‌قه‌مه‌نى یان ژه‌هراوى یان سووتێنه‌ر له‌ کاتى خۆپیشاندانه‌که‌ له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ هه‌ڵبگیرێت یان له‌ خۆ ببه‌سترێت".


د.دینداز زێبارى راشیگه‌یاند "له‌ کاتى ئه‌نجامدانى خۆپیشاندانى بێ مۆڵه‌ت ده‌زگا ئه‌منییه‌کان به‌پێى یاساى کارپێکراوه‌کان رێکارى یاسایى ده‌گرنه‌ به‌ر له‌وانه‌ش بڵاوه‌پێکردنى خۆپیشاندان به‌بێ زیان گه‌یاندن به‌ خۆپیشانده‌ران و رێکارى مه‌ده‌نى بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى هه‌موو لایه‌ک.

 

زانیارى زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ...